شنگال لەبەردەم بەرداشی توركیا و ئێراندا

ڕاپۆرت 28/02/2021

ئامادەكردنی: رەمەزان شێخانی
تادێت شەڕی راگەیاندنی نێوان توركیا و ئێران گەرمتر دەبێت بەتایبەت لەگەڵ نزیكبونەوەی شەڕی چاوەڕوانكراوی شنگال، كە كەیسێكە هەردوو وڵات ناكۆكن لەسەری.


یەڵدز و مەسجدی چی دەڵێن؟

ئێرج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لەعیراق دەڵێت: ئێران رێگە نادات بەبونی هێزی بیانی لەسەرخاكی عیراق و دەستوەردانی سەربازی لە عیراق رەتدەكەنەوە، جەختیش دەكاتەوە نابێت بەهیچ شێوەیەك لەشێوەكان هێزەكانی توركیا ببنە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەرخاكی عیراق و نابێت خاكی عیراق داگیربكات.
وتیشی پێویستە هێزەكانی توركیا بكشینەوە بۆ هێڵی سنوری وڵاتەكەی خۆیان و هێزە عیراقیەكان خۆیان سەقامگیری وڵاتەكەی خۆیان بپارێزن.
لەبەرامبەردا فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لەعیراق رایگەیاند: پێم وایە باڵیۆزی ئێران دواین كەسە كە بتوانێت ئامۆژگاری توركیا بكات بۆ رێزگرتن لەسنوری عیراق. 
لەوەڵامی ئەو شەڕە لێدوانەی نێوان توركیا و ئێران محەمەد حەلبوسی نوسیویەتی تا ئێستاش كازمی نوستوە و دەڵێت نوێنەری نێردە دیبلۆماسیەكان لەعیراق ئەركیان نوێنەرایەتی وڵاتەكەیان و بەهێزتركردنی هاریكاری نێوان هەردوو وڵاتە. 
دەڵێت پێویستە نوێنەری نێردە دیبلۆماسیەكان لە عیراق ئەركەكانی خۆیان بەباشی بزانن و دەستوەرنەدەنە كاروبارێك كە پەیوەندی بەوانەوە نیە و رێز لەسەروەری عیراق بگرن تا بەهەمان شێوە عیراق مامەڵەیان لەتەكدا بكات.

رێككەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر شنگال
لە 9ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق بڵاویانكردەوە كە هەردوولا رێكەوتون سەبارەت بە ئیدارەدانی شەنگال كە هەردوولا رێككەوتنەكەیان بە مێژوویی وەسفكرد.
ئاشكرایان كرد رێككەوتنەكەی نێوان هەردوولا رێگە خۆش دەكات بۆ گەرانەوەی ئاوارەكان و نەهێشتنی دیاردە نامۆكان و رێگە خۆشكەریش دەبێت بۆ زیاتر ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا.
گرنگترین خاڵەكانی ئەو رێككەوتنە كە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم چەكدارانی پەكەكەو هێزەكانی حەشدی شەعبی بەوە تۆمەتباردەكات كە رێگرن لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە خاڵەكانی بریتین لە 
-دانانی ئیدارەیەكی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا 
-ئەركی پاراستنی باری ئەمنی بكەوێتە دەست هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا
-خاڵی سێیەمی رێككەوتنەكە بریتیە لە ئاوەدانكردنەوەی شارەكەو پێشكەش كردنی خزمەتگوزای بەدانیشتوانی ناوچەكە بەهەماهەنگی نێوان هەردوولا.
سەبارەت بە رێككەوتنەكەی نێوان هەولێر و بەغدا "جینین بلاسخارت نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لەعێراق، بڵاویكردەوە سەرەتایەكی راستە بۆ گیرانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان.
لە 21ی مانگی تشرینی دووەمی رابردوو حكومەتی عیراق بڵاویكردەوە دەستیان كردوە بەجێبەجێكردنی رێككەوتننامەكەو هێزی پۆلیسی ئیتیحادی لە شەنگال جێگیركراون.

هێرشە چاوەڕوانكراوەكەی توركیا بۆ سەر شنگال
رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا لە 22ی مانگی كانونی دووەمی رابردوو  رایگەیاند، شەوێك هێزەكانمان هێرش دەكەنە سەرچەكدارانی پەكەكە لە شەنگال و بنكەی سەربازی لەو ناوچەیە دادەمەزرێنن بەمەبەستی دەركردنی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچەكەدا.
لەچەند رۆژی رابردوشدا، هادی عامری سەرۆكی فراكسیۆنی "الفتح" رایگەیاند: زانیاری تەواومان لەبەردەستدایە سوپای توركیا بەنیازە هێرش بەكاتە سەر چیایی شەنگال لە پارێزگای نەینەوا هاوكات هەردوو بزوتنەوەی "عەسائیب ئەهل الحق " و" نوجبا" ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ رووبەروبونەوەی هەر رەفتارێكی شەرانگێزی هێزەكانی توركیا كە چەند بارەگایەكیان لەهەرێمی كوردستان دامەزراندوە
ئەو دوو گروپە چەكداریە بڵاویانكردوەتەوە  زانیاریان هەیە كە سوپای توركیا پلانی داناوە بۆ داگیركردنی چیای شەنگال.
پاش لێدوانەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هێرشكردنە سەر شەنگال هێزەكانی حەشدی شەعبی چەندین لیوای سەربازییان لە شەنگال بڵاوەپێكرد بەمەبەستی رووبەروبونەوەی هەر پەلاماریەكی سەربازی سوپای توركیا.
چەند سەرچاوەیەكی راگەیاندنی توركیا بڵاویانكردوەتەوە توركیا نەخشە دارشتوە بۆ پەلاماردانی شەنگال و دامەزرندنی بنكەی سەربازی لەو ناوچەیە هاوشێوەی بنكە سەربازیەكانی توركیا لە باشیك. 
هەندێ چاودێری سیاسیش، پرسیاری ئەوە دەكەن، هێرشكردنە سەر شنگال، نابێتە هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان توركیا و ئێران؟ چونكە ئەوەی رونە لە ئێستا گروپە چەكدارە شیعەكانی سەر بە ئێران لەنێو شنگالدان و لەئەگەری هێرشەكەی توركیا، شەڕ لەنێوان حەشدی شەعبی و توركیا رودەدات، ئەمەش مانای هەڵگیرسانی شەڕی راستەوخۆی نێوان ئێران و توركیا دەگەنێت.