مۆرانەكەی مەلا بەختیار !

نەشوان ئەحمەد سەعید 19/06/2017

زۆر دەمێكە، بە بۆنەو بێ بۆنە، لە پاڵ ئەم‌و ئەو، هەندێك بە ناو كادر پەلاماری رەمزەكانی یەكێتی دەدەن، ئەوانەی كە هەموو تەمەنی گەنجی‌و جوانی خۆیان بۆ یەكێتی‌و شۆرش كردە قوربانی، بەڵام ئێمە هەر بێ دەنگ بوین‌و هەر لەسەر دڵی خۆمان كۆمان كردەوەو كاتێكیش رووبەڕوو لەگەڵ مەلا بەختیار دادەنیشتین‌و پێمان دەوت؛ فڵان واو فیسار وا، ئەو وەك هەموو جار پێی دەوتین؛ پشووتان درێژ بێت، ئەمە ژیانی سیاسەت‌و حزبایەتییە لەگەڵی بڕۆن، مێژوو راستییەكانتان بۆ دەردەخات.
وەلێ ئێستا، ئیتر كاتی پشوو درێژی‌و سەبر بەسەرچوو، كاتیەتی ئێمەش بێینە گۆو لەپای ئەو دەستگیرۆیی‌و رێزو تەقدیرەی مەلا بەختیار بۆ ئێمەی گەنج هەیەتی، قسەی خۆمان بكەین بەوانەی كە دڵۆپێك ئارەقییان بۆ یەكێتی نەڕشتووە بڵێین: ستۆپ!.
ئەگەر پێشتر بەردتان تێگرتبین‌و ئێمە بە گوڵ وەڵاممان دابێتنەوە، ئەوا لەمەودوا یەك وشەی بەرزو نزم، یەك تۆمەت ببەخشرێتەوە،  ئێمەش دەیان وشەی زبرو سەدان قسەی نەشیاو ئاراستە دەكەینەوە.
كات بەسەرچوو ئێمە تەنها بینەر بین، ئێوەش رمە ژەنگاوییەكانتان لەسەر دڵی ئێمە بدەن‌و شەو و رۆژ بە ژانی بێدەنگی بمانكوژن.
با بۆ هەمووانیش باشتر روون بێتەوەو تێبگەن لەوەی ئەوە  كێن  ئەوانەی ئەیانەوێت وەك مۆرانە لەسەر خوێنی شەهیدان‌و كادرانی بەش مەینەتی یەكێتی بگەنە ترۆپك‌و ئەوەی لایەقیان نییە بە چەقەنەیەك دەستیان بكەوێت.
بەڵێ، مەلا بەختیار مەشخەڵی شۆڕشە بۆ ئەوانەی كە ئەیانەوێت یەكێتی هەرزان فرۆش بكەن‌و  بیكەنە پاشكۆو لە حزبێكی گەورەوە  بیكەنە حزبێكی لۆكاڵی‌و لە سنوری سلێمانی قەتیسی بكەن.
بەڵێ، هەمیشە چەخماخەی شۆڕشە بۆ گیانی ئەو بە ناو لێپرسراو و كادرانەی  دەیانەوێت لە پەنای ئەم كاك‌و ئەو كاك خۆیان گەورە بكەن‌و بە پارەو سەروەتی یەكێتی ناو و ناوبانگ بۆخۆیان پەیدا بكەن.
بۆیە ئەوە مەلا بەختیارە رێگە بە قۆرخكاری‌و بردنە دەرەوەی نهێنییەكانی حزب  نادات‌و رێگەش نادات هەندێك بە ناو كادر لە بەشی كادرە بەش مەینەتەكان بخۆن‌و وەك مۆرانە لەسەرە جەستەی یەكێتی خۆیانی پێ گەورە  بكەن.

پارتییەكانی ناو یەكێتی!
لە هەڤاڵی یەكێتییەوە، ئەم تۆمەتە بۆ یەكێتییەكان‌و سەركردەی یەكێتی، بە ئازارە. بە ئازارە چونكە لە هەناوی تەكەتول‌و بەرژەوەندی كەسی‌و خۆدەرخستن سەری دەرهێناوە! بەڵام سەرەڕا ئێمە هەر سەربرمان گرت‌و هەر گوێمان نەدایە، چونكە ئێمە بایی ئەوەندە لە سیاسەت تێگەیشتووین كە بزانین قازانج‌و زیانی میللەت لە چیدایەو چاكیش ئەزانین كە یەكێتی چۆن بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی هەمیشە قوربانی بە خۆی داوە بۆ ئەوەی هەم گەل سەركەوێت‌و هەم ژیانی سیاسی بەردەوام بێت‌و   بەم دەردەی ئێستا نەچێت كە پارتی‌و گۆڕان لە یەك چوون بە گژ قوللەی قافاو ئامادەنین بۆ یەك چركەش سازش بۆ یەك بكەن‌و میللەت لەم نەهامەتی گێژاوەش رزگار بكەن.
ئەرێ گەلۆ، سیاسەت لە كوێی ئەم جیهانە بە عاتیفەو بزواندنی هەستی شەقام‌و كادر كراوە؟..
بیرتان چوو (مام) بە خۆی‌و یەك ئۆتۆمبیلەوە چووە سەری ڕەش كۆتایی بە مەینەتی‌و ماڵوێرانی‌و شەڕی دەیان ساڵەی خۆ بەخۆی كورد هێناو   رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی ئیمزا كرد، ئەرێ پاڵەوانەكانی فەیسبووك‌و كادرە رۆبۆتەكان، ئەو كات لە كوێ بوون؟.. بۆ هێندە بوێر نەبوون‌و قەڵەمەكانتان هەڵبگرن بە (مام) بڵێن بویت بە پارتی؟!
تۆ بڵێی سیاسیەكانی ئەمڕۆو كادرەكانی فەیسبووكمان لەم (مام) دانا تربن بۆ سیاسەت كردن؟.
ئەی ئێستا چی دەڵێن، فەرموون؛ هەواڵی كۆبوونەوەی (دوێنێ 18 ی حوزەیرانی 2017) ی  ئەنجومەنی سەركردایەتیتان بینی، چۆن بڕیاردرا كە سەرچاوەی بڕیارەكان مەلا بەختیار داینەمۆی بووە.
 
دابڕان‌و مەلا بەختیار
لە یەكەم كۆنفرانسی دابڕانەوە، كە من بەم تەمەنە كەمەمەوە شەرەفی بەشداریكردنم تێیدا پێ بڕاو،  شانازیشی پێوە ئەكەم. بەڵام هەر لەو كاتەوە تائێستاش زۆر گوێم لە دەنگی نەشازو ئەوانەش دەبێت كە لەسەر (تكی نانخواردن)یش شەڕیان بوو، كە گوایە دابڕان حزبەو ئەمە تاكتیكی مەلا بەختیارە بۆ لێدانی لە یەكێتی‌و توڕەكردنی خەڵكی.
هەموو ئەوانەی كە لەبارەی دابڕانەوە دەنوسن‌و كاوێژ دەكەن، بێ خەبەرن لەوەی كە مەلا بەختیار نەك هەر خاوەنی دابڕان نییە، بەڵكو ئەوە كارەكتەرەكانی دابڕانن كە مەلا بەختیاریان  كردووە بە وەسیلە.
لە هەمانكاتیشدا، زۆر خەیاڵ پڵاون، هێشتا ماوتانە لەمانە جوانەكانی دابڕان‌و دیموكراسی بگەن، چونكە ئەوە  پارتی‌و یەكێتی نین كە پارە بۆ دابڕان سەرەف دەكەن، بەڵكو ئەوە دەوڵەمەندو كۆمپانیاكانی ئەم هەرێمەن كە دەستیان بە كۆنفرانسەكانی دابڕانەوەیە، چونكە ئەوان باش دەزانن هەتا دیموكراسی گەشە بكات‌و كۆمەڵ هۆشیار بێت، ئەوانیش لە ژینگەیەكی تەواو هێمن گەشە بە كاری خۆیان دەدەن.

لە كۆتایی داو، بە یەقینێكی زۆرەوە؛ بەڵێ، مەلا بەختیار مۆرانەی سەر دڵی هەموو ئەوانەیان كە لە خەویشیاندا دەیانەوێت یەكێتی‌و بچوك بكەنەوەو بیكەنە برا بەشی شكستەكانی ئەم حزب‌و ئەو حزب، مۆرانەیە بۆ هەموو ئەو كادرە مشەخۆرانەی كە دەیانەوێت لە پەنای ئەم‌و ئەو ناو و ناوبانگ بۆخۆیان پەیدا بكەن‌و بەشی هەموو ئەوانی تریش بخۆن.
ماویشەتەوە بڵێین: نوكی قەڵەمە كولەكانتان رووەو ئێمە وەرمەگێڕن، چونكە دەست بدەینە قەڵەم‌و بێینە گۆ، ئەو كات كەس داتان نادات‌و لە زەلكاوەكانی مێژوودا دەنێژرێن.