هەنگاونانی مرۆڤ بەرەو مەریخ بۆچی..؟

جیهان 22/02/2021


نوسینی: لوقمان حەوێز
مێژووی تۆمارکراوی بەبەردبووەکان کەلەبەر دەستمانە بەڕوونی پێمان دەڵێت کە داینەسۆرەکان پتر لە 130 ملیۆن ساڵ گەورە و حاکمی سەر هەسارەی زەوی بوون، بەڵام ئەوان دوای مانەوە بۆ ئەو ماوە دور و درێژە لەسەر زەوی لەناوچوون لەئەنجامی بەرکەوتنی هەسارۆکەیەک بەر هەسارەی زەوی بەر لە نزیکەی 66 ملیۆن ساڵ کە زۆربەی زیندەوەرانی ئەو کاتەی لەناوبرد بە داینەسۆرەکانیشەوە...
هەروەها ئێستا دەزانین هەموو جۆرەکان لە مرۆڤی کۆن کە پێشتر هەبوون لەناوچوون، ئێمەی مرۆڤی نوێ کە بە هۆمۆسێیپانەکان ناسراوین تاکە جۆری مرۆڤین کە لەئێستادا هەین، هەموو کاتی بوون و مێژووی مرۆڤیش بە جۆرە کۆنەکان و بەئێمەشەوە لەسەر هەسارەکەمان تەمەنی لە نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ تێپەڕ ناکات، ئەگەر مرۆڤیش وەک داینەسۆرەکان بەتەنیا هەر لەسەر هەسارەی زەوی بمێنێتەوە ئەوا لەناوچوونی مسۆگەر دەبێت هەتا ئەگەر بتوانێت بۆ دەیەها ملیۆن ساڵیش بمێنێتەوە وەکو داینەسۆرەکان، بەکورتی ئەگەر ئێمەی مرۆڤ تەنیا لەسەر هەسارەی زەوی بژیین و بمێنینەوە ئەوا لەکۆتاییدا ئێمەش بەدەردی داینەسۆرەکان دەچین و بە ڕووداوێکی هاوشێوەی سروشتی لەناودەچین...
کەواتە چۆن مرۆڤ دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر درێژتر لەداینەسۆرەکان لەگەردوون بمێنێتەوە..؟
تاکە ڕێگە بۆ مانەوەی مرۆڤ بۆماوەیەکی دور و درێژتر لە گەردوون ئەوەیە پەل بۆ دەرەوەی هەسارەی زەوی بهاوێژێ و کۆمەڵگای ژیان دروست بکات لەسەر هەسارەکانی تر، دەبێت مرۆڤ لە بونەوەرێک کە ئێستا تەنیا لەسەر هەسارەی زەوی دەژییت ببێتە بونەوەرێکی ئاسمانی نێو هەسارەیی لەو چەند سەدەیەی داهاتوودا، ئەمەش زەمینە خۆشدەکات بۆ ئەوەی دوای دەیەها و سەدەها هەزار ساڵی تر یان ملیۆنەها ساڵی تر ببێتە بونەوەرێکی گەلەئەستێرەیی، ئەمەش تەنیا ڕێگە دەبێت بۆ مانەوەی مرۆڤ لەگەردوون بۆ ماوەیەکی درێژتر، دەزانم هەندێکتان ئەم زاراوانە بە فانتازیای زانستی دەزانن، بەڵام دەیەها ساڵە هەنگاوی سەرەتایی نراوە و دەنرێت بەرەو ئەو ئامانجە درێژخایەنە...
ئامانجە سەرەکیە درێژخایەنەکانی پشکنینەکانی ئاسمان بریتین لە: سود وەرگرتن لە سەرچاوەکانی وزە و کەرەستە خاوەکانی تری دەرەوەی هەسارەکەمان، هەروەها بڵاوبوونەوە و پەلهاویشتنی مرۆڤ بەرەو بۆشایی ئاسمان و بە وردیش بەرەو ژیان لە خولگەکان بەدەوری زەوی و دواتر هەسارەی مەریخ و هەندێک لە مانگەکانی هەسارەی موشتەری و زوحەل، هەنگاوە هەرە درێژخایەنەکانیش بریتیە لە پەل هاویشتنی بەرەو قوڵایی گەلەئەستێرەکەمان...
بێ گومان تەکنەلۆژیا و زانست چەکێکی دووسەرەیە، دەشێت نیعمەت و خۆش گوزەرانی بەرپا بکات و هەروەها ئەگەر زۆر وریا نەبین دەشێت ببێتە هۆی نەگبەتی و لەناوچوونیشمان، بەڵام ئەگەر مرۆڤەکان بەتێکڕا، بەتایبەتیش ئەو ووڵات و کۆمەڵگا و لایەنانەی داهێنەرن و پەرە بە زانست و تەکنەلۆژیاکان دەدەن بەشێوەیەکی گشتی واز لە ڕق و کینە و چاوچنۆکی و وێرانکردنی ژینگە و لەناوبردنی ژیان و زیندەوەران بهێنن و زانست و تەکنەلۆژیا تەنیا بۆ ئامانجە جوانەکان بەکاربهێنن، ئەوا بەدڵنیاییەوە هەموو مرۆڤایەتی لە بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی سەرەوە نزیک دەبێتەوە...
کەواتە ئامانجی درێژخایەن لە هەنگاونانی مرۆڤ بەرەو هەسارەی مەریخ دەچێتە ئەو بوارەوە، کاتێک چاودێری گەردوون دەکەین کە بێشومارە لە فراوانی یەکسەر وای بۆ دەچین کە ژیان بەگشتی زۆر دەگمەن بێت لەنێو گەردوون، ئەگەر وابێت ژیانی زیرەک کە خۆی لە مرۆڤدا دەبینێتەوە لەوانەیە زۆر زۆر دەگمەنتریش بێت، ئێستا لەوە دڵنیایین چونکە دەزانین کە سەر هەڵدانی ژیانی زیرەک لەسەر هەسارەکەمان لە ژیانی سەرەتاییەوە پتر لە 3 ملیار ساڵ کاتی ویستووە، لەبەر ئەو گرنگیەی ژیانی زیرەک هەروەها لەبەر زۆری مەترسیە سروشتیەکان لەسەر ژیان لە هەسارەکەمان پێویستە تا بتوانین زووتر پەل بهاوێژین بەرەو هەسارەیەکی تر جگە لە زەوی، هەسارەی مەریخیش کە بەدەستە خوشکی زەوی دادەنرێت لەو شوێنانەیە کە دەشێت بگونجێنرێت بۆ ژیان، سەرەتا دەتوانرێت کۆمەڵگای داخراوی ژیان دابمەزرێنرێت لەوێ، دواتریش هەموو هەسارەکە بگونجێنرێت بۆ ژیان، بۆ زانیاریشتان ئامانجی ئاژانسی ناسا و سپەیس ئێکس ئەوەیە پێش کۆتایی ئەم سەدەیە لایەنی کەم چەند کۆمەڵگایەکی ژیان بۆ مرۆڤ لەسەر هەسارەی مەریخ دابمەزرێنرێت...
لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەگەر تەنیا کۆمەڵێک هێلکەت هەبوو ئەوا باشترە لەبەر ناسکی و لەترسی شکانیان هەموویان نەخەیتە نێو یەک سەبەتەوە، ژیانیش بەتایبەتی ژیانی زیرەک و خاوەن شارستانیەتی کە زۆر ناسک و بەهادارە پێویستە پەلبهاوێژێ بۆ شوێنی تر و تەنیا لەسەر یەک هەسارە نەمێنێتەوە...