ھۆكاری ھەستكردن بە سەرما و تەزین لە لەشدا چی یە ؟

تەندروستی 29/12/2020


چاودێر:
هەندێ كەس هەن كە بەردەوام هەست بەسەرما و  تەزین لە لەشیاندا  دەكەن، بەبێ ئەوەی بزانن هۆكاری ئەم حاڵەتە چی یە؟ هەربۆیە لەو بارەیەوە  د. هەڤین كەمال شاە محمد ،ئەندامی پرۆفیشناڵی ئەكادیمیای ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن، 14 هۆكاری هەستكردن بەسەرما و تەزین لە لەشدا رووندەكاتەوە، لەوانەش:
١- كەم خوێنی : بەتایبەتی لە دەست و قاچ دا ، ئەویش بە هۆی كەمی خرۆكە سورەكانەوە كە دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی گواستنەوەی ئۆكسجین بۆ بەشەكانی لەش .
٢- كەم ئیشكردنی غودەی دەرەقی Hypothyroidism ) : كاتێك كە هۆرمۆنی تایروكسین كەم دەڕێژرێت ئەمە دەبێتە هۆی هەستیاری بەرامبەر سەرما لەگەڵیدا ئازاری جومگەكان ، قەبزی ، وشك بونەوەی پێست ، كێشی زیادەیان توش بێت .
٣- نەخۆشی ڕاینۆدRaynaud's phenomenon) : كەئەمەش بریتییە لە نەخۆشیەكی بۆری خوێنەكان ، كە تیایدا بۆری خوێنەكان هەستیار دەبن بەرامبەر سەرما و ستریس گرژ دەبن و خوێن بە باشی ناگەیەنن بە پەلەكان ، هەر لەبەر ئەوە پەنجەكانی دەست و قاچ شین هەڵدەگەرێن و سارد و سڕ دەبن ، ئەم حاڵەتە لەوانەیە چەند خولەكێك بۆ چەند سەعاتێك بخایەنێت .
٤- نەخۆشیەكانی گورچیلە : نەخۆشی شەكرە و پەستانی خوێن كاریگەرێكی خراپیان هەیە لەسەر گورچیلەكان ،كاری گورچیلەكان تێكدەدەن و دەبنە هۆی كۆبوونەوەی پاشەڕۆ لەلەشدا كە ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەش .
٥- نەخۆشی شەكرە جۆری ٢ : لەگەڵ ئەم نەخۆشیەدا دەمارەكان سست دەبن و تێك دەشكێن بەهۆی بەرزی ئاستی شەكرەكەوە ، لەبەر ئەوە كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكرەكە زۆر گرنگە ، جگە لەوەی ئەم نەخۆشانە لەوانەیە كەم خوێنی و نەخۆشی گورچیلەشیان هەبێت .
٦- نەخۆشی خوێنبەرەكانی پەلەكان یاخود هەوكردنیان : لەكاتێكدا دەبێت خوێنبەرەكان لە پەلەكاندا دەگیرێن یاخود هەودەكەن ، ئەمە زیاتر لە یەك قاچ دا ڕووئەدات واتە هەست بە ساردی و سڕی و بێ هێزی دەكەیت لە لایەكدا و لاكەی تری پلەی گەرماكەی ئاسایی دەبێت.
٧- ئەنۆ ڕوكسیا نیرفۆساAnorexia nervosa) : ئەم نەخۆشانە دەگەنە باری دەروونیەك كەوا دەزانن كێشیان زۆرە لەبەر ئەوە دەگەنە ڕادەیەك بە هیچ شێوەیەك خواردن ناخۆن بۆ ئەوەی كالۆری وەرنەگرێت لەشیان كە دەبێتە هۆی لاواز بوونیان بەشێوەیەكی ترسناك ، وەلەبەر ئەوەی چەوری لەش كەم دەبێتەوە هەست كردن بە سەرما زیاد دەكات ،ئەمە حاڵەتێكی ترسناكەو دەبێت زوو چارە بكرێت .
٨ - هەڵامەت یاخود فلو : بەهۆی ڤایرۆسەوە توشمان دەبێت ، كاریگەری هەیە لەسەر هەموو لەش وەكو لوتتەڕبوون و قورگ ئێشە وكۆكە سەرئێشە و ئازاری ماسولكە هەست كردن بە تا و بە لەرزیش .
٩- تێكشكاندنی دەمارە كان لە پەلەكاندا Peripheral neuropathy): لەم حاڵەتەدا هەست بە سەرما دەكەیت لەپەلەكاندا، بەڵام بە دەست لێدان سارد نیە ، ڕوودەدات لەكاتی زەبر بەركەوتنی دەمارەكان و بریندار بونیان ، یاخود هەندێك نەخۆشی وەكو شەكرە ، نەخۆشی جگەر و گورچیلە یان كەمی ڤیتامینەكان یاخود هەوكردنی دەمارەكان .
١٠ - كەمی ڤیتامین B12 .
١١- كەمی ماددەی ئاسن لە لەشدا : ئایا بەهۆی كەم خوێنیەوە بێت یاخود خوێن بەربوونەوە بێت یاخود كەمی هەڵمژینی بێت لە گەدەدا ، باشترین سەرچاوە بۆ زیاد كردنی گۆشتی سورە .
١٢- سستی ئێش كردنی ڕژێنی پیتیوتەری Hypopitiutarism): كە كەمی دەردانی ئەو هۆرمۆنانەی لەم ڕژێنەوە دەردەچن دەبێتە هۆی هەست كردنی بەردەوام بە ساردی و گەرم نەبوونەوە ، كەم خوێنی ، دابەزینی كێش ، كەم خۆراكی.
١٣ - دەرمان : بەكارهێنانی هەندێك دەرمان دەبێتە هۆی هەستكردن بە سەرما وەك كاریگەرێكی لاوەكی دەرمانەكە بۆ نموونە : وەكو ئیندیراڵ یاخود بێتا بلۆكەرەكان كە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن بەكار دێن.
١٤- خواردنەوە ئەلكهولیەكان : لەوانەیە لە پێشدا هەستی گەرم كردنەوە ببەخشێت ، بەڵام لەبەرئەوەی دەبێتە هۆی كشانی مولولەكانی خوێن لەژێر پێستدا ، خوێن لە مێشكەوەو لە سەنتەرەوە زیاتر دێت بۆ پەلەكان ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرمی لەش بە گشتی،هەروەها ئەلكهول كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئەو بەشەی مێشك كە پلەی گەرما ڕێك دەخات ئەمەش لەوەرزە ساردەكاندا كاریگەرییەكی خراپی ھەیە بۆ زیاتر دابەزینی پلەی گەرمای لەش .