بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە لە دژی پەكەكە رێككەوتن

ڕاپۆرت 23/12/2020


حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و توركیا رێككەوتن لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ لە دژی پەكەكە.

رۆژنامەی عربی جدید بڵاویكردەوە، لەسەردانەكەی هەفتەی  رابردوی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ ئەنقەرە رێككەوتوون لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال و رێگرتن بۆ زیاتر بڵاوبونەوەی گەریلاكانی پەكەكە بۆ ناوچەكانی دیكەی هەرێم.

خاڵێكی دیكەی رێككەوتنەكە گرتنەوەی ئاو ناوچانەی هەرێمی كوردستانە كە پەكەكە گرتوونی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

لایەكی دیكەوە سەرچاوەیەكی كوردی لە هەولێر گوتی: ئەنقەرە ئامادەیی پشتیوانی دەربڕیوە بۆ هەرێمی كوردستان لە چەسپاندنی ئاسایش لە ناوچە سنورییەكانی خۆرهەڵاتی دهۆك و باكوری هەولێر لەگەڵ توركیا.

هاوكات ماڵپەڕی مۆنیتەری ئەمریكایی بڵاویكردەوە كە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیوەندییەكەی دوێنێیدا لەگەڵ مایك پۆمپێیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای جێگیركردنی هێزی هاوپەیمانانی كردووە لە خاڵی سنوری نێوان باشور و رۆژئاوای كوردستان.

ماوەیەكە پارتی لەسەر ئاستی میدیایی و مەیدانی خۆی بۆ شەڕی پەكەكە ئامادە دەكات، بە گوتەی خۆیان بۆ لادانی مەترسییەكانی پەكەكەیە كە لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان كە شەڕ و ئاژاوەی هێناوە، سەدان گوندی وێران و چۆڵكردووە و شەڕ بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت.

لە ماوەكانی رابردوودا چەند شەڕێك لەنێوان پێشمەرگە و  گەریلا رویانداوە، پارتی گوتویەتی پەكەكە هێرشی كردووە، لەبەرامبەردا پەكەكە گوتویەتی پارتی هێرشیكردووە، لەو شەڕانەدا ژمارەیەك ئەفسەر و پێشمەرگە و گەریلا كوژراون و برینداربوون.

سەرچاوە رۆژنامەوانیەكان گوتویانە، كە ئەنقەرە فشار لەسەر حكومەتی هەرێم و بەغدا دەكات بۆ شەڕكردن لە دژی پەكەكە، بۆیە هەرێمی كوردستان ناچارە شەڕ لە دژی پەكەكە رابگەیەنێت، بەتایبەت لە دوای ئەوەی فراوانخوازییەكانی پەكەكە رووی لە زیادبوون كردووە لە باشور.