ئەزموونەکانی چین لە توندڕەوییەوە بۆ میانڕەوی: بەشی چواردەهەم

کوردستان 13/01/2021

ئەزموونەکانی چین لە توندڕەوییەوە بۆ میانڕەوی
بەشی چواردەهەم
سەرۆك پەرستی و گوێ لە رەخنە نەگرتن!!


مەلا بەختیار

زیانەکانی سەرۆكپەرستی، چینی بێڕادە ئازار داوە. بۆیە، باسکردنی ئەو زیانانەو ئاماژەدان بە بۆچونەکانی سەرکردە دیارەکانی چین، پێش ئەوەی زیانی تاك پەرستی ببێتە روداوی کارەستبار، نمونە گەلێکن بۆ ئەو سەرۆکانەی گوێ لە رەخنە ناگرن و پێچەوانەی رەخنەکانیش رەفتار دەکەن.
مێژووی سیاسەت و رەخنە و سەرەنجام رودانی کارەسات پێکەوە گرێ دراون. دیاردە خراپەکان سەرەتاکانیان دەردەکەوێ؛ سەرکردە و کادرە وشیارەکان رەخنەیان لێدەگرن؛ سەرۆکە تاكڕەوەکان گوێیان لێناگرن؛ سەرەنجام تاکڕەوێتی کارەسات دەخولقێنێ!
دینگ سیاو پینگ، کە رابەرێکی هەرە دیاری پارتی کۆمۆنیستی چین و هاوڕێی نزیکی سەرۆك ماویش بوو، زوو دەرکی بە تاکڕەوێتی سەرۆکایەتی چین کردبوو؛ رەخنەشی گرتبوو. سودی نەبوو. پێشتریش (لیو چاو چای) کە دوای دینگ سیاو پینگ، رابەرێکی دیار بووە، مەترسی لادان بەلای راستڕەوی و چەپڕەویدا، خستبووە روو. جەختی لەسەر تەواوکردنی پرۆسەی ئارامی دیموکراسی پێش سەپاندنی سۆسیالیزم کردبوو. بەڵام سەرۆك ماو، نەك گوێی نەدایە ئەو رەخنانە، بەڵکو توندڕەوانەتر دەیویست سۆسیالیزم بسەپێنێ و لە مەترسییەکانی بۆرژوایی بیپارێزێ. ئاکام ئەم رەخنەگرانەشی سزا دا!!
دینگ سیاو پینگ، لەو بارەوە دەڵێ: "سەرەڕای ئەوەی کە پەرستنی کەسایەتی لە حیزبی کۆمۆنیستی سۆڤیەتدا، وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، مێژویەکی دوروردرێژی هەیە، بەڵام بە داخەوە ئێمە، لە ئێستادا هەندێک لە پەلوپۆکانی لەژیانی حیزبی و کۆمەڵایەتیماندا بەدیدەکەین. بۆیە ئەرکی زۆر پێویست و خێرامان، خۆی لەکاری بەردەوامدا دەبینێتەوە بۆ رێگریکردن لە دەرکەوتنی سەرەتاکانی تاکپەرستی و شکۆدارکردنی و، پتەوکردنی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ جەماوەرو، جێبەجێکردنی هێڵی گشتی حزب لە پراکتیزەکردنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی" (ل: 39)
لەسەر ئەم رەخنە نایابانە، نەک گوێیان لێنەگرت، بەڵکو سزای توندیش لە شۆڕشی بەناو روشنبیریدا درا. بەڵام مێژوو، رێڕەوی هەڵدێراوی ماو تسیتۆنگی لە تاكپەرستیدا قوت نەدا! ماو.. بە شکست خواردوو خرایە مێژوو. دینگ سیاو پینگ.. وەکو رابەری دەربازکردنی چین لە قەیرانی دارایی و هەڵسانەوە. ناوی دەدرەوشێتەوە.