راپرسی،لە زەمینەیەکی ناسازاودا!

فەهمی بورهان 28/06/2017

بڕیاری راپرسی (ریفراندۆم)لە کاتێکدایە کە ،کێشەکانی هەرێم بە کراوەیی ماونەتەوە و بەرەو پێش چونی کەم بەدی ئەکرێت،لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا،قەد بەئەندازەی ئێستا کێشەی کۆمەڵایەتی و ئاشتەواییمان لە بەردەم هەڕەشەی جدیدا نەبوە، بە گوێرەی دوایەمن ئامار  زیاد لە١٤% هاوڵاتیان بێکارن ئەوەی موچەیەکیشی هەیە دۆخی خەراپە،دیاردەکانی دزی و هەڵکوتانە سەرماڵان و کوشتن بە بیانووی جۆراو جۆرەوە ڕوویان لە زیادبوون کردوە، ،هێزی پێشمەرگەو ئاسایش دووبەشە ،نوێنەرانی گەل دووساڵە لە پشودان، لەسەر ئاستی سیاسی هەر پێنچ هێزەکەی کوردستان ئەوەندەی سیاسەت لە سەربنەمای کار و کاردانەوە بینا ئەکەن ، زۆر کەمتر لەوە وردبینی و ستراتیژێکی ڕون بەدی ئەکرێت،کە بشێت ڕوانینمان بۆ داهاتووی کوردستان رونبکات و هەست بکرێت ئەوەی لە بارەی داهاتۆوە بڕیاری لە سەروەرگیراوە،دوای دراسەو شیکاری وردبوە بە جۆرێک گۆڕانکارێکانی ناوخۆ و ناوچەکەی تێدا شەن و کەو کرابێت.
لسەر ئاستی دەرەکیش کە بۆ پرسی دەوڵەت بوون ناکرێت وەک فاکتەرێکی بنچینەی تەماشانەکرێت، جیاواز لەوەی لە هەندێ کەناڵی لۆکاڵێوەو گوێمان لێی ئەبێت،هیچ ناوەند و دەوڵاتێک لە سەرئاستی هەرێمایەتی و گڵۆباڵ، تەنانەت بێ لایەنیشیان دەرهەق بە هەرێمەکەمان هەڵنەبژاردوە بە ئەندازەی ئەوەی دژبوون،هەر زوش نەتەوەیەک گرتۆکان ڕایان گەیاند چاودێری ئەم پڕۆسەیە ناکەن ،کە ئەمەش جارێکی تر پرسیاری جدی لە سەر لاوازی سلکی دیبلۆماسی هەرێم دروست ئەکات .
بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە و باس ئەکرێت بۆ دروست بوونی دەوڵەتی کوردی تەواو پێچەوانەی ئەو تێز و فکر و فەلسەفانەن کە لەمێژوودا ئێمە پێ پەروەردە ئەکراین، یان لانی کەم دوورە لەو تێزانەی لە کتێب و خوێندگاکاندا خوێندومانە یان خوێندومانەتەوە،راپرسیەک بۆ دەوڵەت بوون لە ئەوها دۆخێکدا ئەنجامبدرێت بە ئایندەی گەش بین نابین،گرنگ ئەوەیە زیاتر لەوەی هەیە دۆخی ناوخۆ تێک نەدرێت و ئەگەر گروپێک یان لایەنێک جیاواز لە بۆچونی فەرمی هەرێم لەم بارەیەوە بیری کردەوە وەک خائین و دژە کورد وێنانەکرێت و بە هۆیەوە ئەڵقەی جیاوازێکانمان فراوانتر نەکرێت،چونکە قورسە تاکێکی کوردی هەبێت لە ناخو بیروباوەڕیدا دەوڵەتێکی کوردی بوونی نەبێت،هەروەک چۆن نابێتە مەرج بۆ هەرکەسێک بێ چەندوو چون و لێکدانەوەی بابەتی بۆ کۆی ڕوداوەکان و نەبوونی هیچ سەرنج و رەخنەیەکی بابەتی لەگەڵ ڕیفراندۆمدابێت و کورد پەروەرێکی عەیارە ٢٤ بێت،دواجار هەموومان لە بازنەی کوردبوندا ئەخولێنەوەو یەک قەدەر و چارەنوس لە بەردەماندایە، باشتر وایە پێش هەر ڕوداوێک جیاوازێکانمان دوری نێوانمان زیاتر نەکات.