قوباد تاڵەبانی: ئێستا ئامادەییەکی باشتر هەیە بۆ رێککەوتنی بەغداد و هەرێم
ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/2/24 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆكی شاندی دانوستاندكار، دوا پێشھات و رێڕەوی گفتوگۆكان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پرسی بودجە و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021، خستەڕوو. جەختی لەوەش كردەوە كە بەردەوامن لە دانوستاندنەكان و ئێستا ئامادەییەکی باشتر ھەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەم بابەتە.
ئینجا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان تیشکیان خستە سەر دوایین ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 و ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆربەی داتاکانی وەزارەتەکان ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بودجەیەکی شەفاف و واقیعی ئامادە بکرێت.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پلاندانان، رەشنووسی پڕۆژە پەیڕەوی هاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو. دوای گفتوکۆ و راگۆڕینەوە، پەیڕەوەکە پەسەند کرا.
بڕگەی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە پەسەندکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کە لە لایەن کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا خرایە روو.
لە دوا تەوەری کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی سەبارەت بە ڤایرۆسی گۆڕاوی کۆڕۆنا و پلانی وەزارەتەکەی دەربارەی رێکارە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەم جۆرە گۆڕاوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو .
دواتر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە، دڵنیایی دا لەسەر بەردەوامبوونی خوێندن بە مەرجی رەچاوکردنی رێکارە تەندروستیەکان لە پێناو پاراستنی سەلامەتی و ژیانی قوتابیان و خوێندکاران و مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن.
ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای سوپاسکردنی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە، لە هەمانکاتدا وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی راسپارد کە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان لە بەرچاو بگرن، داواشی لە هاووڵاتیان کرد کە هاوکاری جێبەجێکردنی پلان و رێکارەکانی حکوومەتی هەرێم بن بۆ بەرگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوەی کۆرۆنا.