كێ له چارلس داروین ده‌ترسێت؟
یۆڤال نوا حه‌راری (هۆمۆ دیۆس)
وه‌رگێڕان: د.كۆیار شێركۆ
بەپێی ئامارێكی ساڵی ٢٠١٢، ته‌نها له سه‌دا
١٥ی ئه‌مریكییه‌كان پێیان وایه مرۆڤ (هۆمۆ سه‌یپیه‌نس) ته‌نها له ڕێی هه‌ڵبژاردنی
سروشتییه‌وه په‌ره‌یان سه‌ندووه به بێ هیچ ده‌ستتێوه‌ردانێكی ئیلاهی. له سه‌دا
٣٦ پێیان وایه كه ڕێی تێده‌چێت مرۆڤ له پرۆسه‌یه‌كی درێژخایه‌نی چه‌ند ملیۆن ساڵه‌دا
و له فۆرمی سه‌ره‌تایی تره‌وه هاتبێته بوون، به‌ڵام خودا له پشت ڕێكخستنی سه‌رجه‌م
وێنهكهوهیه. له سه‌دا ٤٦یش پێیان وایه خودا ١٠،٠٠٠ ساڵێك پێش ئێستا مرۆڤی له‌م
شێوه‌یه‌ی ئێستایدا درووست كردووه، هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئینجیل باسی ده‌كات. به‌سه‌ربردنی
سێ ساڵ له زانكۆ هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌م ئامارانه نه‌بووه. ئه‌نجامی
هه‌مان توێژینه‌وه له‌نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆس بوون، ئه‌وه
بوو كه له سه‌دا ٤٦یان باوه‌ڕیان به چیرۆكی درووستكردنی ئینجیلی هه‌یه و ته‌نها
له سه‌دا ١٤یان پێیان وایه كه مرۆڤ به بێ هیچ ده‌ستوه‌ردانێكی ئیلاهی، په‌ره‌یسه‌ندووه.
ته‌نانه‌ت له نێو هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و دكتۆراشدا، له سه‌دا ٢٥ باوه‌ڕیان
به وه‌ڵامه‌كه‌ی ئینجیل هه‌یه. هاوكات له سه‌دا ٢٩ پێیان وایه هه‌ڵبژاردنی
سرووشتی به‌ته‌نها، په‌یوه‌ندی به درووستبوونی سپیشسهكهمانهوه هه‌یه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان به شێوه‌یه‌كی
زۆر خراپ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گه‌یاندن و وتنه‌وه‌ی وانه‌كانی ئیڤۆلوشندا ده‌كه‌ن، هێشتا
توندڕه‌وه دینییه‌كان ده‌ڵێن كه ئه‌م وانانه به هیچ جۆرێك نابێت له قوتابخانه‌كاندا
بخوێندرێن. له بری ئه‌وه، داوا ده‌كه‌ن منداڵان ناچار بكرێن به خوێندنی تیۆری
دروستكردنی زیره‌ك، كه ئه‌وه ده‌خاته ڕوو سه‌رجه‌م زینده‌وه‌ران له‌لایه‌ن
درووستكه‌رێكی زیره‌ك و به‌رزتره‌وه درووست كراون (واتا خودا). یان ده‌ڵێن، با هه‌ردوو
شێوازه‌كه بخوێنن و له كۆتاییدا خۆیان بڕیار بده‌ن.
بۆچی تیۆریی ئیڤۆلوشن (په‌ره‌سه‌ندن)، ڕووبه‌ڕووی
ئه‌م هه‌موو ڕه‌تكردنه‌وه‌یه ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا هیچ كه‌سێك گرنگی به خوێندن
یان كه نه‌خوێندنی تیۆریی ڕێژه‌یی و میكانیكی كوانته‌می نادات؟ چۆنه سیاسییه‌كان
ده‌ستپێشخه‌ری ئه‌وه ناكه‌ن له بری ئه‌م تیۆرییانه، منداڵان بابه‌تی تر بخوێنن
سه‌باره‌ت به ماده، وزه، بۆشایی و كات؟ له ڕاستیدا، بیرۆكه‌كانی داروین به به‌راورد
با تیۆرییه‌كانی ئاینشتاین و وێرنه‌ر هاینزبێرگ، مه‌ترسییان كه‌متره. تیۆری ئیڤۆلوشن،
مانه‌وه‌ی باشترین به بنه‌ما ده‌گرێت، كه ئێجگار ڕوون و ساده‌یه. له به‌رامبه‌ردا،
تیۆریی ڕێژه‌یی و میكانیكی كوانته‌می، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌كرێت كات و بۆشایی
بچه‌مێنرێته‌وه و ده‌شكرێت شتێك له هیچه‌وه بێته بوون. ئه‌مه‌یان تا ڕاده‌یه‌ك
له تێگه‌شتنی باومان ده‌دات. هاوكات كه‌سیش ناڵێت با منداڵه داماوه‌كانمان له‌م
بیرۆكه ڕسوایانه بپارێزین. بۆچی؟
تیۆریی ڕێژه‌یی هیچ كه‌سێك توڕه ناكات، چونكه
پێچه‌وانه‌ی هیچ كام له باوه‌ڕه پیرۆزه‌كانمان نییه. زۆرینه‌ی خه‌ڵك گوێ ناده‌نه
ئه‌وه‌ی ئایا كات و بۆشایی ڕێژه‌یین یان ڕه‌هان. گه‌ر پێت وایه ده‌توانیت كات و بۆشایی
بچه‌مێنیته‌وه، بۆ نا، فه‌رموو. با بیبینم چۆنیان ده‌چه‌مێنیته‌وه. من بۆ هه‌ر
گوێی بده‌مێ؟ له به‌رامبه‌ردا، داروین ڕۆحمانی لێسه‌ندینه‌وه. گه‌ر به ته‌واوی
له ئیڤۆلوشن تێبگه‌ین، ده‌زانین كه ڕۆح بوونی نییه. ئه‌مه‌ش بۆچوونێكی ترسناكه،
نه‌ك ته‌نها بۆ ئه‌و موسڵمان و مه‌سیحییانه‌ی
باوه‌ڕیان پێی هه‌یه، به‌ڵكو بۆ ئه‌و مرۆڤه سێكیولارانهش كه هه‌ڵگری هیچ دۆگمایه‌كی
دینی نین، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت باوه‌ڕ به‌وه بكه‌ن كه هه‌ر مرۆڤێك خاوه‌نی توخمێكی
ئه‌به‌دییه كه به نه‌گۆڕی ده‌مێنێته‌وه و له كاریگه‌ری مه‌رگ ده‌ربازی ده‌بێت.
مانای وردی وشه‌ی 'تاك' شتێكه كه ناتوانرێت
په‌رت بكرێت. ده‌سته‌واژه‌ی 'من تاكێكم' مانای ئه‌وه‌یه كه خودی من، بوونێكی
دابهشنهكراوم نه‌ك چه‌ند پارچه‌یه‌كی جودا كه یه‌كیان گرتبێت. ئه‌م بوونه پهرتنهبووهش،
له ساتێكه‌وه ده‌چێته ساتێكی تر، به بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی بۆ زیاد بێت، یان هیچ
شتیك له ده‌ست بدات. جه‌سته‌م و عه‌قڵم به پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامی گۆڕاندا تێده‌په‌ڕن.
ده‌ماره‌كانم سیگناڵ ده‌نێرن، هۆرمۆنه‌كان ده‌ڕژێن و ماسولكهكانیشم گرژ ده‌بن. كه‌سایه‌تیم،
ویستهكانم و په‌یوه‌ندییه‌كانم هه‌رگیز وه‌ك خۆیان نامێننه‌وه و ده‌كرێت له چه‌ند
ساڵێك یان چه‌ند ده‌یه‌یه‌كدا، به ته‌واوی بگۆڕێن. به‌ڵام له بنچینه‌دا، له ساتی
له دایكبوونه‌وه تا مردن، من هه‌مان كه‌سم. ئومێده‌وارانه، پاش مردنیش هه‌مان
كه‌س هه‌ر ده‌مێنێت.
به‌ڵام به‌داخه‌وه، تیۆریی ئیڤولوشن ئه‌و بیرۆكه‌یه
ڕه‌تده‌كاته‌وه كه خودی ڕاسته‌قینه، توخمێكی دابهشنهبووی نه‌گۆڕاوی ئه‌به‌دی
بێت. به پێی تیۆرییه‌كه، سه‌رجه‌م بوونه بایۆلۆجییه‌كان، له فیلێكه‌وه تا دار
به‌ڕوویه‌ك، له خانه‌یه‌كه‌وه تا مۆلیكیوڵی دی ئێن ئهیهك، بێ بوونی هیچ ئامانجێك،
یه‌كده‌گرن و جیاده‌بنه‌وه. خانه و فیلیش، له‌ئه‌نجامی پێكه‌وه نووسان و جیابوونه‌وه‌ی
نوێوه، ورده ورده په‌ره‌یان سه‌ندووه. شتێك كه توانای دابه‌شبوون و گۆڕانی نه‌بێت،
به پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی سرووشتی، ناتوانێت بێته بوون یان بوونی هه‌بێت.
چاوی مرۆڤ به نموونه، سیستمێكی ئێجگار ئاڵۆزه،
كه له چه‌ندین به‌شی بچووكتری وه‌ك كۆرنیا، لێنس و ڕێتینا پێكهاتووه. چاو له
ناكاو و له هیچه‌وه به‌م پارچه ئامادهكراوانهوه نه‌هاتووه‌ته بوون. به‌ڵكو،
به هه‌نگاوی هێواش هێواش، به درێژایی ملیۆنان ساڵ، بووه به‌م چاوه. چاوی ئێمه‌ی
مرۆڤ زۆر له چاوی هۆمۆ ئێرێكتهس'ه‌كان ده‌چێت، كه ١ ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ژیاون.
هاوكات كه‌متر له چاوی ئوسترالۆپیسیكهس'ه‌كان ده‌چێت كه پێنج ملیۆن ساڵ به‌ر له
ئێستا ژیاون و زۆر جیاوازه له چاوی درایۆلێستیس'ه‌كان كه ١٥٠ ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر
ژیاون. واش ده‌رده‌كه‌وێت كه هیچ لێكچوونێكی له‌گه‌ڵ ئه‌و بوونه‌وه‌ره یه‌ك خانهییهدا
نه‌بێت كه سه‌دان ملیۆن ساڵ پێش ئێستا له‌سه‌ر هه‌ساره‌كه‌مان ژیاون.
هه‌رچه‌نده بوونه‌وه‌ره یه‌ك خانهییهكانیش
چه‌ند ئۆرگانێلێكیان هه‌بووه تا یارمه‌تییان بدات تاریكی و ڕووناكی لێك جیا بكه‌نه‌وه.
به‌ڵام ئه‌و ڕێگایه‌ی له كۆمه‌ڵێك هه‌سته‌وه‌ری بچووكه‌وه گه‌یشتووه‌ته چاوی مرۆڤ،
ئێجگار درێژ و ئاڵۆزه، هه‌رچه‌نده گه‌ر سه‌دان ملیۆن ساڵت له به‌رده‌مدا بێت،
ده‌توانیت هه‌نگاو به هه‌نگاو، ته‌واوی ڕێگاكه ببڕیت. گه‌ر چاو بوونێكی یه‌ك
پارچه بووایه و له چه‌ند به‌شێك پێك نه‌هاتبا، هه‌رگیز نه‌ده‌كرا له ڕێی هه‌ڵبژاردنی
سرووشتییه‌وه په‌ره‌بسێنێت.
له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه ئیڤۆلوشن ناتوانێت بیرۆكه‌ی
بوونی ڕۆح قبوڵ بكات. به‌تایبه‌ت گه‌ر كاتێك ده‌ڵێین 'ڕۆح'، مه‌به‌ستمان توخمێكی
دابه‌شنه‌كراوی نه‌گۆڕی ئه‌به‌دی بێت. بوونێكی له‌و جۆره هه‌رگیز ناكرێت ده‌رئه‌نجامی
ئیڤۆلوشنێكی قۆناغ به قۆناغ بێت. هه‌ڵبژاردنی سرووشتی ده‌توانێت چاو درووست بكات،
چونكه چاو له به‌شی جیا جیا پێك هاتووه. به‌ڵام ڕۆح به‌ش به‌ش نییه. گه‌ر ڕۆحی
ئێمه (هۆمۆ سهیپهینس) له ڕۆحی هۆمۆ ئیرێكته‌س'ه‌وه په‌ره‌ی سه‌ندووه، به‌شه‌كانی
كامانه‌ن؟ ئایا هیچ به‌شێكی ڕۆح هه‌یه له ئێمه‌دا كه پێشكه‌وتووتر بێت له ڕۆحی
ئێرێكتهس'ه‌كان؟ نه‌خێر، چونكه ڕۆح به‌ش به‌ش نییه.
ڕه‌نگه بڵێیت ڕۆح په‌ره‌ینه‌سه‌ندووه و به
پرۆسه‌ی په‌ره‌سه‌ندندا تێنه‌په‌ڕیوه، به‌ڵكو له ڕۆژێكی گه‌شاوه‌دا، به ته‌واوی
شكۆی خۆیه‌وه ده‌ركه‌وتووه. به‌ڵام ئه‌و ڕۆژه گه‌شاوه‌یه به وردی ده‌كه‌وێته
كه‌یه‌وه؟ كاتێك به وردی ته‌ماشای په‌ره‌سه‌ندنی مرۆڤ و لێكچووه‌كانی ده‌كه‌ین،
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه، شه‌رمه‌زاركه‌رانه قورسه. هه‌موو مرۆڤێك كه دێته
بوون، له ئه‌نجامی پیتاندنی هێلكه‌ی مێیهكهوهیه له‌لایه‌ن سپێرمی نێرێكهوه.
با بیر له یه‌كه‌م منداڵ بكه‌ینه‌وه كه خاوه‌نی ڕۆح بووه. ئه‌و منداڵه زۆر له
دایك و باوكی چووه، ته‌نها له‌وه‌دا نه‌بێت كه ئه‌و ڕۆحی هه‌بووه و دایك و باوكی
نه‌یانبووه. زانیارییه بایۆلۆجییهكانمان ده‌توانن به وردی ئه‌وه شیبكه‌نه‌وه
كه كۆرنیای چاوی منداڵێك كه‌مێك چه‌ماوه‌تره له كۆرنیای چاوی دایك و باوكی.
بازدانێكی بچووك له جینێكدا ده‌توانێت وه‌ڵامی ئه‌وه‌مان بداته‌وه. به‌ڵام بایۆلۆجی
ناتوانێت ئه‌وه شی بكاته‌وه كه منداڵێك خاوه‌نی ڕۆحه و له دایك و باوكێك بووه
كه ڕۆحیان نه‌بووه. ئایا بازدانێك یا چه‌ند بازدانێك پێكه‌وه، به‌سن بۆ ئه‌وه‌ی
ئاژه‌ڵێك ببێته خاوه‌نی توخمێك كه پارێزراو بێت دژی هه‌موو گۆڕانێك، به مردنیشه‌وه؟
له‌به‌ر ئه‌مه‌یه كه بوونی ڕۆح له‌گه‌ڵ تیۆریی
ئیڤۆلوشندا یه‌ك ناگرێته‌وه. ئیڤۆلوشن واتا گۆڕان. واتا توانای ئه‌وه‌ی نییه
توخمی ئه‌به‌دی نه‌گۆڕ بێنێته بوون. له ڕوانگه‌ی ئیڤۆلوشنهوه، نزیكترین شتێك
له جه‌وهه‌ری بوونی مرۆڤه‌وه، دی ئێن ئه‌یه. ئه‌میش ئامێری بازدان و گۆڕانه نه‌ك
كورسی ئه‌به‌دییه‌ت. ئه‌م بابه‌ته ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی ده‌ترسێنێت، ئه‌وانه‌ی
كه ئیڤۆلوشن ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه و نایانه‌وێت ده‌ستبه‌رداری ڕۆحیان ببن.