تەنگەژەی فەلسەفە/لۆجیک لەجیهانی ئیسلامیدا: دوێنێ و ئەمڕۆ

ڕاپۆرت 07/02/2021

نەوزاد جەمال
لەبەر ڕۆشنایی سەمینارەکەی 'پ.د. سەباح بەرزنجی' کە لە(٦-٢-٢٠٢١) لەهۆڵی شەهید ئازاد هەورامی لە ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر پێشکەشی کرد، دەمەوێت ووردە سەرنجێک بخەمەڕوو. بەڕێزیان کە باسی سەرهەڵدانی لۆجیک و ڕۆڵی لەپەرەسەندنی زانستەئسلامیەکاندا کرد، پەیامی سەمینارەکەی لەناوەڕۆک و ناونیشانەکەیدا باش ڕەنگیدایەوە. بەڵام، بەبێ ئاماژەکردن بەرێگروکۆسپەکان- بەناوی شەرعەوە- وەک نیشاندانی نیوەپڕەکەی پەرداخە ئاوەکەیەو بەشە بۆشەکەی بەبێ تیشکخستنەسەر دەمێنێتەوە.  
ئاشکرایە، بزاڤی وەرگێڕان لە سەردەمی 'المأمون' ( 218 کۆچی) وە دەستپێدەکات. دەقی فەیلەسوفەکانی یۆنان وەردەگێڕدرێن و دواجار لۆجیک و فەلسەفە دەبنە رێخۆشکەری هونەری رەوانبێژی-ڕیتۆریک، وتوێژو مشتومڕ، لێکدانەوەی پێوانەی-القیاس المنطقي(syllogism) بەتایبەت لای موعتەزیلە لەراڤەکردنی دەقدا. بەڵام، ئەوە تەنها لایەنەی تەکنیکەیەی پرۆسەی وەرگێڕان و لێوەرگرتنە. دیوەکەیتر کە گرێدراوی پرسی سیاسی-پرسی خەلافەو دەسەڵاتگرتنەدەست و ڕاڤەی دەقەکانی ئایینە، لە پرۆسەی پێشوازیکردن یان ڕەتکردنەوە (فەلسەفە/لۆجیک) گێژاوی سیاسی و ململانێی گروپەکان دەردەکەوێت. کەواتە، پاساوی سیاسی و ململانێی دەسەڵات بەحەڵاڵکردن/ حەرامکردن تەریببووە.  
 لێرەوە، ئاماژەکردن بەدەنگە دژەکانی لۆجیک/فەلسەفە، وەڵامی چەند پرسیارێکیش دەدەینەوە. ئایا؛ لۆجیک کە ڕۆڵی کارسازی لەسەرهەڵدان و پێشخستنی زانستەئیسلامیەکاندا هەبووە، هۆکاری پێشنەکەوتنی زانستەئەزموونییەکانیشە؟ تاچەند ڕۆڵی لۆجیک لەبناغەڕێژی زانستەکانەوە، دەبێتە ئامرازی پاساوسازی دەسەڵاتی سیاسی و جواننکردنی دەقی ئایینی؟

دەنگە دژەکانی فەلسەفەو لۆجیک
لەم بۆنەیەدا چەند ناوێک هەڵدەبژێرین:

1-زانای ناسراو شافعی(204.کـ)
ئیمامی 'زەهەبی' ووتەیەکی لێدەگێڕێتەوە: "خەڵکی نەزان نەبوون و جیاوازیان نەبوو تائەوکاتەی زمانی عەرەبیان فەرامۆشکردو چوون بەلای زمانی ئەرستۆ"دا( الذهبي: سير أعلام النبلاء. ط. الحديث (ج8/ص268))[1].بەڵام، بەڕای زەهەبی، شافعی شتی وەهای نەووتوە، چونکە، سەروەختی ئەو دەقی یۆنانی هێشتا وەرنەگێڕدراون. لەکاتێکدا، هەمان ووتە لای 'سیوتی' ئاماژەی پێکراوەتەوە (السيوطي: 'صون المنطق والكلام عن فني المنطق والكلام' (47-48)).
با وادانێن، ووتەکە هی 'شافعی'یە، ئەوا پاساوی حەرامکردنە لەوەدایە کە زمانی عەرەبی جیاوازەو ناکرێت لەراڤەو گەنگەشەی پرسە فیقهی و ئایینەکاندا پێوەری زمانی یۆنانی بەسەردا جێبەجێکرێت. ئیدی، ووتەکە لەوەدا شیاوە کە ناکرێ بەپێوەری زمانێکی بیانی، کاربکرێت. بەڵام، 'لۆجیک' هونەری بیرکردنەوەو فێرکردنی بڕیاردانی دروستە. رێساو یاسای بیرکردنەوەی راستودروستە لە ئەنجامگیریکردندا. مرۆڤ فێردەکات بڕیاری ژیرانەبدات و بەپێچەوانەی خۆی یان دژ بەبەڵگەنەویستەکان نەپەیڤێت. کەواتە، بابەتی لۆجیک لەبنەڕەتدا پەیوەندی بەبیرو ڕێکخستنی هزری مرۆڤەوە هەیە، نەک ئەوەی شوێنی سەرهەڵدانی یان زمانی نووسینی بکرێتە پێوەر. جگەلەوەی، 'لۆجیکی کلاسیک' رووخسارەکییە-فۆرماڵەو لەناوەڕۆک داماڵراوە.

2-غەزالی(ت505 ـ) و تیرەکانی:
 زەبری کاریگەری ئەو لەقەدەخەکردن و رەتدانەوەی فەلسەفە/لۆجیکدا بەهێزو رچەشکینە. چونکە، خۆی ئاگاداری بوارەکە بووە. بەڵام، کاتێک بەقەیرانێکی رۆحیدا تێەپەڕبووە، بەتایبەت کەبۆی دەرکەوت بەبەڵگە ئەقڵییەکان هەندێک پرسی وەک سەلماندنی 'بوون' و 'نەبوونی' خودا یەکسانن، ژیری مرۆڤ ناتوانێ ئەوە بەلادابخات. لێرەوە، ناتوانین دڵنیایی-یەقین- بخەنە ناخی باوەڕدارەوە. بۆ ڕەواندنەوەی گومان و دوودڵیش، تەسەوفی کردە دەرچەکە. بەڵام، گرفت و ماڵوێرانیەکە ئەوە نییە کە بەچەکی فەلسەفە و لۆجیک 'فەلسەفەی یۆنانی' رەخنەکردووە یان ڕەتکردۆتەوە. بەڵکو دەسەڵاتی فیقهی و فەرمی خۆی بۆ تەکفیرکردنی فەیلەسوفەکان بەکارهێناوە.  ئەوە ئاسایی و کارێکی فەلسەفی و زانستییشە، ئەگەر بەرەخنەی فەلسەفیی هەڵەی لۆجیکییەکانی یۆنانی دەربخستایە. بەڵام، کاتێک 'مۆرکی حەرام' لەفەلسەفەو لۆجیک دەدات، بەفەتوایەک دەرگا لەسەر بیرکردنەوە پرسیارو رەخنەی فەلسەفیانە دادەخات، بێئەوەیی هیچ ئەلتەرناتیڤێکی فەلسەفیانە بهێنێتەئاراوە. چونکە، ئەمە بەوێرانکردنی ژیرخانی زانست و فیکری لەجیهانی ئیسلامیدا کەوتەووە. ئیتر مسوڵمانان هیچ فەلسەفەیەکی ئەلتەرناتیڤی یۆنانیان پێ ئامادەنەکرا لەوەڵامدانەوەی یۆناندا. هەروەها، مسوڵمانانی لەوتوژێرو دیالۆگی فەلسەفی بێبەشکرد.
کەواتە، بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئایینی وەک ئوستادێک لە قوتابخانەیەک فەرمی دەوڵەت، پاڵپشتە بەپێگەی ئەو لەدامەزراەکانی دەوڵەتدا. غەزالی وەک ئامرازی سیاسەتی سوڵتانی، لەڕەخنەکردنەوە دەبێە سەرچاوەی تەکفیرکردن. لەپێناو پاراستنی باوەڕدا، دەکەووێتەسەنگەرکردن. لەکتێبی "التهافت"دا کە لێکدژی فەیلەسوفەکان لە(٢٠) پرس/گرفتی فەلسەفیدا دەخاتەڕوو، دواجار لەکۆتاییدا دەڵێت:"ئایا ئەگەر کەسێک بڵێت؛ رێبازی ئەوانت یەکلاکردەوە، ئایا تەکفیریان دەکەیت و دەبێت بکوژرێن؟... دەڵێین؛ دەبێت لەسێ پرسدا تەکفیر بکرێن..." (تهافت الفلاسفة: الغزالي. تحقیق سلیمان دنیا/ دار المعآرف بمصر. ط الرابعة)[2].
لەکاتێکدا، لۆجیک و میتافیزیکی ئەرستۆ لەلایەن دیکارت، بەیکۆن، کانت و شۆڕشی کۆپەرنیکیەوە داڕووخا. بۆیە، دەکرا بیرمەندە ئیسلامییەکانیش لەوەدا دەستپێشخەربوونایە نەک فتوای حەرامکردنی بدایە. ئەگەرچی پاڵنەری سیاسی و دۆخی دەروونی خۆی لەوەدا کاریگەربووە.  

3-فەتواکەی ئیبن سەلاحی شارەزووری(643):
وەک فێرخوازێکی مامۆستاکەی (كمال الدين بن يونس الموصلي) کە تەواو دژی لۆجیک بووەو بەفێرخوازەکەی وتووە؛ "ئەی زانا بەرژەوەندیت لەوەدایە دەست لەو هونەر هەڵبگری. چونکە، خەڵکی چاوەڕوانی چاکەت لێدەکەن و پێیاننوایە هەرکەسێخەریکی ئەو بابەتە بێت، باوەڕی پووچە. بۆیە، ئەوە دەبێتە هۆی رایان لەسەرت خراپ بێت". لێرەوە، بەگوێی دەکات و دەکەوێتە دەرکردنی فەتوای حەرامکردنی لۆجیک؛ "فەلسەفە سەری نەفامی و بەرەڵاییە. مادەی سەرگەردانی و گومڕایی و بێدینییە... سەبارەت بە لۆجیکیش کە دەروازەی فەلسەفەیە. دەروازەی خراپەش خراپە.[3]"( فتاوي ابن الصلاح لأبي عمرو بن الصلاح، دار الحديث، القاهرة2007، الصفحة:96).
4-لۆجیک/زانستەیەقینەکان دەبنەهۆی پاشکەوتنی زانستی ئەزموونییەکان
لەگەڵ ئەوەی لۆجیک/فەلسەفە لەدۆخێکی دژواری نێوان حەرامکردن و حەڵالکردندا قەتیسبووە، بەجۆرێکیش لەپێشخستنی گەنگەشەو هونەری رەوانبێژی و بەڵگەسازی و سەلماندن و 'قیاس' و زمانی عەرەبی و نەحو سەرفدا کاریگەربووە. ئیتر، ئەوەندە رێپدراوە کە وەک ئامراز -علوم آلیە- دواتر بە'علوم القیاس' یان بە 'ظوابط الفکر' ناوبراوە. ئامرازێکی دەستی فەقیهو زاناو راڤەکاران کە لەڕەگوڕیشەو باسوخواسە فەلسەفیەکانی زێدی خۆی –یۆنان- داماڵراوە. تەنها وەک ئامرازێکی پەتی داکۆکیکردن لە دەق و هەڵهێنجانی بڕیارەشەرعیەکاندا بەکارهاتووە. بەمەش سەربەخۆیی خۆی لەدەستداوەو تەنها لەخزمەتکردنی باوەڕو دەقی ئاینییدا رێپێدراوبووە.
ئیدی، ئەوەندەی بۆتە ئامرازی سەلماندن و روونکردنەو داکۆکی لەکۆڵەکانی باوەڕ ئەویش کە هەندێک جار لەپەڕاوێزدا، هێندە وەک بوارێکی خۆبەخۆ مافی تویژێنەوەو قسەکردنی نەبووە. لەبەرئەوە، لۆجیک، وەک زانستی بەڵگەنەویست –یەقینی- و هەمەکی-عمومی/کلی-  لەدواخستن یان سەرهەڵنەدانی پرسیاری زانستی و گەشەکردنی زانستی ئەزموونەکی لەجیهانی ئیسلامیدا بەجۆرێک بەشداربووە. ئەمە تێزەی نووسەرو توێژەرێکی مەغریبیە(حمو النقاري') کە خۆی ئوستادی فەلسەفەی ئیسلامییە لەزانکۆی فاس. لەکتێبی "نظرية العلم عند الفارابي" دا پێیوایە، بایەخدانی فەیلەسوفەمسوڵمانەکان بەلۆجیک و زانینەیەقینیەکان، هۆکاری دواکەوتن زانست و زانستی سروشتین. چونکە، ئەو زانینە یەقینە/لۆجیک، وایکرد بایەخ بە بابەتەکانی ئەزموونکردن و راستییە ئەزموونەکییەکان نەدرێت. لەکاتێکدا ئەزموونکرد بووە هۆی شۆڕشی زانستی خۆرئاوا. بەپێچەوانەوە، زانا مسوڵمانەکان بە'قیاس'ی لۆجیکی ئیکتفیانکردو لەکنەو پشکنین لەهۆکارەکانی نێو جیهانی سروشت بێنیازبوون. لەکاتێکدا، ئەو جۆرە 'قیاسە' هیچ زانین و ناوەڕۆکی زانیاری نوێ بەدەستەوەنادات. تەنها ووتنەوەو دووبارەکردنی بریارە هەبووەکەیە لەپێشەکیەکدا کە بەهەمانگۆیی-تاوتۆلۆجی دەناسرێت.
هەر لەو ڕوانگە بەڵگەنەویست و فۆرماڵەوە سەیری بوونەوەرو دیاردەکانی سروشت کراوە. کاتێک تۆ هۆکار/بکەری یەکەم(خودا) دیاریکرد، ئیتر ناپرسیت بۆ دیاردەو رووداوەکانی نێو سروشت بۆچی وایە یان چۆن دەکرێت ئاڕاستەبکرێن. چونکە، لەبنەڕەتەوە خۆت بەبەڵگەنەویستێک یەکلاکردۆتەوە و بۆتە باوەڕێکی چەسپیو. بەڵام، گەڕان بەدوای هۆکارو ئەنجامەکاندا لەنێو ڕووداوەکانی سروشت و جیهاندا، هۆی سەرهەڵدانی توێژینەوەی زانستییە. مادام تۆ هەموو بڕیارو هۆکارەکانت لەنێو جیهاندا بەجوڵێنەری یەکەم بەستەوە، ئیتر جگەلە خۆڕادەستکردن بۆ ئەو هێزە شتیکی دیکە نابێتە مایەی پرسیار. وەک ئەوەی لەجیاتی بپرسیت هۆکاری نەبارین چییە، دەچیت بۆ نوێژەربارانە دەکەیت.

٥- لەئامرازی دامەزراندنەوە بۆ پاساوسازی
تێگەیشتن لەهۆکاری قەدەغەکردن یان بایەخدان بەفەلسەفەو لۆجیک، رەهەندی مێژوویی هەیە. پێویستە لەکۆنتێست-بەستێن-ی مێژووییدا ئەو رێگروڕێخۆشکەرانەش بخوێنرێتەوە. هەلومەرجی بابەتی و خۆیی لەپشت قەدەغەکردن یان رێگەپێدانەوەیە. دەنا، دەکەوینە بڕیاری ڕەهاو بیرکردنەوەیەکی یەکڕەهەندانەوە کە بڕیار لەبابەتەکان دەخزێنێتە نێوان ڕەش / سپییەوە.
بارودۆخێکی سیاسی وایکرد وەرگرتن لەکولتوری یۆنانەوە بێتەئاراوە. دواتر، بۆئەوەی لۆجیک جێی خۆی بکاتەوە لەنێو ئاین و کولتوری خانەخوێدا، لەڕەهەندە مێژووییەکەی- یۆنان- داماڵرا. جگەلەوەی، لۆجیک ئامرازێکە، هونەرێکی بێلایەن و لەخۆیدا بێناوەڕۆکە. چونکە، فۆرمە/قاڵبە بەسەرهەموو بوارە زانستییەکاندا جێبەجێدەبێت. بەڵام، ئەوەندی زانا ئیسلامییەکان لەو ئامرازە سوودیان وەرگرت، دواتر رەتیانکردەوەو لەریزبەندی زانستە ڕێپێدراوەکاندا دەرکرا. مادام، لۆجیک دەروازەی فەلسەفەیە، فەلسەفەش شان لەهەموو پرس و بابەتێک بەبێ سانسۆر دەسوێت. دەرەتانی لۆجیک لەدووشت بەدەرنەبوو: لۆجیک لەئامرازی دامەزراندنی بنەماکانی زانستەکانی (نەحو، سەرف و رەوانبێژی، ئسولی فیقه و قیاس) بووە ئامرازی پاساوسازی-بەهانەسازی(تبریر) دەقەکان. بۆیە، 'ئەرستۆ' وەک لۆجیکساز تائەوێ پەسەندە، بەڵام وەک دانەری پرسیارە میتافیزیکییەکان نا. یان دەبێتە پاساوسازی دەسەڵاتی سیاسی لەڕاڤەکردنی دەقدا. ئەگەر موعتەزیلەکان بەنموونە وەرگرین کە ڕۆڵیان لەزەمینەسازی و شەرعیەتدان بەدەسەڵاتدا هەبووە، پەنایانبردۆتەبەر لۆجیک و هونەری رەوانبێژی تابەهانەسازی دەسەڵاتی خەلیفەبن.
لە ئەنجامدا دەکرێت بڵیین؛ چیتر ناکرێت پێگەو گرنگی فەلسەفە بخرێتە نێو مشتومڕی حەڵاڵ و حەرامەوە. وەک ووتراوە، لەفەلسەفەو فیکردا حەرام و هێڵی سوور نییە. کەواتە، ناکرێ بەجۆرە لەبیرکردنەوە بڕوانرێت و لەدەرەوەی سنوورو تواناکانی ژیری مرۆڤ، پێوەر بۆ ژیر/ئەقڵ خۆی دابنرێت. دانانی سنوور جگەلە قەدەخەکردنی پرسیارو بەدواچوون پتر نییە کە ئەوەش بنەما بەرهەمی فەلسەفەو زانستەکانە.


[1] "ما جهل الناس ولا اختلفوا إلا لتركهم لسان العرب وميلهم إلى لسان أرسطو"
[2] "إن قال قائل: قد فصلتم مذاهب هؤلاء أفتقطعون القول بتكفيرهم، ووجوب القتل لمن يعتقد اعتقادهم؟ قلنا: تكفيرهم لا بدّ منه في ثلاث مسائل، إحداها: مسألة قدم العالم، وقولهم إنّ الجواهر كلّها قديمة، والثانية: قولهم إنّ الله لا يحيط علماً بالجزئيات الحادثة من الأشخاص، والثالثة: إنكارهم بعث الأجساد وحشرها، فهذه المسائل لا تلائم الإسلام بوجه، ومعتقدها يعتقد كذب الأنبياء، صلوات الله عليهم وسلامه، وأنّهم ذكروا ما ذكروه على سبيل المصلحة، تمثيلاً لجماهير الخلق وتفهيماً لهم، وهذا هو الكفر الصريح، الذي لم يعتقده أحد من المسلمين.
[3] "الفلسفة رأس السفه والانحلال، ومادة الحيرة والضلال، ومثار الزيغ والزندقة، ومن تفلسف عميت بصيرته عن محاسن الشريعة المؤيدة بالحجج الظاهرة، والبراهين الباهرة، ومن تلبس بها تعليماً وتعلماً قارنه الخذلان والحرمان، واستحوذ عليه الشيطان، وأيّ فنّ أخزى من فنّ يعمي عن نبوّة محمد، وأما المنطق؛ فهو مدخل الفلسفة، ومدخل الشرّ شرّ، وليس الاشتغال بتعليمه وتعلمه مما أباحه الشارع، ولا استباحه أحد من الصحابة والتابعين والأئمة المجتهدين والسلف الصالحين، وسائر من يُقتدى به من أعلام الأمة وسادتها" ابن صلاح. فتاوی و مسائل في التفسیر و الحدیث و الأصول و الفقه. دار المعرفة. ١٩٨٦. س ٢٠٨-٢٠٩