ترەمپ چۆن دووردەخرێتەوە؟

ڕاپۆرت 12/01/2021



دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ دووهەم جار  لە ماوەی دەسەڵاتیدا روبەڕوی هەوڵی لەكارلادان دەبێتەوە، ئەمەی دواییان لەسەر كارەئاژاوەگێڕییەكانی سەر باڵەخانەی كۆنگرێسە لە هەفتەی رابردوودا.

پرۆسەی دورخستنەوەی ترەمپ دەستپێدەكات بە دەنگدان لە كۆنگرێس لەسەر مادەكانی لادان بە كۆمەڵێك تۆمەت لە دژی.

بە دەنگی 50 زائید 1 رێوشوێنەكان دەستپێدەكات و دواتر دادگاییكردنی لە ئەنجومەنی پیران دێت.

دوای دادگاییكردن ئەنجومەنی پیران دەنگ دەدات لەسەر تاوانباركردن و دورخستنەوەی سەرۆك لە پۆستەكەی، ئەمەش بە دەنگی زۆرینەی پیران دەبێت، ئەوەش بەدەستهێنانی قورسە بەلەبەرچاوگرتنی زۆرینەی كۆماری لە ئەنجومەنی پیران و لەكاتی لێپرسینەوەی یەكەمدا بە ئاسانی توانی بمێنێتەوە.

ئەو تۆمەتە چیە كە روبەڕوی ترەمپ دەبێتەوە بۆ لابردنی، تا ئێستا نازانرێت دوای داڕشتنەوەی چۆنە، بەڵام ئەندامانی كۆنگرێس گوتویانە هاندانی توندوتیژییە دژی حكومەتی ئەمریكا.

ئەم تۆمەتە لە كاردانەوەی هێرشە خوێناوییەكانە بۆ سەر باڵەخانەی كۆنگرێس لە واشنتن لە چوار شەممەی پێشوو دوای گوتاری ترەمپ كە داوای لە خۆپیشاندەران كرد بخزێن بەرەو كۆنگرێس.

ترەمپ تۆمەتباریشە بە داواكردن لە سكرتێری ویلایەتی جۆرجیا براد رافنسبرگ بۆ گەڕان بۆ دۆزینەوەی 11 هەزار دەنگ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بردنەوەی بایدن لە ویلایەتەكە.

بانگەوازی دیموكرات بۆ دورخستنەوەی ترەمپ بە پێی مادەی 25ی دەستوورە لە ئێستادا، بەڵام ئەمە رەزامەندی مایك پێنس جێگری سەرۆك و ئەنجومەنی وەزیرانی دەوێت كە ناكرێت.

سەرۆكی كۆنگرێس نانسی پیلۆسی لە نامەیەكدا بۆ ئەنجومەن گوتی: لە حاڵی لانەدانی ترەمپ بەمادەی 25 رێوشوێنەكان دەستپێدەكەین.

ئەنجومەنی پیران توانای هەیە رێگری لە هاووڵاتیان بكات بۆ خۆكاندیدكرد بە پێی دەستوور.

لە كاتی دەنگدانی ئەنجومەنی پیران بۆ لادانی كەسێك لە پۆستەكەی، ناتوانێت جارێكی دیكە خۆی كاندید بكاتەوە، بەوپێیە ترەمپ مافی كاندیدكردنەوەی خۆی نامێنێت بۆ هیچ پۆستێك.

هەندێك دەڵێن سەرۆك دەتوانێت پێش تەواوبوونی ماوەكەی بڕیاری لێبووردن بۆخۆی دەربكات، بەڵام دەستوور رێگا نادا بە سەرۆكی ماوە تەواو بوو ئەو كارە بكات بۆ خۆی.