توركیا گەورەترین پڕۆژە لەعیراق دەدۆڕێنێت

ڕاپۆرت 17/01/2021

چاودێر: توركیا دوای ململانێیەكی زۆر بۆ بەدەستهێنانی یەكێك لەگەورەترین پڕۆژەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەبەرامبەر فەرەنسا لەدەستدا، ئەمەش جگە لەوەی لەچەندین رووەوە فشارو هەوڵی خۆی دابوو.
گرێبەستی نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی موسڵ بەشێوەیەكی مۆدێرن،كە توركیا بەتەواوی خۆی ئامادەكردبوو كە ئەو پڕۆژەیە بەدەستبهێنێت و رۆڵی هەبێت لەبونیادنانەوەی عیراق و لەلایەكی تریشەوە بۆ مەبەستە سیاسیەكانی خۆشی بەكاری بهێنێت لەدەستدا.

توركیا لەساڵی 2019 ەوە چاوی لەو پڕۆژەیە، چ بۆ مەبەستی ئابوری و بونیادنانەوەی عیراق بێت چ بۆ مەبەستی سیاسی خۆی بێت لەناوچەكە، بەڵام لەئێستادا عیراق و فەرەنسا گەیشتوونەتە رێكەوتنی سەرەتایی و لە 27-12-2020 ەوە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عیراق لەگەڵ كۆمپانیا فەرەنسیەكان كۆبووەتەوەو رێكەوتوون لەسەر ئەوەی بە كۆمپانیای پاریس ئینیری بدرێت.
هەواڵە ناخۆشەكە بۆ توركیا لەلایەن كۆنسوڵی گشتی توركیا لەعیراق راگەیەنرا، كە هێندەی رۆڵێكی گەورەی هەبووە لە ئیدارەدانی كۆمپانیا توركیەكان لەعیراق، ئەویش لەپۆستێكیدا نوسیبووی:" فاتیح یڵدز لە 8ی كانوونی دووەم لە تویتەر نووسیویەتی :"بەڵێندەرانی تورك بۆ نۆژەنكردنەوە و بەگەڕخستنی فڕۆكەخانەی موسڵ لە ڕێگەی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆوە، ئۆفەری سەرنجڕاكێشیان پێشكەش كردووە" "دیارە لایەنێكی تر ئەو پڕۆژەیە ئەنجام دەدات". 
ئەو بڕیارەی عیراق دروست كەمێك دوای ئەوە هات، كە مستەفا كازمی لەكۆتایی ساڵی رابردوو سەردانی توركیای  كردو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا جەختیان لەهەماهەنگی زیاترو كاری وەبەرهێنان و ئابوری زیاتر كرد،بەڵام وەك دیارە هیچ كاریگەریەكی لەسەر ململانێكانی سەر فڕۆكەخانەی موسڵ نەبووەو كازمی هیچ گرنتیەكی لەو كۆبونەوەیە بە ئەردۆگان نەداوە.
حەمید ئەلغازی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەساڵی 2019 وتبووی، توركیا ئۆڤەرێكی زۆر باش و پێشكەوتووی پێشكەش بەعیراق كردبوو، چانسی بردنەوەی ئەو پڕۆژەیەی زیاتربوو، بەڵام دروست ئەوكاتەی كۆمپانیای پاریس ئینیری هاتە مەیدانەوەو ئۆڤەرێكی پێشكەوتووترو سەركەوتووتری پێشكەش كرد هەموو شتەكان  گۆڕان.

كۆمپانیای پاریس دی ئینیری یەكێكە لەكۆمپانیا گەورەكانی فەرەنساو جیهان و چەندین پڕۆژەی گرنگی لەعیراق لەبواری فڕۆكەوانی ئەنجامداوە، نۆژەنكردنەوەی فڕۆكەخانەی بەغداو بەسڕەو دروستكردنی فڕۆكەخانەی دهۆك و لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی  دیزاینی فڕۆكەخانەی فوراتی ناوەڕاستیان كردوە كە دەكەوێتە 25 كیلۆمەتری باكوری رۆژئاوای نەجەفەوە.
سەرچاوەیەك لەحكومەتی عیراق وتووشیەتی:" كۆمپانیا توركیەكە چانسی زیاتربووە، كە ویستوویەتی بە پێنج ملیار دۆلار ئەو  پڕۆژەیە ئەنجامبدات و رۆڵی توركیا لەبونیادنانەوەی عیراق زیاتر بكات، بەڵام كۆمپانیای پاریس دی ئیننیری بەوەرگرتنی فەرزێك لەحكومەتی فەرەنسا هەرزوو هێزی زیاتری بەبەرگی خۆیدا كردوو لەململانێكە سەركەوتنی بەدەستهێنا.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد:" كۆمپانیا توركیەكان زیاتر لەسەر بنەمای دیپلۆماتی كارەكانی خۆیان دەكەن و فشارەكان دەكەن، كە پێشتر لەپڕۆژە گەورەكاندا سەركەوتوو نەبوون، چونكە لەعیراقدا ئەوە گرنگە كە لایەنەكە لەڕووی ناوخۆی عیراقەوە كاریگەری هەبێت.