سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: لە کوردستان پاشەکشە لە ئازادیی ڕادەربڕین هەیە
چاودێر
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پاشەکشە لە کاری میدیایی و ئازادیی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان هەیە و بەداخەوە ئێمە ساڵ بە ساڵ دەڵێین خۆزگەمان بە پار.
ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی ڕاگەیاندنی دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێم لە لایەن سەنتەری میترۆوە ڕایگەیاند: دۆخی میدیاش وەک هەر دۆخێکی تری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووریی هەرێم شێواوە.
ئەو وتی: "ئەو ئامارانەی سەنتەری میترۆ دەربارەی دۆخی ڕۆژنامەنووسان دەرخەری پاشەکشەی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری میدیاییە."
زیاتر وتیشی: "ئێستا میدیا ڕاستەقینەکە و میدیا ئازاد نەماوە، ئێستا سەردەمی میدیای کڕدراوە، کە بە پارەی دزراو و گەندەڵی کڕدراون و کاری زۆر ناشیرین دەکرێت، بە مەبەست خەڵک ناشیرین دەکرێت و ئاڕاستە دەکرێت، بۆیە میدیای ئازاد لە هەرێم بێکەسە و چەند ساڵێک پێش ئێستا بەو جۆرەی ئەمڕۆ نەبووە."
"ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەناو کارەساتی یاساییدان، غەرقی کاری نایاسایین، ئەو پڕۆژەیاسایەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بەلای ئێمەشەوە خراپە، بەڵام چاوەڕێین پێداچوونەوەی بۆ بکەین و ئازاردان و تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەنووسان بە خراپبەکارهێنانی مۆبایل کارێکی هەڵە و نایاساییە." سەرۆکی پەرلەمان وای وت.