بەرگریی عەفرین.. وەرچەرخانی فیدراڵی

مەلا بەختیار 05/02/2018

لە(20/1/2018)وە، هێرشی توركیا، بەسەدان تانك‌و زیاتر لە (80) فڕۆكەی ناتۆ‌و هەزاران سەربازو جاشی بەشێكی بەرهەڵستكارانی سوریا، بۆ سەر شاری عەفرین، دەستیپێكردووە. قەبارەی هێزەكەو تەكنەلۆژیای جەنگین‌و قوربانییەكان بەراورد بكرێ‌، لەرووی ستراتیژی جەنگەوە، هەتائێستا دەركەوتووە، كە تاكتیكی بەرەنگاریەكە، بۆ سەرخستنی ستراتیژی پاراستنی عەفرین سەركەوتوو بووە. لەبەرامبەریشدا، سوپای توركیا، لایەنی كەمی ئامانجی عەسكەریەكانی (تائێستا) بەدینەهێناوە.
ئەگەر سەردەمەكە، تەكنەلۆژیای جەنگین، بەكارهێنانی زرێپۆش‌و تۆپ‌و موشەكی ئاراستەكراوی لیزەری، بۆ چۆنیەتی ئەنجامی بەرەنگاریەكەی عەفرین، لێكدانەوەی بابەتیی عەسكەری بۆ بكرێ‌، ئەو راستییە دەردەكەوێ‌، كە شەرڤانان (یەپەژە- هەسەدە) نەك هەر ئازان.. بەڵكو ئەگەر نەخشە عەسكەریەكانی توركیا شكستپێبهێنن، لە زانستی عەسكەریدا، هاوكێشەی نوێی بەرەنگاری دەخرێتە سەر تەواوی زانیاری‌و زانستی عەسكەری.. بەڵكو زانستی عەسكەری بەرەنگاری دەوڵەمەندیش دەكات!
دەمێنێتەوە رەهەندی سیاسی، بەرەنگاری عەفرین، كە پێمانوایە:
- شەڕی سەرێ كانی (2013) توانای هێزی عەسكەری رۆژئاوای سەلماند.
- بەرەنگاری لە كۆبانێ‌ (كە دوای 133 رۆژ لەبەرەنگاری لە 27/1/2015دا رزگار كرا)، شەرعیەتی سیاسی هێزی عەسكەری بۆ شەرڤانان، دەستەبەركرد.
- بەرەنگاریش لە (عەفرین) سەركەوتن بەدەستبهێنێ‌، دەستەبەری مافی فیدراڵی بۆ رۆژئاوا دابین دەكات.
ئێستا، نەك رۆژئاوا، بەڵكو چارەنوسی سوریاش، لەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریاو كۆبونەوەكانی ژنێف‌و ئەستانەو سوچی، بەشێكی پەیوەندی بە شەڕی بەرەنگاری (عەفرین)ەوە هەیە. زۆریشی نەماوە دەربكەوێ‌، نەتەوەی كورد لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەناو هاوكێشەكاندا، قەرەبوی پیلانەكانی مێژوو لەناوچەكەدا بكاتەوە.. لەسەردەمی جیهانگیریدا، كوردستان، دەبێتە بەشێكی كاریگەری گۆڕینی هاوكێشەكان‌و سیاسەتی ئیقلیمیش!