شارباژێڕ بێدەنگی شكاند

ڕاپۆرت 05/01/2021

ئەمڕۆ لە شارۆچكەی ماوەت لە سنوری شارباژێڕ و ژمارەیەك گوندی دیكەی شارباژێڕ خۆپیشاندان بۆ دووهەم رۆژ دەستیپێكردەوە.

بەیانی ئەمڕۆ خۆپیشاندەران رێگای سەرەكی سلێمانی- ماوەتیان داخست و خۆپیشاندانیان كرد.

هاوكات خۆپیشاندەران چونە سەر فەرمانگەكانی شارۆچكەی ماوەت و دایانخستن.

خۆپیشاندەرانی سنوری ناوچەی شارباژێڕ داوای خزمەتگوزاری دەكەن و دەڵێن ناوچەكەیان پشتگوێخراوە.

دانیشتوویەكی ناوچەی شارباژێڕ بۆ چاودێر گوتی: ناوچەی شارباژێڕ لە كۆنەوە بنكە و شوێنی سەركردایەتی شۆڕشی نوێی یەكێتی و شۆڕشی ئەیلولی پارتی بووە، بەڵام لە دوای راپەڕینەوە بەراورد بە ناوچەكانی دیكە پشتگوێخراوە.

گوتیشی: شارباژێڕ ناوچەیەكی ستراتیژی سنورییە، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنی لەلایەن حكومەتەوە بەرەوچۆڵبوون رۆیشتووە، تەنها ناوچەكە ئێستا بووەتە شوێنێكی گەشتیاری.

دانیشتووانی شارباژێڕ بەهۆی نزیكییان لە شاری سلێمانی، زۆرینەی لەناو شارەكە نیشتەجێبوون و سنورەكەی خۆیان چۆڵكردووە، تەنها وەك لایەنی گەشتیاری كەڵكی لێوەردەگرن.

بە گوتەی دانیشتوویەكی دیكەی ناوچەی شارباژێڕ بەشێكی زۆر سەرمایەدار و خاوەن پرۆژە گەورەكانی نیشتەجێبوون لە ناوشاری سلێمانی و تەنانەت گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕینیش خەڵكی ناوچەی شارباژێڕن، بەڵام هیچ پرۆژەیەكیان بۆ سنورەكەی خۆیان نەكردووە، تەنانەت گوندەكانی خۆشیان پشتگوێخستووە.

گوتیشی: ئەو بەرپرس و كەسانەشی لە پۆستە حكومییەكاندا دانراون، كەسانی بەرژەوەندخواز بوون و هەفتەی چەند رۆژێك هاتونە دەوام و گەڕانەوتە سلێمانی و هیچ گرنگیان بە خزمەتكردنی ناوچەكە نەداوە. 

ناوچەی شارباژێڕ لە دوو قەزا (چوارتا، ماوەت) و ناحیەكانی سیوەیل (باسنێ،) سیتەك، گاپیڵۆن، زەلان پێكدێت، هاوكات چەند ناوچەیەكی دیكەی شارباژێڕ وەك ناحیەی بەرزنجە و بەشێكی دۆڵی جافایەتی گواسترانەوتەوە سەر سنوری سورداش و سەیدسادق، ئەمەش بەهۆی بەرفراوانی ناوچەكەوە.

شارباژێڕ هاوسنوورە لەگەڵ قەزای پێنجوێن و سەیدسادق، شاری سلێمانی، قەزای دوكان و پشدەر، هاوكات هاوسنوری شارەكانی سەردەشت و بانەیە لەرۆژهەڵاتی كوردستان.

شارۆچكەی قەڵاچوالان وەك بنكەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەناسرێت لە دوای راپەڕینەكەی 1991 و پێشتر بۆ ماوەیەك سەركردایەتی شۆڕش لە ناوچەی دۆڵی جافایەتی بووە لە 80كانی سەدەی رابردوو.

هاوكات چەند ساڵێكە بنكە و بارەگای تایبەت بە پەكەكە و پژاك هەن بەتایبەت لە سنوری ناوچەی شینكایەتی لە گوندەكانی گەڵاڵە و سەفرە و قامیش و بەهۆیەوە چەند جارێك فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆمببارانیانكردووە و زیانی گیانی و ماڵی بە ناوچەكە گەیاندووە.

شارباژێڕ لە ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی، شینكایەتی، ئالان و شارباژێڕی سەخت و تەخت پێكهاتووە و 212 گوند لەخۆی دەگرێـت.



ناوچەكە سەرچاوەی بەشێكی سەرەكی ئاوی زێی بچوكە لەگەڵ بەشێكی دیكە لە سنوری سەردەشتەوە دێت و زێی بچوك پێكدەهێنێت، لەوێ دەڕواتە قەڵادزێ و رانیە و بەنداوی دوكانەوە.

خاوەن دارستانێكی چڕی جۆراوجۆری سروشتی پڕ بەرهەمە و كەشوهەوایەكی فێنكی هاوینە و سارد و بەفراوی لە زستاندا هەیە و ناوچەیەكی گرنگی گەشتیارییە.

بەچەندین بەرهەم بەنێوبانگە، وەك ترێ، ترش، بنێشت و دارەبەن، هەنگوین و پێشتریش تووتن لەگەڵ بوونی چەندین بەرهەمی دیكە.