ئەمریكا : ڕوداوێكی تەقەكردن 3 قوربانی لێكەوتەوە

جیهان 21/02/2021


لە ئاکامی رووداوێکی تەقەکردن لەناو کۆگایەکی فرۆشتنی چەک لە ویلایەتی لویزیانا باشووری ئەمریکا، سێ کەس کوژران.
کەناڵی ئێن بی سی ئەمریکی بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی پۆلیس بڵاویکردەوە کە لە شاری نیو ئۆرلیانز، چەکدارێک هەڵیکوتاوەتە سەر کۆگایەکی فرۆشتنی چەک و تەقەی کردووە و لە ئەنجامدا، سێ کەس لە شوێنی رووداوەکە کوژراون.
باسی لەوەشکردووە کە دوو کەسی دیکە لە رووداوەکەدا برینداربوون و بۆ چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە پۆلیسی ناوچەکەوە دەستکەوتوون، ئەنجامدەری تەقەکان کاتێک چووەتە ناو کۆگاکەوە لەگەڵ خاوەنەکەیدا بووەتە دەمەقاڵەیی و بە چەکەکەی دەستی، دەستڕێژی گوللەی لێکردوون، سەرەتا یەک کەس کوژراوە و دوو کەسەکەی دیکەش بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، بەرپرسانی پۆلیسی ناوچەکە باسیان لەوە کرد کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ساز دەکەن و روونکردنەوە بۆ رای گشتیی دەخەنەڕوو.