خشتەی مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان ڕاگەیەندرا
چاودێر
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم لە سبەینێوە دەست پێ دەكات، بەڵام بە لێبڕینی 21% و چارەنووسی 7 مووچەی ساڵی ڕابردووش نادیارە.
بە پێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێم بڵاوی كردووەتەوە، سبەینێ یەكشەممە 24-1-2021 دابەشكردنی مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەران بە لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە باڵاكان دەست پێ دەكات.
بە پێی خشتەكە، سبەینێ مووچەی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پێشمەرگە (دیوان و لیواکان و یەکەی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە) و وهزارهتی دارایی و ئابووری خەرج دەكرێت.
دواتر تا كۆتایی هەفتە مووچەی سەرجەم وەزارەت و سەرۆكایەتییەكان و خانەنیشنان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دابەش دەكرێت.
بەپێی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی، كە میدیاكانی پارتی بڵاویان كردەوە، ئەو مووچەیەی دابەش دەكرێت مووچەی مانگی یەكی 2021 دەبێت و بەوەش مووچەی 7 مانگی ساڵی ڕابردوو (4 و 5 و 6 و 7 و 8 و 11 و 12) چارەنووسیان نادیارە و فەرمانبەران نازانن ئاخۆ لە داهاتوودا وەریدەگرنەوە یان پاشەكەوت دەكرێت.