ریفراندۆم‌و هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

نەوزادی موهەندیس 17/07/2017

لەو كاتەوەی بەڕێز مام جەلال وەك سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دووچاری نەخۆشی بۆتەوەو لەگۆڕەپانی سیاسی بەشێوەی كردارەكی دووركەوتۆتەوەو ئەو دووركەوتنەوەیەشی كاریگەری خراپی كردۆتە سەر تەواوی ژیانی سیاسی لە عیراق و كوردستان و ناوخۆی یەكێتیش و هەموانی دووچاری دۆخێكی ناجێگیری سیاسی كردۆتەوە بەشێوەیەك هیچ بەراوردێك ناكرێت لەنێوان سەردەمی هێز وتواناو چالاكی بەڕێزیان لەگەڵ ئەم پێنج ساڵەی رابووردودا كە ئامادەگیان نیە. دۆست و نەیارانی یەكێتی و بەڕێز مام جەلال-یش دان بەو راستیەدا دەنێن و هەموان بەحەسرەتەوە باسی رۆڵ و كاریگەری دەكەن و خوازیارن كە جارێكی دی بگەڕێتەوە سەر شانۆو گۆڕەپانی سیاسی بۆئەوەی دەرچەو دەروازەیەك بدۆزێتەوە بۆ تەواوی كێشەو ململانێ‌ سیاسیەكانی ناوعیراق و كوردستان و یەكێتیش و هەموانیش رزگار بكات لەم دۆخە قەتیسەی كە تەواوی جومگەو ئۆرگان و بڕیارە سیاسیەكانی وەستاندوە.
ئەو بابەتەی كە لەئێستادا زۆر گەرموگوڕ باس دەكرێت و جێگەی خواس و باسی هەموو مەجلیسەكانە بریتیە لە پڕۆسەی ریفراندۆم، كەوا بڕیارە لە 25ی ئەیلولی ساڵی 2017 چێ‌ بكرێت، پێش هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم لە 6/11/2017دا.
بەداخەوە بابەتی ریفراندۆم كراوەتە كاڵایەكی هەرزانفرۆش و هەر حزب و سەركردەیەك بە ئارەزوو و بەرژەوەندی خۆی لێكیدەداتەوە و هەوڵی بۆ دەدات، نەك لە پێناو بەرژەوەندی بەرزی گەل و خاكی كوردستان و لەپێناو وەدەستهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی یەكجارەكیدا.
ریفراندۆم لە بابەتێكی تەواو یاسایی و سیاسیەوە كراوەتە مەسەلەیەكی تەواو سیاسی و هەرلایەنە گەرەكێتی بیكاتە دەسكەوتی خۆی و بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی و كۆكردنەوەی زۆرینەی دەنگەكانی هەڵبژاردن بەكاریبێنێت، بەبێ‌ حسابكردنێكی وردو خوێندنەوەیەكی بەدیقەت و دوورمەودا بۆ لێكەوتە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازیەكانی ئایندەی ئەم بڕیارە، ئەم پڕۆسەیە هێندە گرنگ و مەترسیدارە كە تەنانەت بیرلێكردنەوەشی دەبێت چەندین جار حساباتی بۆ بكرێت و كارئاسانی و زەمینە سازی تەواوی بۆبكرێت لەناوخۆ و عیراق و دەرودراوسێو دونیاشدا، چونكە سەربەخۆبونی ئەم بەشەی كوردستان لەم ناوچە گرنگ و هەستیارەی رۆژهەڵاتی ناویندا كارێكی نزیك لە مەحاڵەو زۆر ساناو خۆش دەست نیە، بەڵكو زۆر كاریگەری گەورەو گرنگ بەباش یان خراپ دەخاتە سەر تەواوی بەرژەوەندیەكانی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش. بۆیە گەرەكە هەموان لەكوردستاندا بە سەركردەو حزب و جەماوەرەوە بە عەقڵانیترو ووردتر بۆ ئەم بڕیارە بچن و هەڵسەنگاندنی واقعیانەی بۆ بكەن.ئاشكرایە كە مەسەلەی سەربەخۆیی خەونی تاك بەتاكی میلەتەكەمانە لەسەر ئاستی نەتەوەو نیشتیمان، بۆیە ئەركی هەموانیشە خەباتی لێبڕاوانەی بۆ بكەن و هیچ كەسیش هەوڵ نەدات تاك لایەنە ئەو كارە گرنگە بەتەنها بكات و بەدڵنیاییش هیچ سەركردەو حزبێك ناتوانێت بەتەنها ئەو كارە بكات، چونكە پێویستی بەتەواوی رای شەقام و هاوڵاتیانی میللەتەكەمان هەیە.
لەبەرئەوەی ریفراندۆم كارێكی یاساییەو پێویستی بە بڕیارو یاسای پەڕلەمانی كوردستان هەیەو هەروا پێویستی بەكۆدەنگیەكی نیشتیمانی و سیاسی و میللی هەیە و پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی و یەك و یەكگرتووی و رێكخستنی نێوماڵی كورد هەیە لەپێش ئەوەی رووبكەینە دەرەوەی هەرێم.پێویستیشی بە سازان و نەرمی نواندنی هەموان هەیە و گەرەكە ناكۆكی و ململانێ‌ سیاسیەكان وەلا بنرێن و ریفراندۆم بكرێتە هۆكاری لێكنزیكبونەوەو ئاشتبونەوەو ئاشتەوای سەرتاسەری نەك بكرێتە هۆكار بۆ زیاتر دوورخستنەوە و لێكدووركەوتنەوە كە بەداخەوە لە ئێستادا ئەو كارە بەڕوونی دیارە.
ئەو پرسیارەی كە زۆر بەجدی دەكرێت، ئەوەیە ئەرێ‌ هەڵوێستی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەربارەی ریفراندۆم چیە؟ لەگەڵێتی ؟یان دژێتی؟ ئایا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هەوڵی جدی دەدات بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە یان تەنها وەك دروشمی قۆناغەكە لەگەلێدایە؟ ئایا یەكێتی نیشتیمانی پێشەنگ و رابەری دروشمی مافی چارەنوسە یان دواكەوتەی لایەن و سەركردەكانی ترە؟
وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە زۆر بەڕوون و راشكاوانە بریتیە لەوەی كە یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لەساڵی 1975ەوە بڕوای تەواوی بە مافی چارەنوسی گەلەكەمان هەبوەو خەباتی جدیشی بۆكردەوەو ئەوەی یەكێتی لە شۆڕشی ئەیلول جیادەكاتەوە بریتیە لەوەی كە دروشمی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی وەلا ناوەو لەجیاتی ئەوە دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی بەرزكردۆتەوە،هەر لەساڵی 1982-1983ەو دواتریش لەساڵی 1988 دوای دامەزراندنی بەرەی كوردستانی و لەیەكەم كۆنگرەی گشتی خۆشیدا لەساڵی 1991دا كردیە دروشمی مەركەزی خۆی و لە یەكەم خولی پارلەمانی كوردستانیشدا لە 4/10/1992دا هەر بەتەبەنی یەكێتی دروشمی فیدڕاڵی سەپێنراو چەسپێنراو دواتریش لەساڵی 2003 ەو رزگاركردنی عیراقدا هەر بەهێز و پێداگیری یەكێتی فیدڕاڵیەت لە عیراقدا سەپێنراو لەدەستوری هەمیشەیشدا دانیپیادا نرا.
هەربۆیە یەكێتی هەموو كات بەجدی و بە سیاسەتێكی ستراتیژی خۆی زانیوە كە خەبات بكات بۆ سەربەخۆیی و مافی چارەنوس و هەرگیز وەك دروشمی بێناوەڕۆك و بۆ مەبەستی تەسكی حزبایەتی بەرزی نەكردۆتەوە، هەربۆیە لە ئێستاشدا بەجدی بەشداری هەموو كۆبونەوەكانی ریفراندۆم دەكات و پێداگیریش دەكات لەسەرخستنیدا،بەڵام بە میكانیزمێكی گونجاو و بەكۆدەنگی هەموان و بەمەرجی كاراكردنەوەی بێ مەرجی پارلەمان و بەیاساییكردنی پڕۆسەكەو لەگەڵیشیدا پێداگیری دەكات لەسەر باشتركردنی دۆخی گوزەران و ئابوری هاوڵاتیان و چێكردنی ریفراندۆمیش لەناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستاندا،و دەشبێت ئەم ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی بێت نەك وەك كارتی فشار بۆ مساوەمەكردن بێت بەڕووی هیچ وڵاتێكی دراوسێدا.كە ئەم هەڵوێستەشی لە نەخشەڕێگای خۆیدا لەمانگی 4/2017 و لە هەموو كۆبونەوەكانی تایبەت بە ریفراندۆم و لەگەڵ هەموو حزبە سیاسیەكاندا دووپاتكردۆتەوەو دواهەمین هەڵویستی رەسمی سەركردایەتی یەكێتیش لە بەلاغی كۆتایی كۆبونەوەی 18/6/2017 ی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا بەڕوونی راگەیاندوە كە بەكۆی دەنگی سەركردایەتی لەگەڵ ریفراندۆمدان، بەڵام بەو مەرج و میكانزیمەی كە داوای كردوەو هەر لە رۆژی 13/7/2017شدا لە كۆبونەوەی مەكتەب سیاسیشدا هەمان بڕیارو هەڵوێستی دووپاتكردۆتەوە.
ئیدی بەم شێوەیە هیچ لێڵی و دوودڵی و راڕاییەك نامێنێتەوە لەسەر هەڵوێست و بڕیار و بۆچونی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەربارەی ریراندۆم.
یەكێتیش وەكو هێزێكی سیاسی و جەماوەری و سەربازی و ئابوری گەورە و كاریگەر هیچ كات لە ئەرك و لێپرسراوێتی خۆی و مێژووی خەباتی خۆی هەڵنایەت و خۆی ناشارێتەوەو هیچ كاتیش لە رەخنەی دژەكانیش نەسڵەمیوەتەوەو خاوەن بڕیارو سیاسەت و پلان و نەخشە رێگای سەربەخۆی خۆیەتی، هەربۆیەش هەموان هەموو ئومێدو نیازو خواسێكیان بە یەكێتیی نیشتیمانی كوردستانەوە هەڵواسیوەو بەئومێدەوە چاوەڕوانی بڕیارو هەڵوێستەكانی دەكەن، چونكە زۆر باش دەزانن بەبێ‌ یەكێتی هیچ كار و پڕۆژە و پلانێك سەركەوتوو نابێت،هەربۆیەش یەكێتیش ناچێتە ژێر باری هیچ بڕیارێكی تاك لایەنەو سەرپێیانەو سەركێشیانە كە ئەنجامەكەی سەد دەر سەد دڵنیایی تیانەبێت بۆ سەركەوتن. كە بڕیاریشدا ئامادەیە بۆ هەموو قورباینیەك لەپێناو ئایندەیەكی گەشدا بۆ كوردو كوردستان.