خولوسی ئاكار : بەم زوانە كاریگەری سەردانەكەم دەردەكەوێت

جیهان 21/01/2021


وەزیری بەرگریی تورکیا، خوڵوسی ئاکار رایگەیاند: "بە دانانی میکانیزمی گونجاو رەنگە لە قۆناغی داهاتوودا هاریکاری تورکیا-عێراق و تورکیا-هەولێر ببێتە هۆی کۆمەڵێک پێشهاتی زۆر گرنگ لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا، ئاکار لە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە رێوڕەسمێکی سەربازییدا پێشوازی لێکرا و، لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، جومعە عناد سەعدون ئەلجبووری کۆبووەوە. پاشان ئاکار و شاندەکەی لە لایەن سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ساڵحەوە پێشوازی لێکرا و، دواتریش لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، موستەفا کازمی و وەزیری ناوخۆ، عوسمان عەلی فەرهود غانمی کۆبووەوە.
ئاکار دوای دیدار و کۆبوونەوە چڕەکانی لە بەغدا، سەردانی هەولێری کرد و، بە جیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە
ئاکار ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکانی لە بەغدا و هەولێر ئەرێنیی بەڕێوەچوون و، رایگەیاند: ''بیروڕامان ئاڵوگۆڕکرد لەبارەی بابەتەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەتایبەتی بابەتە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە. خۆشحاڵبووین بەوەی لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا بۆچوون و هەڵوێستەکانمان لەیەکتری زۆر نزیک بوون. لە زۆر بابەتدا هاوڕابووین. لەو بابەتانەشدا لە رۆژانی داهاتوودا بەردەوام دەبین لەسەر کارەکانمان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست هەم لەڕووی ئاسیشی عێراق، هەمیش ئاسایشی تورکیا''.
وەزیری بەرگری تورکیا، جەختی لەوە کردەوە کە لایەنی بەرامبەر بەسەرنجەوە گوێی بۆ قسەکانیان گرتووە و رایگەیاند: "ئەوەمان بینی کە ئەوانیش بیرکردنەوەیەکی هاوشێوەی ئێمەیان هەیە. دەربارەی پلانەکانمان بۆ رۆژانی ئایندە دواین. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارەکانمان و کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ شاندەکانی لایەنی بەرامبەر. لە ئایندەیەکی نزیکیشدا کاریگەری ئەرێنی ئەم کۆبوونەوانە بەشێوەیەکی کرداری دەردەکەون"..
ئاکار لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا-ی بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شنگال وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکانماندا باسمان لە پرسی شنگال کرد و هەندێک زانیاریمان لەو بارەیەوە وەرگرت. لە ئیستادا زانیاری ئەوەمان هەیە کە پەکەکە بە تەواوی لە دەوروبەری شنگال نەکشاوەتەوە. لە ئێستادا کارەکانی حکوومەتی عێراق بۆ دەرکردنی پەکەکە لەو ناوچانە بەردەوامن، پێشیان راگەیاندین کە لە قۆناغی ئایندەدا تیرۆریستان لەو ناوچانە دەردەکەن. ئێمەش لە نزیکەوە چاودێری رەوشەکە دەکەین. بە لایەنەکانمان گوتووە ئەگەر پشتیوانیان دەوێت ئێمە ئامادەین پشتیوانییان پێشکەش بکەین".