15 بڕگەی رەشنوسی بودجە پێویستی بەهەمواركردنەوە هەیە

ڕاپۆرت 10/01/2021


ئا/ رەمەزان شێخانی 
ئەمرۆ یەكشەممە لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق كۆبونەوەیەكی سازكرد بەمەبەستی تاوتوێ كردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 ، كە دوێنێ شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كرد.
پێشتریش سەرچاوەیەك بڵاویكردەوە " ئامانجی كۆبونەوەكە دیاری كردنی ئەو بڕگانەیە كە پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە
ئاشكراشی كردوە كە نزیكەی 15 بڕگەی یاساكە پێویستی بەهەمواركردن هەیە لەوانەش بڕگەی باج خستنە سەر موچەی فەرمانبەران و خەرجی وەبەرهێنان
حەسەن كەعبی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان كۆبونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆك و نوێنەرانی فراكسیۆنە سیاسیەكان سازكرد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر بەندەكانی یاسای بودجە و رێگە خۆشكردن بۆ خوێندنەوەی دووەمی یاساكە لەپەرلەمانی عیراق.
رۆژی شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021 كرد.
لای خۆشیەوە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای كرد لە لیژنەی دارایی مافی ئەو كەسانە پێشێل نەكرێت كە بریاری 315 دەیانگرێتەوە هەروەها مافی ئەو كەسانەی گرێبەستن یان بەكرێی رۆژانە كاردەكەن نەخورێت كە لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان كاردەكەن و كاری پێویستیان بۆ بكرێت لە بودجەی گشتی ساڵی2021  
مانگی رابردوو حكومەتی عیراق رەشنوسی پرۆژە بودجەی ساڵی 2021 ی پەسەند كردو رەوانەی پەرلەمانی عیراقی كرد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژە یاساكە.
بەگوێرەی رەشنوسی بودجەی گشتی ساڵی 2021 بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2021 بریتیە 164 تریلیۆن دینار و بڕی كورتهێنانی بودجە نزیكەی 71 تریلیۆن دینارە و نرخی یەك بەرمیل نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەدا بە 42 دۆلار دیاری كراوەو بڕی هەناردەكردنی رۆژانەش 3 ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوتە كە 250 هەزار بەرمیل رۆژانە لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردە بكرێت.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان