ئایا نائاسایشی مرۆيی بۆتە بەربەستێک بۆ گەشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان؟

ڕاپۆرت 17/02/2021

نوسینی: تاڵب حیشمەت
نەبونی ئاسایش شتێکە کە ئێمەی مرۆڤ بەبەردەوامی دەشڵەژێنێت، لە پێداویستیە سەرەتاییەکانەوە وەکو ئاو بۆ مەترسیيەکان وەکو تیرۆر. کەواتە ئاسایشی مرۆيی بۆ پارێزگاری کردنە لە ئازادی مرۆيی و پێداوسیتیەکان، هەروەها حەوت پایەی سەرەکی پێناسەی ئاسایشی مرۆيی دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە؛ ئابوری، ژینگەیی، خۆراک، خود، ڕامیاری، تەندروستی، لەگەڵ کۆمەڵگەیی، بە پێچەوانەی قوتابخانە نەریتیەکانەوە کە دەوڵەت بە بڕبڕەی پشتی ئاسایش دادەنێت ئاسایشی مرۆیی وەکو قوتابخانەیەک خودی مرۆڤ بە چەقی ئاسایش دادەنێت، ساموێڵ هەنتنگتۆن لە پێناسەی گەشەی سیاسیدا دەڵێت؛ گەشەی سیاسی ئاماژەیە بۆ بەژداری سیاسی و بەژداری سیاسیش لە ڕێگەی دامەزراوەوە ڕودەدات کەواتە ئەگەر دامەزراوەی چالاک، کرداری و کاریگەر نەبێت ئەوا بەژداری سیاسی ڕوو نادات و گەشەی سیاسیش دەبێت بە خەون. بەپێی ئەو ڕونکردنەوانەی (پەیوەندی نێوان ئاسایش و گەشەی مرۆێی) بێت ئاسایشی مرۆیی چەنێک بەشێکە لە لێکۆڵینەوەی ئاسایش ئەوەنەش بەشێکە لە لێکۆڵینەوەی گەشەسەندن. ئەم وتارە دابەش دەبێت بۆ دوو بەشی سەرەکی؛ بەشی یەکەم، واتای قولی ئاسایشی مرۆیی دەخاتە ڕوو. دووەم، پەیوەندی نێوان نائاسایشی مرۆیی لە هەرێمی کورستان و گەشەی سیاسی هەرێمەکە لە ئێستادا دەخاتە ڕوو.

ئاسایشی مرۆیی
کە جەنگی سارد کۆتایی پێهات و ڕۆژئاوا جەنگەکەی بردەوە، گۆڕانکاری گشتگیر ڕویدا لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا و ئەم گۆڕانکاریانەش هێشتا گەرمترین بابەتی جیهانن، هەروەها کۆمەڵێک هۆکار بوونە هۆکاری سەرەکی گەشەسەندی قوتابخانەی ئاسایشی مرۆیی. یەکەم، دەوڵەتە زلهێزەکان لە دڵەراوکێدا بوون بەرامبەر کێشمەکێشەکانی ناوخۆی دەوڵەت. دووەم، ئارەزوی دەوڵەتان بۆ دەستێوەردانی مرۆیی لەو دەوڵەتانەی کە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکەن، بەو بیر و باوەڕەی کە سالاری دەوڵەتان چیتر ماف نیە بەڵکوو بەرپرسیارێتیە. سێهەم، جیهانی عەولەمە سالاری دەوڵەتانی لاوازکرد، بۆ نمونە، لە ئێستادا ڕێکخراوە ناحکومیەکان بەبێ گوێدانە سالاری دەوڵەت پەیوەندی دەبەستن. چوارەم، هەندێک لە دەوڵەتان ئاسایشی مرۆیی وەکو سیاسەتی سەرەکی نێودەوڵەتی خۆیان دەناسێنن، نمونە، ژاپۆن، کەنەدا، نەرویج. پێنجەم، ئەکادیمیستەکان بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی گەشەسەندنی ئەم چەمکە دادەنرێن.
دوو دیبەیتی سەرەکی ڕەچاودەکرێت لە قوتابخانەی  ئاسایشی مرۆیی. یەکەم، هەمووان کۆکن لەسەر بە ناوەندکردنی پاراستنی مرۆڤ. دووهەم، هێشتا بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیە لە مشتومڕدان دەربارەی سروشتی ئەو مەترسیەی کە دوچاری مرۆڤ دێت و ئەمەش دابەشی کردون بۆ دوو لقی جیاواز. یەکەم، قوتابخانەی تەنگ کە پێناسەی ڕێبازەکە دەکەن لە دیدگایەکی تەسکەوە و دەڵێن مرۆڤ دەبێت پارێزراوبێت لە توند و تیژی واتا ''ئازادی لە ترس.'' دووهەم، قوتابخانەی فراوان کە زیاتر سەرقاڵن بە ڕوکەشە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکەوە واتا ''ئازای لە ئارەزوەکان.''

ئاسایشی مرۆیی، گەشەی سیاسی، لەگەڵ هەرێمی کوردستان
ڕوداوە مێژویەکان و کێشە گشتیەکانی ئێستا گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن کە نائاسایشی مرۆیی یەکێکە لە کێشە باسکراوەکانی میدیاکان لە ناوخۆی هەرێم و لە دەرەوەی هەریمیش، هەروەها وەکو دەزانین هەرێمی کورستان هێشتا بەشێکە لە عێڕاق و بە پێی ڕاپۆرتێکی پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی بێت عێراق لە ساڵی ٢٠١٩ دا لە ڕیزبەندی (١٢٠) ئەم وڵاتە لە کۆی (١٨٩) وڵات لە ڕوی ئاسایشی مرۆییەوە، کەواتە هەرێمی کوردستانیش بێبەش نییە لەو ئامارانەی کە بڵاوکراونەتەوە. بە پێی بیر و باوەڕی توێژەرانیش بێت پەیوەندیەکی پتەو هەیە لە نێوان ''ئازادی لە ترس'' و بەها دیموکراسیەکان و ئەمەش دەبێتە هۆی ڕەچاوکردنی نائاسایشی مرۆیی وەکو بەربەستێک بۆ گەشەی سیاسی.
بوونی مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ کاریگەریی دەخاتە سەر ''ئازادی ڕادەربڕین'' کە یەکێکە لە بەها گرنگەکانی دیموکراسی. بۆ مەبەستەش بیرمەندی ئەمریکی (فرانسس فۆکۆیاما) دەڵێت؛ بەها دیموکراسیەکان پاڵنەری سەرەکی گەشەی سیاسین، هەروەها بە پێی چەند کەیسێک بێت ئازادی ڕادەربرین پێشێل کراوە لە هەرێمی کوردستان، بۆ نمونە، لە ساڵی ٢٠١٠ دا ڕۆژنامەنوس زەردەشت عوسمان تیرۆر کرا دوای ئەوەی وتارێکی نوسی دەربارەی بنەمالەی بارزانی و لە ساڵی ٢٠١٣ دا ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی تیرۆرکرا. بەپێی چاودێرانی مافی مرۆڤ بێت، تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسان پەیامێکە بۆ رۆژنامەنوسەکانی تر کە ئەگەربێت و هزری نوسینی ئازادانە بکەنەوە ئەوا تیرۆر دەکرێن، هەروەها بە پێی ڕاپۆرتێکی (Ekurd Daily) بێت کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا بڵاوبۆتەوە، چاودێرێکی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٩دا (83) کەیسی فەرمی پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینی تۆمارکردوە، به‌پێى راپۆرتێكى سه‌نته‌رى میترۆش کە له‌ ساڵى 2020 دا ئەنجامدراوە (385) پێشه‌لكارى دژى (291) رۆژنامه‌نوس و ده‌زگاى میدیایى ئه‌نجامدراون.
لە ئێستاشدا، بڕیاری سزادانی (٥) پێنج چالاکوانی بادینان بە شەش ساڵ زیندانی، بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی (2003) بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی، پەیامێکە بۆ تەواوی چالاکوانان کە ئەمەی ڕویدا دەرئەنجامی ئازادی ڕادەربڕینە لە ناوچەکە، ئەم ڕوداوانەش لەگەڵ ڕونکردنەوەکانی ''قوتابخانەی تەنگ'' یەک دەگردنەوە کە دەڵین؛ نابێت هیچ مەترسیەک هەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤەکان، هەروەها بە پێی ئەم ڕونکردنەوانەش بێت بوونی مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ کاریگەریی دەخاتە سەر ئازادی ڕادەربڕین و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕینیش دیموکراسی لاواز دەکات و بەبێ دیموکراسیش گەشەی سیاسیش مەحاڵە. لە دەرئەنجامدا، ئازادی ڕادەربڕین و گەشەی سیاسی خەونێکە ئەگەر ''ئازادی لە ترس'' نەبێت.
بەم پێیە، قەوارەی یاسای توندوتیژی کە دوچاری مرۆڤ دەبێتەوە، کاریگەریی دەخاتەسەر گەشەی سیاسی، بۆ نمونە پایەیەکی تری دیموکراسی بریتیە لە ''میدیا ی ئازاد'' و پرسیارەکەش لێرە ئەوەیە کە ئایا میدیای ئازاد لە کوردستان هەیە؟ بە پێی ئەو وتارە فەرمی و نافەرمیانەی ڕۆژانەی میدیاکان بێت، میدیای ئازاد لە کوردستان بوونی نییە و خاوەندارێتی هەموو کەناڵە گرنگەکان دەگەڕێتەوە بۆ پارتە سیاسیەکان و ئامانجی سەرەکی ئەو کەناڵانەش بە دەستهێنانی بەرژەوەندی سیاسیە بۆ پارتەکان. بۆ نمونە کەناڵی نالیا کە لە سەرەتای دروست بوونیەوە هەڵگری دروشمی ''تاکە کەناڵی ئەهلی بێ لایەن'' بوو، دوای کورتەیەک دەستی کرد بە پشتگیری کردنی ''جوڵانەوەی نەوەی نوێ.'' توێژەران بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری نەبووی میدیای ئازاد لەم جۆرە دەوڵەت/هەرێمانەدا دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی ئاسایشی مرۆیی کە دروستبوونی کەسی بێلایەن ئەستەم ئەکات. نمونەیەکی باشتر بۆ ئەم دیاردەیە، وەرگرتنی عێڕاقە بە نمونە، بە هەمان شێوەی هەرێم میدیای ئازاد لەوێش بوونی نییە و هۆکاریش نائاسایشی مرۆییە، ''بەشیر شۆ'' کە شۆیەکی ڕەخنەگرانەی کۆمەڵایەتی و سیاسیە لە کەناڵی''DW'' ئەوە بڵاودەبێتەوە و پیشکەشکار و ستافی بەرنامەکەش لە دەرەوەی وڵات دەژین و هۆکاریش ڕوونە. لە دەرئەنجامدا، بەبێ ئاسایشی مرۆیی، بەها دیموکراسیەکان بە دەست نایەن و بەبێ دیموکراسیش گەشەی سیاسی تەنها خەونە.

دووهەم، بوونی مەترسی لەسەر پێداویستیە سەرەتاییەکانی مرۆڤ کاریگەریی دەخاتەسەر گەشەی سیاسی. لەگەڵ ''ئازای لە ئارەزوەکان'' گەشەی سیاسی خێراتر ڕەچاو دەکرێت. ڕونکردنەوەکانی سکوڵی ئاسایشی وزە مشتومڕی ئەوە دەکەن لە دەوڵەتانی باشووری دەوڵەمەند بە نەوت، شیرینی نەوت سەرکردەکان ئاڕاستەی دیکتاتۆری و گەندەڵی دەکات و پەروەردەیەک دروست دەبێت لە لای سەکردەکان کە بیر لە بەها دیموکراسیەکان نەکەنەوە و لە بری بەدەستهێنانی دەسەڵات بە شێوەیەکی شەرعی زیاتر جەخت بکەنەوە لە کڕینی دەسەڵات بە مادە، هەروەها کوردستانیش بەدەرنیە لەم  دیاردەیە، بۆ نمونە هەندێک لە چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێیان وایە کە بازرگانی کراوە بە کارتەکانی دەنگدانەوە و لە بازەڕەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە. لەگەڵ ئەمەشدا ڕێژەی هەژاری لە هەرێمدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردوە لە چاو ساڵانی پێشوو، بۆ نمونە، بە پێی راپۆرتێکی (Ekurd Daily)  بێت ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٨ دا (٥.٥%) بووە و دانیشتوانی هەرێمەکەش بە نزیکی (٥.٢) ملێۆنە واتا ئەگەر بەرزتر بوبێتەوە بۆ لە (٦%)  کەواتە (٨٦٦) هەزار تاکی هەژار لە ڕووی داراییەوە لە هەرێم ژیان ئەکات، هەروەها هەندێک لە سکۆلەرەکان پێیان وایە ڕێژەی بەرزی هەژاری کۆمەڵگە بەرەوە گەندەڵی دەبات. لە دەرئەنجامدا، بە لێکدانەوەی داتاکان و کەیسی فرۆشتنی کارتی دەنگدان بێت ''ئازای لە ئارەزوەکان'' لە ڕێژەیەکی کەمدایە و هۆکاری سەرەکی نەبوونی گەشەی سیاسیە لە هەرێمی کوردستان.

لە دەرئەنجامدا، وتارەکە مشتومڕی نائاسایشی مرۆیی وەکو بەربەستێک بۆ گەشەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کرد و پەیوەندی نێوان سکوڵی ئاسایشی مرۆیی و گەشەی سیاسی ڕوون کردەووە. وتارەکە گەیشتە دەرئەنجامی ئەوەی کە پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان ئاسایشی مرۆیی و ئازادی ڕادەربڕیندا هەیە بە شێوازێک ئەگەر ئاسایشی مرۆیی نەبێت میدیای ئازادیش بوونی نابێت، هەروەها دیاردەی کڕینی دەسەڵات و شەریعەت لە دەوڵەتانی باشورری دەولەمەند بە نەوت مەترسیەکی گەورەیە بۆ سەر بەها دیموکراسیەکان و شاخێکی پۆلاینە لەبەردەم گەشەی سیاسیدا.