مەلا بەختیار: بۆ نەدۆڕاندنی ویژدان بووین بەپێشمەرگە، نەك بۆ گیرفان پڕكردن!

کوردستان 27/01/2021

"یەكێك لەشانازییەكانی خانەقین،
پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەو مەزهەبەكان"
پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ (27/1/2021) ژمارەیەك لەكەسایەتییەكانی خانەقین، لەكورد، عەرەب، توركمان‌و كاكەیی، سەردانی مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیان كرد.
لەدیدارەكەشدا، كەسایەتییەكانی خانەقین، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، ئێمە هاتوین بۆ لای كوڕێكی خانەقین، كوڕی تێلخانەو كاریزو ئەڵوەن، هاتنەكەمان بۆ لای برایەكی خۆمانە، كە مناڵی و لاوێتی خۆی بۆ كوردستان بێ‌ جیاوازی، ئینجا بۆ بەرگرتن بەتەعریب و كوشت و بڕی بەعس لەخانەقین تەرخانكردووە. وتیشیان: هاتنەكەمان بۆ وەفادارییە بۆ مێژووی ئەم كوڕە جوامێرەی شارەكەمان، كە بۆ هەمیشە پشتیوانی خۆیی و رێبازەكەین.
لەلایەن خۆیشییەوە، مەلا بەختیار، هاتنی دانیشتوانی رەسەنی خانەقین، كورد، عەرەب، توركمان، كاكەیی و مەسیحی و صوبی پێكەوە، بەمایەی شانازیی لەچوارچێوەی پەیامی بەئاشتی پێكەوە ژیانی نەتەوەو مەزهەبە جیاوازەكانی خانەقین، پێناسەكردو وتی:
ئەم پێكەوە ژیانەش لەخانەقین، گوڵدانێكی پڕ لەجوانییە بۆ هەر یەكێكمان. چونكە هەر نەتەوەو مەزهبێك بە بۆن و رەنگی خۆیەوە، لەشارەكەدا ژیاوەو جوانیشی پێبەخشیوە و هەم بوینەتە تەواوكاری یەكتریش. نەبونی هیچ ناخۆشی و ئاژاوەیەكیش لەمێژووی رابردووی شارەكەدا، ئەو حەقیقەتەی سەلماندووە.
لەبەشێكی تری وتەكانی دیدارەكەدا، مەلا بەختیار، هەمیشە ئەو وتەیەی دوپاتكردەوە، كە "ئەگەر خانەقینی نەبومایە، نەدەبووم بەم مەلا بەختیارە" و رونیكردەوە: كە خەم و ئازارو نەهامەتی و ئەو زۆردارییانەی دەكرایە سەر خانەقین، منی كرد بە مەلا بەختیار! وتیشی: ئەمەش مانای ئەوەیە، خانەقین منی كردە مەلا بەختیار، نەك مەلا بەختیار، خانەقین بكاتە ئەم خانەقینە. چونكە خانەقین لە(1500) ساڵ پێش ئێستاوە هەبووە‌و ئەوەشی منیكردە پێشمەرگە، خۆشەویستی و ئازارەكانی شارەكەم بوو، بەئێستاشەوە. نەك لەبەر نەهاتی و نەبوونی ببوبێتم بەپێشمەرگە، چونكە خێزانەكەم هەبوو بوین. بۆیە كە بووم بەپێشمەرگە بۆ ئەوەبوو كە زوڵمی بەعس قبوڵ نەكەین و بۆ ویژدان بووین بەپێشمەرگە، نەك بۆ گیرفان پڕكردن. واتا: كە بووین بەپێشمەرگە، بۆئەوە نەبوو تا بزانین چەند دەچێتە گیرفانمانەوە، بەڵكو بۆ ئەوەبوو هەتا ویژدانی خۆمان نەدۆڕێنین.
مەلا بەختیار، لەوتەكانیشدا، جەختیكردەوە: راستە خانەقینیم و خانەقینیش منی كرد بەم مەلا بەختیارە، بەڵام ئەركی ویژدانی و ئەخلاقیم، خەبات و تێكۆشانە بۆ هەموو پارچەكانی كوردستان‌و تەنانەت بۆ عیراقیش، نەك تەنها بۆ شارەكەی خۆم. بەداخیشەوە، كە عیراق لەوڵاتی خێراتەوە بووە بەوڵاتانی دزی و تاڵانی!
لەكۆتایی وتەكانیشدا، مەلا بەختیار، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، راستە دەركردنی تەعریبە هاوردەكان، كردنەوەی پەروەردەی كوردی، بونیادنانەوەی داوودەزگا و قائیمقامییەتی شارەكە، پاراستنی بانك‌و بەنزینخانەكان‌و.. دوایش دروستکردنی سێ کۆلێژو دوو پەیمانگاو ئاوەدانکردنەوەی تەواوی شارو دێهاتی خانەقین.. تد، بەشێكە لەو ئەركانەی رامانپەڕاندووە، بەڵام دەمەوێت بڵێم: ئەو ئەركانەی رامانپەڕاندووە، هەم من وەك مەلا بەختیارو هەم هەڤاڵان و هاوڕێیانی دیكە، بەشێكی كەمە لەكۆی ئەركە گەورەكانی سەرشانمان. چونكە ستراتیژو پرەنسیپی رزگاركردنی خانەقین، بۆ ئەوەنەبوو تەعدا لەهیچ كەس و مەزهەب و نەتەوەیەك بكەین، بەڵكو بۆ كۆتاییهاێنان بەزوڵم‌و زۆرو خزمەتكردنی شارەكە گەڕابوینەوە، كە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی سپی بوو، سپی وەك جوانییەكانی خانەقین خۆی، واشمانكرد، ئەمەش شەرەف و پەروەردەی خانەقین بوو، نەك هەر ئازایەتی من.
وتیشی: ئێستا كە ناگەڕێمەوە بۆ شارەكە، لەبەرئەوەیە، كە ئەم بارودۆخ و هەلومەرجەم ناوناوە، ماوەی تاریكی و زوڵم لەعیراقدا.