ڕەغەد سەدام حسێن و دەرکەوتنی لە گۆڕەپانی سیاسیدا ...

عێراق 21/02/2021

 

لەم بارودۆخە سەخت و ئاڵۆزە سیاسی و داراییەی ئێستای عێراق و کێشەی ولاتە ئیقلیمیەکان و قەیرانە کەڵەبووەکانی سەر حکومەت و دەست تێوەردانی دەرەکی فشارێکی زۆر گەورەیان دروست کردوە کە رەنگە ببێتە ھۆی ھەرەس ھێنان و داروخانی حکومەت لە ھەر ئان و ساتێکدا، بەو ھەموو ھاوکێشە ئاڵۆزانەوە عێراق ڕوو لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی پێش وەختە دەکات کە بڕیاڕە لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت، لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کاراکتەرێکی نوێ دێتە گۆڕەپانی سیاسیەوە. لە ١٥-٢-٢٠٢١ وە لە ڕێگەی ھەردوو کەناڵی ئاسمانی دیار و ناسراوی راگەیاندنەوە کەنالی العربیة و العربیة حدث چاوپێکەوتنێک لە گەڵ ڕەغەد کچە گەورەی سەدام حسین ئەنجام درا کە لە شەش بەش پێک ھاتبوو وە زیاتر لە ١٥٠ خولەک بوو وە لە ماوەی شەش شەودا بە جیا پەخش کرا .

بێ گومان ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە لە بەر ھەستیاری دۆخەکە و دروست نەبوونی کێشە سیاسی لە ناوچەکەدا بە شێوەی ھەڕەمەکی نەکراوە دیارە کە رەزامەندی پێش وەختی بۆ وەرگیراوە لە بالاترین دەسەلاتی سیاسی ولاتی سعودیە کە خاوەندارێتی ھەر دوو کەناڵەکەیە و ئەردەن کە ڕەغەد تێیدا نیشتەجێیە و ولاتی ئیمارات کە چاوپێکەتنەکەی تێدا ئەنجام دراوە ھەروەھا ئەمریکا کە چاودێری سەرەکی ناوچەکەیە، ئەگەر کەمێک بە وردی تێبینی کات و پرۆسەی چاوپێکەوتنەکە بکرێت ھەست دەکرێت کە ئەو چاوپێکەوتنە بە شێوەیەکی ئاسایی نەکراوە لە رووی ئامادەکاری و جل و بەرگ و شێوەی دانیشتن و ماکیاج و رەواڵەت و خۆدەرخستن زۆر بە وردی کاری لە سەر کراوە و جۆری پرسیار و چۆنیەتی وەلام دانەوەی پرسیارەکان ئامادەباشی بۆکراوە بە جۆرێک کە ھەیبەتێک و شکۆمەندیەکی تایبەتیان بە کەسایەتی رەغەد بەخشیوە و زۆربەی پرسیارەکان دیاری کراو بوون وە زۆربەی وەلامەکان وەکو پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا وابوو بۆ خۆ ئامادەکردن و گەرانەوەی بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی عێراق.

ئەم چاوپێکەوتنە کاتەکەی زۆر گونجاوە بۆ ئەو مەبەستە کە پێش نزیکەی ھەشت مانگ دەکات لە ھەڵبژاردنەکان بە ناردنی ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو گەمەی سیاسی وە ئەم پرۆسەیە بە ئاگاداری و رەزامەندی و پشتیوانی ولاتە ئیقلیمیەکان (سعودیە و ئیمارات و ئەردەن وە ھەروەھا ئەمریکا) جێ بەجێ دەکرێت ئەویش بۆ دارشتنی نەخشەیەکی نوێ بۆ ئایندەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پاراستنی ھاوسەنگی لە نێوان پێکھاتەکاندا وە لە لایەکی ترەوە کاتەکەی زۆر گونجاوە بە ھۆی شکسھێنانی حکومەت و سەرکردە سیاسەکان و دەست تێوەردانی دەرەکی بە تایبەتی ئێران و تورکیا کە رێژەیەکی زۆری خەڵکی لە ھەموو پێکھاتەکان توڕە و بێزار کردووە ئەمەش ھەست و سۆزی جەماوەر بۆ لای دژ و نەیارەکانی سەرکردەو حزب و لایەنە سیاسیەکانی پرۆسەی سیاسی رادەکێشێت وە رەنگە لە ھەلبژادنەکانی داھاتوودا گۆڕانکاری دروست بکرێت وە کاراکتەر و ھێزی سیاسی نوێ بێتە پێشەوە بۆ ئامادەکردن و ئاراستەکردنی عێراق بۆ قۆناغێکی نوێ کە تێیدا بتوانێت ھاوسەنگی ھێز بپارێزێت لە ناوچەکە نەک تەنھا ببێتە گۆڕەپانی ململانی سیاسی ھێزە ئیقلیمیەکان. ئەگەر رەغەد سەدام حسێن لەم بارودۆخەدا بگەڕێتەوە ناو عێراق و بەشداری پرۆسەی سیاسی بکات لە رێگەی بەشداربوونی حزبی بەعس لە ھەڵبژاردنەکان بە پشتیوانی چەند ولاتێکی عەرەبی و ئەمریکا ئەوا بێ گومان چانس ھاوەڵی دەبێت و رەنگە ئەگەری سەرکەوتن مسۆگەر بکات بە تایبەتی بەشێکی زۆری پێکھاتەی عەرەبی سنی و شیعە بە تەواوی بێزارن لەو ھەموو قەیران و دزی و بە ھەدەردان و نادادپەروەریەی لە ئارادایە، لێرەدا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە بەلام لە کات و شوێنی جیاوازدا وەکو ئەوەی کە لە پاکستان روویدا کاتێک زولفەقار علی بۆتۆ لە ساڵی ١٩٧١-١٩٧٧ سەرۆکی ولات و سەرۆک وەزیرانی پاکستان بوو لە ساڵی ١٩٧٧ بە کودەتایەکی سەربازی کە لە لایەن جەنراڵ ضیاء الحق ئەنجام درا لە حوکم دوور خرایەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ لە سێدارە درا و خێزانەکەی نەفی کرا بۆ دەرەوەی وڵات ، کچە گەورەی علی بۆتۆی لە سێدارەدراو بە ناوی بێ نەزیر علی بۆتۆ لە ساڵی ١٩٨٦ گەرایەوە بۆ پاکستان بۆ سەرکردایەتی کردنی ئۆپۆزسێۆن وە دوای مردنی ضیاء الحق لە روداوی کەوتنە خوارەوەی فرۆکە لە ساڵی ١٩٨٨ بێ نەزیر بۆتۆ توانی سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنەکان بە دەست بێنێت و ببێتە سەرۆک وەزیرانی پاکستان وە ھەروەھا لە ساڵی ١٩٩٣ و ١٩٩٦ پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرتەوە بەلام بە ھۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی داراییەوە لە پۆستەکەی دورخرایەوە و دواتر لە سەر ھەمان ھۆکار پێنج ساڵ حوکمی زیندانی بۆ دەرچوو ئەویش رووی کردە لەندەن لەوێ بە توندی دفاعی لە کەیسەکەی خۆی کرد توانی دووبارە لەو کەیسە سەرکەوتن بە دەست بێنێت و گەرایەوە بۆ پاکستان لە ھەلمەتەکانی ھەلبژاردندا لە سالی ٢٠٠٧ لە تەمەنی ٥٤ سالیدا بە تەقینەوەی بۆمب تیرۆرکرا