ئەزمونەكانی چین (لە توندڕەوییەوە بۆ میانڕەوی): بەشی پانزدەهەم

کوردستان 17/01/2021

ئەزمونەكانی چین
(لە توندڕەوییەوە بۆ میانڕەوی)
بەشی پانزدەهەم
گۆڕینی ناكۆكی سەرەكی كارەساتە!!
مەلا بەختیار

لەبەشی پێشوودا باسی مەترسیەكانی رەخنە قبوڵ نەكردنمان كرد. لەم بەشەدا، باسی ئەوە دەكەین سەرەنجامی رەخنە قبوڵ نەكردن، چۆن بڕیارێكی ترسناك سەبارەت بەجێگۆڕكێی ناكۆكیەكان، دەسەپێنرێ‌. ئەمە لە كاتێكدا، دیاریكردنی ناكۆكی سەرەكی و لاوەكی بەئارەزووی سەرۆكەكان نییە، بەڵكو بەهۆی هەلومەرجی بابەتی و ناكۆكییە چینایەتیەكان و دۆخی سیاسیەوەیە.
لە حەوتەمین كۆنگرەی پارتی كۆمۆنیستی چین دا، بڕیاری سەپاندنی سیستەمی سۆسیالیزم دراوە و لە سەر ئەم بنەمایەش، ناكۆكی سەرەكی لەنێوان چین و دوژمنە دەرەكیەكانی، گۆڕدراوە بۆ ناكۆكی نێوان كرێكار و سەرمایەداری لاوازی چین. ئەمەش لەژێر كاریگەری سیاسەتی سەرۆك ماوتسیتۆنگ ماو دوچاری هەستی مەزنخوازی بووە، پێی وابووە مادام خەڵك و هێزی چەكدار بەقسەی دەكەن، ئیتر دەتوانێ‌ بەئارەزوی خۆی ناكۆكیەكان بگۆڕێ‌، بەڵام دوای ماوەیەك لە سەپاندنی سیاسەتی تاكڕەوێتی ماو، دوای حەوتەمین كۆنگرەی حیزبەكەیان، چین دوچاری قات و قڕی هاتووە. بۆیە لە هەشتەمین كۆنگرەدا ئەم بڕیارانە دراوون: ل: 39 -40
"لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانەی كە روویاندا، كۆنگرەی حیزبی كۆمۆنیستی چین بڕیارێكی دەركرد، تێیدا جەختی لەسەر كۆتایی پێهاتنی دامەزراندنی سیستەمی سۆسیالیستی لەچین دا كردەوە، كۆنگرە ئاماژەی بەوەدا كە ناكۆكی سەرەكی لەناو وڵاتدا، ئەو ناكۆكییە نییە كە لەنێوان چینی كرێكاران و بۆرژوادا بێت، بەڵكو لەنێوان ئەو داخوازیانەی گەلە كە زۆر بەخێرا رووی لەزیاد بوونە لە بواری ئابووری و رووناكبیری و، لەنێوان دەستەوەستان و پەككەوتەیی لە بەدیهێنانی ئەو داخوازیانە. ئەركی سەرەكیش كە بەشێوەیەكی گشتی رووبەڕووی گەل دەبێتەوە، چڕكردنەوەی هەوڵەكانە بۆ گەشەپێدانی هێزەكانی بەرهەمهێنانی كۆمەڵایەتییە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە رووناكبیری و ئابوورییەكانی گەل".
سەرۆكی وڵاتان چەند تێكۆشەر و گەورە بن، كاتێك لە بەرامبەر راستییە بابەتیەكاندا، هەلومەرج پێشێل دەكەن و تاكڕەوێتی دەسەپێنن، سەرەنجام خۆیان و گەلەكەیان دوچاری شكست دەكەن!!