كۆنفرانسی "پلاتفۆڕمی دابڕان" و ژەهری ئیسلامییەكان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد 26/09/2016

لەوەتەی هێزە ئیسلامییەكان لەهەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە، بەقەدر ئەمڕۆ لێیان نەترساوم و سڵم لێنەكردوونەتەوە.. بەوردبوونەوە لەلۆژیك و مێنتاڵییەتەی لەدوای دووەمین كۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان لەكارەكتەری ئەو هێزە ئیسلامیانەی دەبینین. جگە لەترس و فۆبیایەكی گەورە، هیچیترمان پێنادات.
ئەوەی لەزمانی ئەندامانی ئەو هێزانەوە دەپژێت، هەموویان یەك ژەهرو یەك دەردی كوشندەیە. ئەوەی ئەمڕۆ وەك دژەكردارێكی هێزە ئیسلامییەكان لەبەرامبەر كۆنفرانسی "ئاین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هەمووان"دا دەیبینم، لەلایەك لەبازنەیەكی پڕ مەترسی و هاوكات مێژووییدا دەخولێتەوە كە تواناو ئاستی گفتوگۆی لاوازی ئەو هێزانەیە لەگەڵ زمانی مۆدێرنێتەو دیموكراسی و سەردەمدا. لەبەرامبەریشدا هەڵهاتنە لەبازنەی دیموكراسییەت و هەژموونی گڵۆباڵ و كرانەوەی عەقڵ و كۆمەڵگاو تاكەكان، بەئەندازەی ڕەخنەگرتن و شرۆڤەیەكی مەنتیقی و لۆژیكی بۆ بەها پیرۆزەكان.
لەبازنەی یەكەمدا ئەم هێزە ئیسلامیانە ناتوانن لەو مێژووە دووربكەونەوەو تێیپەڕێنن كە بەبۆچوونی ئەوان 1400 ساڵە ئامادەیەو لەسەرو ڕەخنەو هەموو شیكردنەوەیەكەوە هەژماری دەكەن. بەڵام بەدرێژایی ئەو مێژووەیش ئەم هێزە ئیسلامییانە دژی هەموو ئەو هێزو بیركردنەوانەبوون كە نزیكبونەتەوە لەهەر بەهاو بنەمایەكی ئیسلامی و بچوكترین دەروازەیان بۆ گفتوگۆی كراوەو تێگەیشتن نەهێشتووەتەوە، ئەمەش بەتەواوی پێچەوانەی بۆچونە بەناوبەنگەكەی "هۆبز"ی فەیلەسوفە "بەخشینی زمان بەموقەدەسات".
لەبەرامبەر ئەو بڕوایەدا كە كارەكتەری ئەو هێزە ئیسلامیانە بەچەكی تەشهیرو ناشیرینكردنی بەرامبەرەكانیان داكۆكی لەهەموو ئەو بەهایانە دەكەن كەبڕوایان پێیەتی. هاوكات ترسیان هەیە لەهەموو ئەو پەیام و ئەفرێنراوەی ئەمڕۆ مۆدێرنێتەو عەلمانییەت لەژێر ناوی دیموكراسی و كرانەوەو ڕۆشنبیریدا دەیدات بەگوێی هەموو پیاوانی هەڵگری ئەو جۆرە فیكرەداو بانگهێشتیان دەكات بۆ جیهانێكیتر كە ئەمڕۆ گەشتۆتە ئاستی گوندێكی بچووك.
كێشەی بكەرەكانی ئەو هێزە ئیسلامیانە نەك لەوەدانییە كە نایانەوێت هێزێكی دژە ئیسلامی! بێت و بڵێت ڕەخنەی جدیمان لەكاری ئیسلامیانەی ئەوان هەیە، بەڵكو ئەم كارەكتەرە ئیسلامیانە تەنانەت نایانەوێت هێزێك هەبێت بەناوی هێزی ڕەخنەو وتنی ئازادانەو بیری كراوەو عەقڵی ڕۆشنگەر. واتە ئەم هێزە ئیسلامیانە هێندەی هێزێكە دەیەوێت ئەویتر بسڕێتەوەو هەموو كارو چالاكییەكی ئەویتر لەكار بخات، هێندە هێزێكی كراوەنییە بتوانێت هێڵی تەریب لەنێوان خۆیی و ئەویتردا بكێشێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گوێیەك دەنگی ئەوانیتر ببیستێت و نەبوونی زمانێكیش حیوارو گفتوگۆی نێوان ئەم دوو جیهانەی ئیسلامییەت و عەلمانییەت دروست بكات.
ئەو شڵەژان و هێرشە چڕوپڕەی لەدوای دووەمین كۆنفرانسی پلاتفۆڕمی دابڕان هێزە ئیسلامییەكانی باشووری كوردستان بۆسەر كۆنفرانسەكەو بەشداربوانی كۆنفرانسەكە دەستیان پێكردووە، ئەوپەڕی بێتوانایی ئەم هێزانەمان پیشان دەدات كە خاوەن چی زمانێكی ژەهراوی و وشەی نامۆراڵین لەئاست هەر بیركردنەوەو گروپێكیتردا لەدەرەوەی ئەو بڕوایەی خۆیانەوە. ئەوەی لەماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەزمانی ئیمام و پێشەوایانی ئەو هێزە ئیسلامییەكانەوە بەرگوێمان كەوت، ئەو پەڕی پلەی ناوشیاری و مەترسی ئەو هێزانەیە بۆسەر ئازادی بیركردنەوەو دیموكراسی و مۆدێرنێتە.