توركیا پلانی گرتنی شنگالی هەیە

ڕاپۆرت 20/01/2021

چاودێر:

دوای سەردانە دوو رۆژییەكەی خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا و یەشار گولەر سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا، سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئاشكرایانكرد ئەنقەرە پلانی گرتنی شاری شنگالی لە هەرێمی كوردستان داناوە.

لە دوو رۆژی رابردوودا ئاكار و شاندەكەی لە بەغدا و هەولێر لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و دیدار و گفتوگۆیان كرد، شەوێكیش لە هەولێر مانەوە.

لە كۆی راگەیەندراوەكانی دیدار و كۆبونەوەكاندا ئاماژە بە كۆكبوونی هەردوولایەن كراوە لە هاوكاریكردنی هەردوولایەنی هەولێر و بەغدا لەگەڵ ئەنقەرە لە شەڕی دژی تیرۆر لە دژی پەكەكە.

ئەمڕۆ چوار شەممە خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا لە لێدوانێكدا بەپێی كەناڵی ئەی نیوزی نزیك لە حكومەتی توركیا گوتی: ئەنقەرە ئامادەیە بۆ پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراق لە پاككردنەوەی ناوچەی شنگال لە تیرۆر هەر كاتێك پێویست بكات.

خولوسی ئاكار گوتیشی: ئێمە لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەولێر هاوكاری دەكەین بۆ كۆتاییهێنان بە تیرۆر.

ئەم لێدوانەی وەزیری بەرگیر توركیا دوای كۆبوونەوەكانی ناوبراو بوو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و بەغدا و گەڕانەوەی بۆ توركیا.

لەلایەكی دیكەوە بەپێی هەندێك سەرچاوەی هەواڵی دیكەی نێوخۆی توركیا، ئەنقەرە پلانی داناوە لەنێوەڕاستی مانگی ئادارەوە هێرشەكانی بۆ سەر پەكەكە لە هەرێمی كوردستان دەستپێكات.

بەپێی ئەو سەرچاوانە، ئەنقەرە چەند بژاردە و پێشنیازێكی پێشكەشی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كردووە بۆ هێرشكردنەسەر پەكەكە و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لەلایەن توركیا و بەغداو هەولێرەوە.

سەرچاوەیەك گوتویەتی پێشنیازێكی دیكەی توركیا هێرشی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە بۆ پەكەكە لە شنگال و ناوچەكانی دیكەی پەكەكە، ئەنقەرەش پشتیوانیان بكات.

سەرچاوەكە، گوتیشی: ئۆپەراسیۆنی حكومەتی عێراق و هەرێم بە پشتیوانی توركیا زیاتر بەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەسەندكراو بووە.

دەربارەی حكومەتی عێراقیش سەرچاوەكان گوتویانە، جارێ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دوودڵە بەتەواوەتی خۆی یەكلایینەكردووەتەوە.

سەرچاوەكان دەڵێن، كازمی چەند مەرجێكی بۆ ئەنقەرە هەیە لەگەڵ چەند داواكارییەك و هاوكات هەڵسەنگاندنی رەوشەكە لە حاڵی هاتنەناوەوەی زیاتری سوپای توركیا و كاتی كشانەوەیان و رای خەڵكی عێراق لەسەر لەشكركێشییە نوێیەكەی ئەنقەرە كە ئێستا خۆی چەندین بنكە و بارەگای لەشكری توركیا لە هەرێمی كوردستان و سنوری نەینەوادا هەن.

بەگوتەی سەرچاوەكان، لە حاڵی رێكنەكەوتن لەگەڵ هەولێر و بەغدا بۆ ئۆپەراسیۆن دژی پەكەكە، ئەنقەرە خۆی بە تەنها ئۆپەراسیۆن بۆ گرتنی شنگال هاوشێوەی عەفرین و گرێسپی و سەرێكانی رۆژئاوای كوردستان دەستپێدەكات.

 لەلایەكی دیكەوە میدیاكانی پەكەكە، ئاماژەیان بە سەردانەكەی شاندی سەربازی توركیا كردووە و بە مەترسیدار و پلاندانەر وەسفیانكردووە.

میدیاكانی پەكەكە داوای یەكڕێزی نەتەوەییان كردووە بۆ پێشگرتن بە هەر هەنگاوێكی نوێ كە بیگرنەبەر دژی پەكەكە كە لە ئەنجامی گفتوگۆكانی ئەنقەرە لەگەڵ بەغدا و هەولێر بكەوێتەوە.