عەفرین، جەنگی ئیرادەی گەلێك

فەهمی بورهان 21/01/2018

ئەو جەنگەی توركیا بەناوی جەنگ دژی تیرۆر لە ڕۆژئاواو بەدیاریكراویش لە كانتۆنی عەفرین ڕایگەیاندوەو تەواوی تاوانا سەربازێكانی خۆی وەك پێنجەمین توانا سەربازی ناتۆ بۆی خستۆتە گەڕ، جەنگێكە بەهەموو ماناكان جەنگی تێكشكاندنی ئیرادەی خەڵكی كوردستانەو لە سەردەمی كرانەوەو بە بەرچاوی دونیاوە، دوور لەهەموو مۆڕاڵ و بەهایەك ئەنجامی ئەدات، ئەوەی كەمالستە ئەردۆگانێكان ئەنجامی ئەدەن، جێگای بڕێكی زۆر لە تێڕامان و وردبوونەوە نیە بەقەد ئەو بێدەنگیەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی و هاوپەیمانانی كورد لە بارەیەوە بێدەنگن، توركیا بەناوی جەنگی دژی تیرۆر، ئەیەوێت ئەزمونێك لەناوبەرێت كە بۆ زیاتر لە چوار ساڵە ناوەندی سەرەكی جەنگی دژی داعشەو بەشێكی گەورەی ئەو هاوپەیمانیەتیەی پێكئەهێنا كە هەریەكە لە ئەمریكا و ڕوسیا وەك دوو گەورە هێز بە شێوازی جیاواز پێكیان هێنابوو، لەلایەكیتر توركیا بەپێچەوانەی كۆی پرەنسیپە نێودەوڵەتێكان خاكی سوریای بڕیوەو وڵاتێكی تری كردۆتە مەیدانی جەنگ، ئەمەی كە توركیا ئەنجامی ئەدات بەشێكە لەو مۆڕاڵەی كە تورك وڵاتەكی خۆیانیان لە بیستەكانی سەدەی ڕابردۆوە لەسەر بیناكردوە، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامان و پرسیارێكی جدیە ئەو بێدەنگیە زۆرەی هاوپەیمانانە كە وەك ئەوەی پێویستە لەم بارەیەوە هیچیان لێ نابینرێت، كە بێگومان بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هەڵكردنی جۆرێكە لە گڵۆپی سەوز و لە قاندنی سەری رەزامەندیە بۆ توركیا، ئەگەرچی دڵنیاین ئیرادەی گەلەكەمان لە عەفرین تێك ناشكێت، بەڵام چاوەڕوانیش ئەكرا لەسەر ئاستی نێودەڵەتی لەلایەك و ئەم بەشەی باشوری كوردستان لەلایەكی تر هەڵوێست و بەشداری بەرچاویان هەبوایە وەك پشتیوانیەك بۆ ئەزمونە چەند ساڵێكەی عەفرین.