حکومەتی هەرێم بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ئاشکرا دەکات

کوردستان 23/02/2021

ئەمڕۆ سێشەممە 2021/2/23 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکی حکوومەت بەشدار بوو، گفتوگۆ دەربارەی کێشە و گرفتە کارگێڕی و داراییەکانی پارێزگاکان و پلانی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵی 2021 کرا.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە ئەرکێکی لە پێشینەی حکوومەتە، گوتیشی لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە دراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمانکاتدا و بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن لە سێکتەرەکانی (شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و رێگاوبان) بۆ ساڵی 2021 پەسەند کران کە بە داهاتی بەردەستی حکوومەتی هەرێم ئەنجام دەدرێت و کۆی گشتی کوژمەکە، سێسەد و چل و نۆ ملیار و حەوتسەد و دوو ملیۆن دینارە.
بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە:
• پارێزگای سلێمانی:
114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.
• پارێزگای هەڵەبجە:
30,000,000,000 سی ملیار دینار.
• پارێزگای هەولێر:
128.352.000.000 سەد و بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.
• پارێزگای دهۆک:
77,000,000,000 حەفتا و حەوت ملیار دینار.
کۆی گشتی: 349,702,000,000 سێسەد و چل نۆ ملیار و حەوتسەد و دوو ملیۆن دینار.