مەلا بەختیار: هەمیشە دوژمنان پیلانگێڕییەكانیان دژی كورد، لەكەركوك جێبەجێ دەكەن
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، پێشوازی لە ژمارەیەك لە مامۆستایان و لاوانی كەركوكدەكات و رایدەگەیەنێت: كەركوكییە ئازیزەكان..! هەر هەلێكیش بێتە پێشەوە، دۆخەكە دەگۆڕدرێ و دڵنیاشبن ئەو خوێنەی بەخشیومانە، مۆری خەبات و رەنگی سووری ئاڵامانە.
لەوتەیەكیشدا لەچوارچێوەی دیدارەكەیدا، كە ئێوارەی(22/2/2021) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە كەركوكییەكان ژمارەیەكی زۆر قارەمانی گەورەی هەیە، كە ئازاد هەورامی و سیروان تاڵەبانی لەو جوامێرانەن و وتی: كاروانی شەھیدانی كەركوك،كاروانێكی نەپساوەو بەردەوامە. هەر شارێكی گەورەو هەر دەڤەرێك، كە كاروانی شەهیدەكانی بەردەوام بوو لە بەخشین، ئەوە مانای وایە كەجەوهەری پرسەكەیە.. بێ جیاوازیش، شەهیدەكان تاجی سەر بەرزیمانن. بەڵام كە شەهید بەخشین بوو بەكارێكی بەردەوام، ئەوە مانای ئەوەیە كە جەوهەری قەزیەكە لەوێیە بۆیە خەڵكەكەی ئامادەیە قوربانی بۆ بدات..
وتیشی: كەركوك سەبارەت بە مێژووی ئێمە، مێژوویەكە بە بەردەوامی مەیدانی قوربانی بووە. لە پێش راپەڕینەكانی شێخ مەحمود، كەمتر لەشۆڕشی نوێ و شۆڕشی ئەیلول و لەراپەڕینی شێخ مەحمود، خەڵكی كەركوك و ناوچەكانی كوردستان، قوربانیان نەداوە. هەر لەمیرنشینی بابانەوە بۆ سۆران و ئەردەڵان. واتا بە بەردەوامی قوربانیمان بەخشیوە..
بەڵام كاروانی شەهیدەكانی شۆڕشی نوێ، جەوهەرێكی تر، جوانییەكی ترو شكۆیەكی تریان بەمێژوومان بەخشیوە! ئەو شكۆیەش، شكۆی بەردەوامی خەباتە.. كە بەردەوام قوربانی لێدەكەوێتەوە.. بەردەوامی قوربانیش، هاندەری بەردەوامی خەبات دەبێت، بەردەوامی خەباتیش، هەمیشە خوێنی دەوێت و خوێنی هەمیشەیش، واتا خەباتی هەمیشەیی. ئەمەش هەتا ئەوكاتەی دەگەینە دوا ئامانجەكانمان..
رونیشكردەوە، هەروەك چۆن بەرپاكردنی شۆڕش لێپرسراوێتییە، بەردەوامی شۆڕش، بەرگەگرتنی كارەساتەكان، گۆڕانكاری لەناو شۆڕش، دوای سەركەوتنیش جێبەجێكردنی ئەركەكان، هەموو ئەمانە لێپرسراوێتی بەردەوامن! چونكە دوای سەركەوتن، وەكو سەرەتای شۆڕش، چاوەڕوانی خەڵك بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنەكان و دروشمەكان دەستپێدەكات..
بەتەئكیدكردنەوەش لەگرنگی و بایەخی كەركوك بۆ كوردستان، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كە:
كاتێك لەڕاپەڕینی (1991) كەركوك دەشكێت و لەلایەن بەعسەوە دەگیرێتەوە، هەموو باشور دەشكێت و كۆچ و كۆڕەوی گەورە لە كوردستان رودەدات! ئەمەش واتا: كە كەركوك دەشكێت، هەموو نەتەوەی كورد لەباشوری كوردستان دەشكێتو بەپێچەوانەشەوە، كاتێك كەركوك رزگاردەكرێت، دوا كورد لەهەر جێگەیەكی دونیایە، شانازی دەكات بگەڕێتەوە بۆ باشوری كوردستان! كەواتە كەركوك پێوەرە، بەڵكو شادەماری كوردستانە، هەر بۆیەشە دوژمنان هەموو پیلانگێڕییەكانیان دژی كورد، لەكەركوك جێبەجێ دەكەن.. بۆیە ئێوە شانازی بكەن خەڵكی كەركوكن، شانازی بكەن دوژمنەكانتان، بەو شێوەیە سەیری خاكەكەتان بكەن و شانازیش بكەن كە دوژمنان ئەوەندە لە كەركوكییەكان دەترسن، هەزار ساڵە هەوڵی بە تەعریب و تەتریك كردنی دەدەن! چۆن باوك و باپیرانی ئێوەش خۆیان نەدا بەدەستەوە، بەهەمانشێوە،ئێوەش نابێ خۆتان بەدەستەوە بدەن. چونكە ئێوەش خاوەنی هەمان میرات و رەچەڵەكن.. كە رەچەڵكی بەرگری و خۆڕاگرییە! بۆیە دڵنیابن ئەم ڕۆحیەت و گیانە پیرۆزەی لەناوتاندایە، بۆ بەرگریكردن لە خاك و خەڵكی كەركوك، لەشارەكەتان و لە مێژوو، لەسەربەرزیتان، پێویستی بەپاراستنی بەردەوامەو ئەوەش مانای گۆڕینی هاوكێشەكەیەو دۆخەكەش وانامێنێ.. هەروەك مام هەمیشە دەیفەرموو: خودا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە..
مەلا بەختیار، وتیشی: كەركوكییە ئازیزەكان..! هەر هەلێكیش بێتە پێشەوە، دۆخەكە دەگۆڕدرێ و دڵنیاشبن ئەو خوێنەی بەخشیومانە، مۆری خەبات و رەنگی سووری ئاڵامانە، واتی دوا رۆژمانە..!