توركیا ئامادەكاری بۆ ئۆپەراسیۆنی گەورە بۆ قەندیل دەكات

ڕاپۆرت 17/02/2021


توركیا ئامادەكاری دەكات بۆ ئۆپەراسیۆنێكی گەورە بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەتایبەت چیای قەندیل.

لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا وەزیرانی بەرگری و نێوخۆی توركیا سەردانی حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی توركیایان كردووە.

بەپێی سەرچاوەكان هەواڵ ئەو سەردانانە بۆ خستنەڕووی وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكەی گارە كە 13 دیلی توركیای تێدا كوژرا و بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەو حزبانەیە بۆ ئۆپەراسیۆنێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان.

كوژرانی ئەو 13 دیلە لە چیای گارە كاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەوەی توركیای بەدوای خۆیدا هێناوە بەتایبەت حكومەتی روبەڕوی  رەخنە كردووەتەوە.

وەزیری بەرگری توركیا خولوسی ئاكار لە كۆبونەوەی پەرلەماندا رونكردنەوەی بۆ ئەندامانی پەرلەماندا لە بارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە.

ئاكار گوتی: چیای گارە زۆر سەختە ئۆپەراسیۆن لەوێ سەختە، ئەشكەوت هەیە هیچ فڕۆكەیەكی جەنگی و بێ فڕۆكەوان ناتوانێت بیكاتە ئامانج.

گوتیشی: ئەو 13 دیلەی توركیا لەلایەن گەریلاكانەوە كوژراون، زۆر بە وردی ئۆپەراسیۆن كراوە، بە چڕی بۆردومان كراوە، دواتر هێزی سەربازی لە ئاسمانەوە دابەزێنراوە، هێرش كراوەسەر بۆ سەر ئەو شوێنەی دیلەكانی تێدا بووە، شەڕێكی قورس كراوە، دواتر لەلایەن گەریلاكانەوە ئەو هاووڵاتیانەی توركیا لەنێو ئەشكەوتەكەدا كوژراون.

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا  رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنەكانیان دژی پەكەكە بەردەوام دەبن.

رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: ئێمە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین دژی پەكەكە لەسەر كەس ناوەستین، مۆڵەت لە كەس وەرناگرین هەر كاتێك بمانهەوێت ئۆپەراسیۆن دەكەین.

لەلایەكی دیكەوە ئەنقەرە بانگێشتی باڵوێزخانەی ئەمریكای كرد لە توركیا نیگەرانی ئەنقەرەی پێ راگەیاند لەبارەی گومانی ئەمریكا لە لێدوانەكانی توركیا.

ئەنقەرە رەخنەی لە واشنتن گرت گوتی: ئەمریكا پشتیوانی تیرۆر دەكات.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا گوتی: شەرمەزاری كوشتنی 13 هاووڵاتییەكەی توركیا دەكەین، لێكۆڵینەوەش دەكەین لە لێدوانەكانی توركیا كە گوایە پەكەكە ئەو كەسانەی كوشتووە.

رۆژی 15ی شوباتی 2015 سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ 2ی لە چیای گارە لە سنوری ئامێدی لە دەڤەری بادینان لە سنوری پارێزگای دهۆك دەستپێكرد.

دوای چوار رۆژ شەڕی قورس وەزارەتی بەرگری توركیا لای خۆیەوە ئۆپەراسیۆنەكەی راگرت گوتی: ئۆپەراسیۆنێكی هەستیار ئەنجامدراوە لەوێ 13 هاووڵاتی سڤیلی توركیا لەلایەن پەكەكەوە كوژراون.

وەزارەتی بەرگری توركیا گوتیشی: 48 ئامانجی پەكەكە بۆردومان كراون، زیاد لە 30 گەریلا كوژراون، 2 دەستگیركراون، لەبەرامبەریشدا 6 سەرباز كوژراو و بریندار بوون جگە لە 13 كەسە سڤیلەكە.

لە بەرامبەردا هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە لە راگەیەنراوەكانیدا شكستی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیای راگەیاند.

هەپەگە گوتی: ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا شكستی هێناوە، رێگا نەدراوە هێزی توركیا لە چیای گارە جێگیر ببن.

هەپەگە كوژرانی 13 كەسەكەی رەتكردەوە، بەڵكو گوتی: ئەو كەسانە لەلایەن توركیا خۆیەوە كوژراون بە بۆردومانی ئاسمانی.

ئاشكراشیكرد توركیا چەكی كیمیایی لە شەڕی گارەدا بەكارهێناوە.
راشیگەیاند زیاد لە 30 سەربازی توركیا كوژراون كە 2 لەوان ئەفسەری پلەباڵا بوون.