ئەمیرێکی داعش لە کفری کوژرا

کوردستان 23/01/2021

چاودێر

 

فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە ئۆپراسیۆنێکی پێشمەرگەدا ئەمیرێکی داعش لە دەوروبەری کفری کوژراوە.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئۆپراسیۆنێکی پێشمەرگەدا ئەمیرێکی داعش لە دەوروبەری قەزای کفری لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کوژراوە و سێ چەکداری دیکەش کە لە ناوچەکە بوون بە ماتۆڕسکیل هەڵاتوون.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپراسیۆنەکانی پێشمەرگە لەو سنوورانەدا کە بۆشایی ئەمنی هەیە بە گوێرەی بارودۆخ و لە کاتی پێویستیدا بەردەوام دەبن.


پەیوەست بە بوونی بۆشایی ئەمنییش لەو سنوورەدا فەرماندەی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە ئەوەی خستە ڕوو، "لەو ناوچانەدا بەتایبەت لە لایەنی هێزەکانی عێراق بۆشایی ئەمنی هەیە و زیاتر داعش لەو ناوچانانەوە دزە دەکەن، ئەو ناوچانەی هێزی پێشمەرگەی لێیە مەترسییان لەسەر نییە، بەڵام داعش سوود لەو بۆشاییە وەردەگرێت کە تا سنووری حەمرینی ژێردەسەڵاتی هێزەکانی عێراق بوونی هەیە".