توركیا دەست بە كاراكردنی پلانی دژی پەكەكە لە هەرێم دەكات
چاودێر:
ئەمڕۆ خولوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا لەگەڵ گەورە كاربەدەستانی هەرێمی كوردستاندا لەسەر چەند پرسێك گفتووگۆیان كرد، دوای گفتوگۆكانی بەغدا، بە ئامانجی دەستپێكردنی پلانی ئەنقەرە دژی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان.
ئاكار شەوی رابردوو دوای زنجیرەیەك گفتووگۆ لەگەڵ كاربەدەستانی بەغدا گەیشتە هەولێر، شەوی رابردوو لە هەولێر مایەوە، كە بەرەبەیانی دوێنێ گەیشتبووە بەغدا.
سەردانەكەی ئاكار یەكەم سەردانی گەورە كاربەدەستانی توركیایە بۆ عێراق لە دوای سەردانەكەی ساڵی رابردووی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ توركیا.
بەپێی راگەیەنراو و سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان لە كۆبوونەوەكانی دوێنێی نێوان ئاكار و كاربەدەستانی بەغدا باس لە كاری هاوبەش و پلانەكانیان كراوە لە دژی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان كە لە راگەیەنراوەكاندا بە تیرۆر و تیرۆرستان ناویان براوە.
هاوكات بەپێی رۆژنامەی العرب سەرچاوەیەك گوتویەتی: توركیا هەوڵدەدا بنكەی نوێی سەربازی لە هەرێمی كوردستان دروستبكات بۆ دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر پەكەكە.
سەرچاوەكە، گوتیشی: ئەنقەرە هەوڵ دەدات ناوچەیەكی داماڵراو لە پەكەكە لەنێو خاكی هەرێمی كوردستاندا دروستبكات بۆ كارئاسانی زیاتر لە پێناو هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر بنكەكانی پەكەكە.
ئەوە لە حاڵێكدایە لەكاتی سەردانەكەی كازمی بۆ ئەنقەرە لە ساڵی رابردوودا، هەردوولایەنی ئەنقەرە و بەغدا بە رازیبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون لەسەر پلانێكی سەربازی لە دژی پەكەكە.
پلانەكەی ئەنقەرە و بەغداو هەولێر بریتییە لە دروستكردنی فشاری زیاتر لەسەر سەركردایەتی پەكەكە لە قەندیل و زیاتر گەمارۆدانی ناوچەكانی بندەستیان، رێگری لە فراوانخوازی و داكشانی پەكەكە بۆ ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان كە لە ساڵانی رابردوودا رووی داوە، رێگری لە هاتووچۆی پەكەكە لە نێوان رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان سەردانەكەی ئاكار لەم كاتەدا بۆ كاراكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە پێشتر لەنێوان لایەنەكانی رێككەوتنەكەدا كاری بۆ كراوە.
ئەو خاڵانەی لە رێككەوتنەكەدا هاتوون:
1-ئەنجامدانی رێككەوتنی شەنگال لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بۆ دوورخستنەوەی گروپە چەكدارە ئێزدییەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال و دروستكردنی ئیدارەیەكی نوێ و گەڕانەوەی سوپا و پۆلیسی عێراق، كە ئەمە كاری بۆ كراوە و بەشێكی رێككەوتنەكە جێبەجێكراوە كە بە گەڕانەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ شەنگال دەستیپێكرد، هاوكات لەگەڵ چڕكردنەوەی هێرش و بۆردومانەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە.
2- گەمارۆدانی پەكەكە و رێگری لە داكشانی پەكەكە بۆ ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كراوە، بە رەوانەكردنی هێزی پێشمەرگە بۆ سنورەكانی نێوان ناوچەكانی حكومەتی هەرێم لەگەڵ ناوچەكانی پەكەكە لە پارێزگای دهۆك و هەولێر و دانانی بازگە و خاڵی پشكنین و سنورداركردنی هاتوچۆی گەریلاكانی پەكەكە لە ناوچەكەدا كە بەهۆیەوە چەند جارێك شەڕ و ئاڵۆزی دروستبووە و لە پێشمەرگە و گەریلا كوژراو و بریندار هەبوون و هەردوو لا یەكدییان بە هەڵگیرسانی شەڕ تۆمەتبار كردووە.
3- دانانی خاڵی چاودێری بۆ رێگری لە هاتوچۆی گەریلاكان لەنێوان رۆژئاوای كوردستان و هەرێمی كوردستان، بەمهۆیەشەوە بەپێی راگەیەنراوی فەڕمی وەزارەتی پێشمەرگە شەڕ و روبەڕوبونەوە لەنێوان یەپەگە و پێشمەرگەدا رووی داوە.
سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان ئەوەشیان گوتووە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پەنای بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و ئەمریكا بردووە بۆ دانانی هێز لەنێوان هەردوو بەشی كوردستان و سكاڵاشیانكردووە لە یەپەگە كە بە چەكی هاوپەیمانان هێرشدەكاتەسەر پێشمەرگە، هەرچەند یەپەگە رەتیكردووەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەم ئاڵۆزییانە هاوكاتە لەگەڵ چڕكردنەوەی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ گرتنی عەین عیسا لە رۆژئاوای كوردستان، كە بە گوتەی كاربەدەستانی رۆژئاوا بۆ گەمارۆدان و دابڕینی كانتۆنی كۆبانێیە لە هەرێمەكانی دیكەی رۆژئاوا.
هاوكات شكستهێنانی گفتوگۆكانی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدەیە و لێدوانی توندی ئاڵدار خەلیل سەركردەی پەیەدە لەسەر لەشكری رۆژ و وەڵامی توندی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئاڵدار خەلیل.