داوا دەكرێت ناوەندی رۆشنگەری چاودێر لە خولە فكریەكانی بەردەوام بێت

ڕاپۆرت 04/02/2021


راپۆرت- چاودێر:
پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری، سەر بە ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر، خولێكی دوو ڕۆژەی  بەناونیشانی (پەروەردەی ڕۆشنگەری) بەرێوەبرد، و بەوتەی بەشداربووانیش، بەردەوامی ئەم جۆرە خولانە، لەم ساتەدا كە كۆمەڵگای كوردی، بەدۆخێكی خراپی ئابووری و سیاسیەدا تێدەپەڕێت، بایەخی خۆی هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە،  دووەم رۆژ و كۆتایی خولەكە بوو، كە لەدرێژەی كارو چالاكییەكانی پلاتفۆرمی دابران و فێمێنیزمی ڕۆشنگەری، خولێكی پەروەردەی ڕۆشنگەریی بۆ هاوبیران و ئەندامانی بازنەكانی دابڕان لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە.
لەماوەی دوو رۆژی خولەكەدا، كۆمەڵێك بابەت و تەوەر لە لایەن بیرمەندان و پسپۆڕانی بوارەكەوە وترانەوە و لەدووەم رۆژی خولەكەشدا، بابەتەكانی رۆژی یەكەم درێژەیان هەبوو، د.بەسمە حەبیب، درێژەی بەبابەتی (هەڵسەنگاندنی بەرەوپێشچوونی مافەكانی ژن لەعێراق و هەرێمی كوردستان)دا، پاشانیش د.ماجید خەلیل درێژەی بابەتی (شوێنی ئیسلامگەرا لەناو جوڵانەوەی ئازادیخوازیی كوردیدا) پێشكەش كرد و دواتریش  مامۆستا عومەر عەلی (چەمكی مرۆڤ لە دونیای نوێدا) درێژە پێدەدات، وتاری كۆتایییش لەلایەن مەلا بەختیار پێشكەش دەكرێت، پاشانیش بڕوانامەی بەشداربوون دەبەخشرێتە بەشداربووان.
لەكۆتایشدا، لەلایەن بیرمەند مەلا بەختیار درێژەی بابەتی (سیاسەتی نوێی جیهانی)، خرایە روو. كە تێیدا جگە لە پانۆرامای مێژوی سیاسەتی جیهانی، باسی گۆڕانكاری سیاسەتە نێودەوڵەتیەكانی بەرامبەر كوردیش كرد لە قۆناغە جیاوازەكاندا.
گرنگە خولەكان بەردەوام بن
مەحمود باجەڵان، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و بەشدار لەخولەكە،  لەلێدوانێكی تایبەتدا، بە(چاودێر)ی راگەیاند: سوپاس بۆ ناوەندی چاودێر و پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری كە ئەم خولەی بۆ كۆمەڵێك مامۆستا و خوێندكاری زانكۆ  لەماوەی دوو رۆژدا كردەوە، لەم خولەدا زیاتر بابەتە فكریی و رۆشنگەرییەكان باسكران.
وتیشی " ئێمە وەك تاكی كورد لەرووی فیكرییەوە زۆر بەگرنگی دەزانین، بابەتەكانی ناو خولەكە و پێویستە گەنجەینەیەكی فراوانی مەعریفی بۆ دروست بكرێت و  دەبێت هەمیشە پاڵپشتی بكرێت، بەبیرۆكەی نوێ و جیهانی پێشكەوتنی نوێ، تاوەكو بزانین چۆن دەگوزەرێت؟، بۆ ئەوەی بتوانین هەنگاوەكانی خۆمان بەرەو پێش بەرین بەتایبەتی ئەم هەنگاوانە بۆ كەرتی پەروەردە و مامۆستایان بایەخی زۆری هەیە، چونكە بەراستی مامۆستایان پەروەردەكارن و نەوەیەكی بەرچاویان بەدەستەوەیە و داواكارین كە ئەم جۆرە خولانە بەردەوام بن ". 
كوێستان محەمەد، خانم چالاكوانێكی بەشداربووی خولەكە، بۆ چاودێر، جەختیكردەوە:  ئەم خولە بەگشتی زۆر باش بوو، ئامادەكاریی تەواوە لەرووی فكری تاكەوە، بۆ ئەوانەی بەشداربوون، رەنگە لەئایندەدا هەر كەسەیان پێگەیەكیان لەنێو كایەكانی كۆمەڵگەدا هەبێـت.
ئاماژەی بەوەشكرد: هەمیشە خولە فكرییەكان  سودێكی زۆریان هەیە و جیاوازن لەخولەكانی تر، بۆیە بەردەوامیان  بەكار و هەنگاوێكی باشی دەزانم.
هاوكات، زانا حەبیب، كە پیشەی مامۆستایە و بەشداری خولەكەی كرد، بۆ چاودێر، روونیكردەوە،" بەراستی زۆر سودمان  لەبابەتەكانی خولەكە وەرگرت، چونكە كۆمەڵێك گرفتی كۆمەڵگەمان دەستنیشان كران، تاوەكو پەنجە بخەینە سەر برینەكان و چارەسەریان بكەین، بەتایبەتی لەم بارودۆخەدا، كە كۆمەڵگاكەمان لەقەیرانێكی قوڵی دارایی و ئاڵۆزدایە، پێویستە بچینە ناو خەڵكەوە، تاوەكو زیاتر لێوەیان نزیك بین، بارودۆخە سیاسیەكە بخەچنە ئەولاوە".
ناوبراو،  داوای بەردەوامی كردنەوەی ئەم جۆرە خولانەی كرد.
پلاتفۆڕمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگەری لەچوارچێوەی زنجیرە خولێكدا، مانگانە دوو كۆڕ و سیمینار لەسەر پرسە جیاواز و جێ بایەخەكان بۆ نووسەر و ئەكادیمی و رۆشنبیر و رۆشنگەرەكان رێكدەخات.