بۆچی كەمی ئاسن لە ئافرەتاندا زیاترە؟

تەندروستی 27/12/2020


چاودێر:
كەم ئاسنی و كەم خوێنی بەزۆری لە ئافرەتاندا هەیە وەك لەپیاوان ، چونكە رۆژانە پیاوان  پێویستان بە (١ مگم) ئاسنە، بەڵام ئافرەتان بەهۆی بونی سوڕی مانگانەوە پێویستیان بە(٣ مگم) ئاسنە لە ڕۆژێكدا، لەوباریەوە پرۆفیسۆر ئەنوەر شێخە هۆكاری كەمی ئاسن لەئافرەتاندا لەم راپۆرتەدا رووندەكاتەوە.

پڕۆفیسۆری نەخۆشیەكانی  شێرپەنجەی خوێن ، ئەنوەر شێخە دەڵَێت "جێگای سەرسورمانە ٤٪ ی توێكڵی زەوی ئاسنە، كەچی دوو بلیۆن كەس لە جیهاندا دوچاری كەم ئاسنی و كەم خوێنی بۆتەوە،فسیۆلۆجی لەشمان ئیفلیجە بەرامبەر رێكخستنی ڕێژەی ئاسن لەلەشدا كاتێك خوێنێكی زۆر لە لەشمان دەڕوات، لەش ناتوانێت چالاكانە ئاسن هەڵمژێت و قەرەبوی كەم ئاسنی بكاتەوە؛ هەروەها ئەو كەسانەی ئاسن زۆرە لە لەشیاندا وەكو منداڵانی تالاسیمیا، كە سەدەها كیس خوێن وەردەگرن لە ژیانیاندا، ناتوانن ئاسنە زیادەكە فرێ بدەنە دەرەوە لە ئەنجامدا ئەو زۆر ئاسنیە گەر چارەسەر نەكرێت دەبێتە هۆی مردنیان."
 لەلەشی مرۆڤدا نزیكەی (٥ گم) ئاسن هەیە كە (٣ گم)ی لە هیمۆگلۆبینی خوێندایە و ( ١-٢ گم )ی لە گەنجینەدایە كە پێی دەوترێت ''فێریتین''  كە لە پیاواندا ( ٣٠- ٣٠٠ مكگم )ە و لە ئافرەتاندا ( ١٥- ١٤٠ مكگم )ە لە لیترێكدا. ئەم ڕێژانە لە شاری سلێمانی لەسەر ( ١٠٠٠ ) ژن و پیاو كە پشكنینی پێشوەختەی خوێنیان بۆ كراوە بۆ ئەنجامدانی هاوسەرگیری دەرهێنراوە.
فێریتین لە پیاوی شاردا زۆرتر بوو لە پیاوی بەریتانی و سعودی و ئەمریكی! ئێمە شاری( ١٤٦ ) بوین، بەریتانیا ( ٦٩ ) بون، سعودیەكان(٨٦) بون، وە ئەمریكا بەو هەموو ستێك خواردنەوە (١٢٧) بون. ئەم توێژینەوەیە پێش قەیرانەكە بووە كە پارە زۆر بوو هەموو دنیامان سەیران و گۆشت خواردن بوو! بەڵام بەداخەوە كە ئەم باسەمان دوبارە كردەوە لە ناوەراستی قەیرانەكەدا، تەواو پێمانەوە دیاربوو كە ڕێژەكە دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.

كەم ئاسنی و كەم خوێنی بەزۆری گرفتی ژنانە!! پیاوان رۆژانە پێویستان بە (١ مگم) ئاسنە، بەڵام ئافرەتان بەهۆی بونی سوڕی مانگانەوە پێویستیان بە(٣ مگم) ئاسنە لە ڕۆژێكدا، هەر سكپڕیەك و مناڵبونێك( ٥٠٠ مگم) ئاسن دەچێتە دەرەوە لە لەشیان، جگە لەمانەش پیاوان مۆخی ئێسكیان چالاكترە لەبەر هۆرمۆنەكانی پیاوان.

كەم ئاسنی و كەم خوێنی زەحمەتە بە خواردنی گۆشت و جگەر چاك ببێت، دەیان شێوە لە ئاسن هەیە كە پێویستە بۆ ماوەی (٣ تاكو ٦) مانگ بەكار بهێنرێت تاوەكو گەنجینەی ئاسنمان پڕ دەبێتەوە و ڕێژەی فێریتین ئاسایی دەبێتەوە.