یەکێتی ئایە بۆ هەڵبژاردن.. رێڕەو وون دەکات؟

کوردستان 14/01/2021


بەشی توێژینەوەی چاودێر
تائێستا وابڕیارە لە مانگی 6/ی ئەمساڵ، لە عێراقدا هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێ. زیاتر لە (٤٠٠) لایەن لە کۆمسیۆنی باڵای هەبژاردن، مۆڵەتیان داوا کردووە. یاسای هەڵبژاردن، بەپێی پلانی لایەنە شیعەکان، تایبەت سەدریەکان، لە یەك بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی گۆڕاوە. لەمەشدا، پێ دەچێ، سەدریەکان دوو هێندەی ئێستا کاندیدیان دەرچێ. لایەنەکانی تر رێژەیان وەکو خۆی نامێنێ.
ئەگەر سەدریەکان زۆرینە بهێنن، سەرۆک وەزیران دەسەپێنن. دوور نیە، سوننەکانیش پێ لەسەر سەرۆک کۆمار دابگرن.
یەکێتی و پارتی، ئەم یاسایەیان پەسەند کردووە. گۆڕان کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەم کەین و بەینە نەماوە. چونکە فرە ئاوازی سیاسین. ئەمەش دەمێکە رەچاو دەکرا.
یەکێتی و پارتی کە سیستەمە نوێیەکەیان قبوڵە، ئایە چی دەکەن؟

_ بەتەنها دادەبزنە کێبڕکێی هەڵبژاردن؟
_ رێکەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ لایەکی نزیکیان دەکەن؟
_ یان، هاوپەیمانی سێ یان چوار قۆڵی؟
وەکو تر.. ئایە، سیاسەتی ئەمجارەیان لە هەڵبژاردندا:
_ تەنها لەناو لایەنە کوردستانییەکاندا، بیر لە لیستی هاوبەش دەکەنەوە؟
_ یان لەسەر ئاستی عێراقیش، ئۆپشنیان هەیە؟ هەتا هەنوکە، وەڵامی ئەو پرسیارگەلە نادیارە، تەنها ئەوە دیارە ئەم هەفتەیە، پارتی لە هەولێرەوە دەستی بە جوڵە کردو یەکێتی لە سلێمانیەوە.
یەکێتیش سەردانی گۆڕانی کرد، کە گۆڕان رێکەوتنی خۆجێیی لەگەڵ یەکێتی و رێکەوتنی کوردستانی لەگەڵ پارتی دا هەیە.

ئەمڕۆش پارتی، بە وەفدی ئاست دیاریکراو، سەردانی وەفدی ئاستی دیاریکراوی یەکێتی کرد. بە هیوام ئەم سەردانە زەمینە سازی سەردانی باڵاتر و رەخساندنەکەشی رێکەوتن بێ.. بەهیوا..!!
ئەوەی ڕۆشنە، لە کوردستاندا، هیچ لایەنێك لەناو رای گشتیدا، رێز و پێزی هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی نەماوە. ئایە ئەم چەند مانگە چ لایەنێك دەتوانێ کایە سیاسییەکانی لە عێراق و کوردستاندا، باشتر بجوڵێنێ؟ ئەمیان وەڵامەکەی کەمێك دوابخەین باشە.

وەکو پەرۆشییەك بۆ یەکێتی دەڵێین: چ لەسەر ئاستی کوردستان و چ لە پارێزگای سلێمانیدا، یەکێتی فریای لیستی هاوبەش لەگەڵ لایەکی بەهێز نەکەوێ، پێشبینی ناکرێ، لە بەرامبەر هەر لیستێکی هاوبەشی دوو یان سێ لایەنی تردا، تەنانەت لایەنە ئیسلامیەکانیش، سەرەنجامی هەڵبژاردنی یەکێتی باش بێ؛ ئەگەر سەرەنجامەکەش بۆ یەکێتی خراپ بێ.. لەسەر هەموو ئاستەکان.. ناو یەکێتی و دەرەوەی یەکێتی.. یەکێتی دوچاری کێشەی جۆراوجۆر دەبێ.. بەهیوا رێڕەو ون نەکەن!