ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی: دەستپێكردنەوەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانە ناكرێت

کوردستان 16/01/2021

چاودێر

 

ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامەیەکدا ڕایدەگەیەنن، دەسەڵات بە مەبەست دەیەوێت خوێندن بێنرخ بکات و دەشڵێن، دەستپێکردنەوەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانە ناکرێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی:

١ ـ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە بڕیاری شەرمنانەی بێ چارەسەر ناکرێ ، ڕێگەی دروستی دەستپێکردنەوەی خوێندنێکی ڕاستەقینە جێ بەجێکردنی داواڕەواکانی مامۆستایانە.
٢ ـ ئەوەی خوێندنی پەک خستووە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە و نییە ، هۆکاری یەکەمی پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن نەتوانی و نەشارەزایی و لێنەهاتوویی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە لە بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەروەردە و مامۆستایان
٣ ـ ئەگەر بەرپرسان دەیانەوێ پرۆسەی پەروەردەیەکی ڕاستەقینەو تەندروست دەستپێبکەنەوە ، پێویستە پێش هیچ ئەگەر و چارەسەرێک چارەسەری کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن .
٤ ـ لە ئێستادا کەنرخی نەوت بەرزبۆتەوە و داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە هیچ بەهانەیەک نەماوەتەوە بۆ لێبڕینی مووچە و دابەشنەکردنی لە ٣٠ ڕۆژدا
٥ـ دەسەڵاتداران بە پیلان دەیانەوێ خوێندن و بڕوانامە بێنرخ و بێئەرزش بکەن و دەیانەوێ بەتەواوی پرۆسەی خوێندن پەک بخەن ، بۆیە زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ مافەکانی مامۆستایاندا دەکەن .
لەکۆتاییدا ڕای دەگەیەنین ئێمە لە ژێر هیچ فشار و زەبر و زەنگێکدا بێدەنگ نەبووین و بێدەنگ نابین و هەموو ڕێگەیەک دەگرێن بۆ بەدیهێنانی مافە ڕەواکانمان وە لێرەوە بە بەرپرسانی پەروەردە و حکومەت دەڵێن هەر پێشهاتێک بۆ پرۆسەی پەروەردە و خوێندن بێتە پێش ئێوە لێی بەرپرسن .
هاوکات پێمان وایە بایکۆت پرۆسەیەکی خۆرسکانەی مامۆستایان بووە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی هەموو هەڵوێست و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان بووین و دەبین
هیوادارین بەرپرسانی حکومەت و پەروەردە بەهەستی بەرپرسیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی پەروەردە و ماف و داواکارییەکانی مامۆستایاندا بکەن له پێناو پەکنەکەوتنی پرۆسەی خوێندن و گێرانەوەی شکۆ بۆ پەروەردە