ئەو نیشانانەی دەریدەخات كەسێك شیزۆفرینیای هەیە

تەندروستی 03/01/2021


چاودێر:
شیزۆفرینیا لە ترسناكترین نەخۆشییە ژیرییەكانە كە  تاوەكو ئێستا هۆكاری بنەڕەتی  توشبون بەم نەخۆشیە  نەزانراوە  و بە زۆری تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە لەوپەڕی لاوی و قۆناغی بەرهەم هێنان و چالاكیدان،  لەو بار ەیەوە پزیشكێكی دەروونی باس لەنیشانەكانی توشبونی ئەم نەخۆشیە دەكات.

چی كاتێك دەوترێت كەسێك نەخۆشی شیزۆفرینیای هەیە؟
د.جەعفەر عومەر، پزیشكی  پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەكان  دەڵێت" بۆ دەستنیشانكردنی ئەم نەخۆشییە پێویستمان بە چەند نیشاندەرێك هەیە كە دەبێت بەیەكەوە بێنە دی هەتا بە كەسێك بوترێت توشی نەخۆشی شیزۆفرینیا بووە"ئەو خاڵانەش ئەمانەن:
1. بوونی دوو نیشانەی سەرەكی نەخۆشییەكە بە یەكەوە؛ نیشانە سەرەكەییەكانیش ئەمانەن:
* هەڵوەسە (Hallucination)
* بەدگومانی (وەهم) (Delusion)
* تێكچوون لە بیركردنەوە ( Formal Thought Disorder)
* رەفتاری نامۆ و سەیر (Disorganized Behavior)
* نیشانە نەرێنییەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا. (Negative Symptoms)
واتە نیشانە نەرێنییەكان سەرجەمیان بە یەكەوە بە یەك نیشانە هەژماردەكرێن. هەروەها دەبێت یەكێك لەو دوو نیشانەیە لە سێ نیشانەی یەكەم بن!

2. دەبێت نیشانەكان بۆ ماوەی یەك مانگ بە بەردەوامی لە لای نەخۆشەكە هەبن و رۆژانە هەستیان پێبكات. واتە ماوەی بوونی نیشانەكانی نەخۆشییەكە دەبێت یەك مانگ بێت.
3. نیشانەكان بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ بمێنێتەوە و نەخۆشەكە هەستیان پێبكات. ئەگەر لە شەش مانگ كەمتربێت و سەرجەم نیشانەكانیشی هەبێت و پێش شەش مانگەكە چاك ببێتەوە، ئەوە نەخۆشەكە بە نەخۆشی شیزۆفرینیا دەستنیشان ناكرێت.
4. نیشانەكان نەخۆشەكە توشی لەكاركەوتن بكەن لە روی كۆمەڵایەتی و پیشەییەوە، بە واتایەكی تر كەسەكە نەتوانێت كارە پێویستە كۆمەڵایەتییەكان ئەنجامبدات و نەتوانێت پچێتەوە سەر پیشەكەی یان پیشەكەی بۆ نەكرێت.