ئەنجامی گفتوگۆكانی بەغداد: هەرێم لە مەترسیدایە

ڕاپۆرت 03/02/2021


هەرێمی كوردستان لە لێواری مەترسیی گەورەدایە، حكومەتی عێراق تا دێت فشارەكانی لە سەر هەرێم توندتر دەكاتەوە و ئەمڕۆش شاندەكەی هەرێم بەبێ رێككەوتن دەگەڕێنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی چاودێر شاندی باڵای هەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان و بەشێك لە سەركردە سیاسییەكان كۆبوونەوە لەوانە نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا.

بەپێی ئەو زانیارییانە، لایەنە شیعەكان دووپاتیانكردووەتەوە كە دەبێت هەرێمی كوردستان سەرجەم دۆسێی نەوت رادەست بكاتەوە و بەردەوامیشن لە بەرزكردنەوەی داواكارییەكانیان، لەوانە داواكردنی كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكانی پێشمەرگە، گوتویانە ناكرێت هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاتر لە 400 هەزار پێشمەرگە بێت.

لەوبارەیەوە محەمەد ڕێگر فەرماندەیی باڵای پێشمەرگە بۆ دەنگی ئەمریكا گوتی: لایەنە عێراقییەكان نەیاری پێشمەرگەن، چونكە هێزێكی نیشتیمانی و نەتەوەییە و بەرگری لەكوردستان دەكات.

گوتیشی: لایەنە عێراقییەكان دژی پێشمەرگە قسە دەكەن، لەكاتێكدا پێشمەرگە بەشێك لە موسڵی لە داعش پاككردەوە و ڕێگەی بۆ هێزە عێراقییەكان كردەوە، تا بەرەو موسڵ بڕۆن، سەرباری ئەمەش، دژی پێشمەرگەن، چونكە پێشمەرگە میلیشیا نییە و جێبەجێكاری ئەجێندای وڵاتان نییە”.
            
لەبارەی وردەكاری گفتوگۆكانەوە سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق بۆ چاودێر گوتی: گفتووگۆكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە گەیشتن بە بنبەستن نزیكبوونەتەوە، لایەنی شیعی ئاستی داواكارییەكانیان زۆر بەرزكردووەتەوە، شاندی كوردیش بە داواكارییەكان رازی نەبوون.

سەرچاوەكە، گوتیشی: ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان رەنگە بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان بێ هیچ رێككەوتنێك، بەڵام سەرەتای هەفتەی ئایندە رەنگە جارێكی دیكە شاندی هەرێم بچنەوە بەغدا كاتی دەنگدان لەسەر پرۆژەی بودجە، چونكە كۆتایی ئەم هەفتەیە پرۆژەی بودجە ئامادە دەبێت بۆ دەنگدان و هەفتەی داهاتوو رەنگە دەنگی لەسەر بدرێت.

هاوكات لەگەڵ ئەم گفتوگۆیانەدا سوپای عێراق هێزی رەوانەی ناوچەكانی گوێر و مەخمور كردووە و بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان سوپای عێراق نیازی گرتنەوەی بیرە نەوتەكانی هەرێمی هەیە لە حاڵی رازینەبوونی هەرێم بە رادەستكردنی نەوت و ژمارەیەك ئەندام پەرلەمانیش پشتراستیان كردووەتەوە كە بەغدا بەهێز بیرەنەوتەكان دەگرێت.

هاوكات بەپێی زانیارییەكانی چاودێر، هێزەكانی لەشكری گوڵانی پارتی، لەشكری  رۆژی ئەنەكەسەی رۆژئاوا، سوپای میللی رۆژهەڵاتی كوردستان بە درێژایی سنوری موسڵ و ناوچە دابڕاوەكان بڵاوەیانپێكراوە.

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان گوتویانە، جوڵەی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەر ئەگەری هێرشی سوپای عێراقە، چونكە لە كاتی گفتوگۆكانی شاندی پارتی و لایەنە شیعەكان ئەو ئاماژانەیان بە پارتی داوە، بەڵام ئەمڕۆ وەزارەتی پێشمەرگە لەراگەیەنراوێكدا گوتی: جوڵەی پێشمەرگە كراوە، بەڵام لە بەر مەترسی جموجۆڵەكانی چەكدارانی داعشە نەك سوپای عێراق.

لای خۆیەوە گوتەبێژی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم  نەوتی بەرهەمێنراو یان داهاتەكەی لەگەڵ داهاتی خاڵە سنوورییەكان رادەست بكات.

 لای خۆشیەوە ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نيشتمانيى كوردستان لە پەیامێكدا كە لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، گوتی: سەرەڕای ئاڵنگاری و پیلانی نەیاران، دوو ئاڕاستەی سیاسی ناوخۆیی مەترسیداریش تا دێ زەقتر دەبنەوە.

گوتیشی: بەدانایی و لە خۆبووردنەوە كار نەكرێ و لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو پرسە سیاسییە نیشتیمانییە كۆك نەبنەوەو بە بەرپرسیارێتیەوە ئاڕاستە گشتییەكە نەگرینەبەر ئەوا هەرێمیش ئێوە خۆش.