گۆڕان لەلێواری هەرەسدایە

ڕاپۆرت 19/01/2021

چاودێر:

هاوپەیمانی بزووتنەوەی گۆڕان  لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان حیزبەكە بەرەو هەڵدێر دەبات، بەتایبەت دوای دەستوەردانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كاروباری نێوخۆیی و حیزبەكە و خۆرادەستكردنی تەواوەتی گۆڕان بە پارتی و سەرهەڵدانی دەنگی ناڕەزایەتی، گۆڕانی لە بەهێزترین حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە گەیاندە لێواری هەرەس.

بزووتنەوەی گۆڕان دوای بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی و بێدەنگبوون و بەشداریكردن لە هەموو ئەو ستەمانەی لە هاووڵاتیان دەكرێت، فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا كە ژمارەیان پێنج ئەندامە، داوای كشانەوەی لە حكومەت كرد، بەڵام سەركردایەتی گۆڕان رەتیكردەوە بەهۆیەوە فراكسیۆنەكەی گۆڕان لە بەغدا پەیوەندییەكانی بە حیزبەكەوە بڕی و لەگەڵ ژمارەیەكی دیكە لە ئەندامانی پەرلەمان هاوپەیمانی هیوایان پێكهێنا.
   
هاوكات فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەیان دوازدە ئەندامە، بەهۆی ئەوەی سەركردایەتی گۆڕان ویستیان گوڵستان سەعید بكەنە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە كاندیدی خۆیان بوو، ناكۆكی دروستبوو نیوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكە پەیوەندییان بە گۆڕانەوە پچڕاند لەرووی پابەند بوون بە بڕیار و بەرنامەكانیەوە، چونكە ئەوان دابان محەمەدیان كردبووە سەرۆكی فراكسیۆن، كە قەبوڵ نەكرا.

كاری بەردەوامی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا لە دژی پارتی، پارتی ناچاركرد داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان بكات ئەو ئەندامانە دووربخاتەوە لە حیزبەكەی، بەهۆی ئەوە ناكۆكی لەناو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و خانەی راپەڕاندن‌و نارەزایەتی دروستبوو كاتێك سەركردایەتی گۆڕان ویستی فراكسیۆنەكەی دووربخاتەوە، بەهۆیەوە عەدنان عوسمان ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و گوتەبێژی گۆڕان لەگەڵ شەماڵ عەبدولوەفا سكرتێری ژووری كاروباری باژێڕەكان و ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن وازیان لە گۆڕان هێنا.

بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان ئێستا لەنێو گۆڕاندا دوو باڵ سەریان هەڵداوە، باڵی رێكخەری گشتی و ژمارەیەك لە سەركردەكان كە لەگەڵ درێژەدان بەهاوپەیمانین لەگەڵ پارتی، ئەم باڵە خاوەن بڕیاری بزووتنەوەكەن و تا ئاستێكیش كوڕانی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردوو پشتیوانیان دەكەن.

باڵی دووەم ناڕازییەكانن كە زیاتر خاوەن پێگەی جەماوەری و رێكخستنەكانی گۆڕانن، ئەوان هەفتەی رابردوو خۆپیشاندانێكیان لە پێش گردەكە بارەگای سەرەكی گۆڕان رێكخست لە دژی سیاسەتەكانی ئێستای بزووتنەوەكە، بەڵام رێگرییان لێكرا بچنە ناو گردەكە بۆ سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا.

چەند سەرچاوەیەك گوتیان: ئێستا ئامادەكاری دەكرێت بۆ خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی باڵی ناڕازی گۆڕان و فشارەكان دەستیانپێكردووە بۆ دوورخستنەوەی عومەری سەید عەلی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان  و ژمارەیەك لە سەركردەكانی حیزبەكە.

سەرچاوەیەك گوتی: تا ئێستا هەڵوێستی تەواوەتی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا روون نەبووەتەوە، كە پێش زیاتر پشتیوانی رێكخەری گشتییان كردووە.

لای خۆیەوە غالب محەمەد ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگی ئەمریكا گوتی: ئێمە ساڵ و نیوێك دەبێت هیچ ئیلتزامێكمان بە خانەی ڕاپەڕاندن و بەجڤاتی گشتی و نیشتیمانییەوە نەماوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئێمە بەنوسراوی ڕەسمی داوامان لەبزوتنەوەی گۆڕان كرد بكشێتەوە لەحكومەت ئەگەرنا هەموو پەیوەندییەكانی خۆمان هەڵدەپەسێرین لەگەڵ شوێنە فەرمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كەجڤات و خانەی ڕاپەراندن و ئەوانەیە.

غالب محەمەد گوتیشی: ئێمە وەك پێنج ئەندام پەرلەمانی ئەو بزوتنەوەیە بەشداری هاوپەیمانی هیوامان كردووەو لەوكاتەوە ئێمە هیچ ئیلتزامێكمان نەكردووە بەئەوانەوە ئەوەی هەبووە بۆچوونی خۆمان هەبووە ئێمە ناوی فراكسیۆنەكەمان هەڵگرتووە هەر پێنجمان لەوێین.

بزووتنەوەی گۆڕان لە 2009 وەك ئۆپۆزسیۆن خۆی راگەیاند و دواتر لە 2013 و 2018 بەشداری كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، بەڵام هەردوو كابینە دووچاری قەیرانی گەورەی دارایی و مووچە بوون و بەرپرسانی گۆڕانیش لە حكومەت بەشداری كارایان كردووە لەو ستەمانەی ئەو كابینانە لە خەڵكیان كردووە لە بڕین و  پاشەكەوتكردنی مووچە بەتایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابووری كە لە هەردوو كابینە بە دەستی گۆڕانەوە بووە.