رۆژی ئاڵای كوردستان

ڕاپۆرت 17/12/2020


 ئەمڕۆ ڕۆژی ئاڵای كوردستانە، لە هەموو شوێنێكی كوردستان ئاڵای كوردستان هەڵدەكرێت و رێوڕەسمی تایبەتی لە دامودەزگا حكومییەكان بۆ ساز دەكرێت، كوردان بە پۆشاكی كوردییەوە پێشوازی لەرۆژی ئاڵای كوردستان دەكەن.

ئاڵای كوردستان هێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی كورد بووە، تاكو لەڕۆژی 22\1\1946 و لەڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی كۆماری كوردستان لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد (سابڵاغ) بۆ یەكەمجار بەفەرمی هەڵدراوە و بوو بە رەمزی كۆماری كوردستان.

دوای كەمتر لە 11 مانگ و بەپیلانێكی دوژمنانی كورد، كۆماری كوردستان شكستی هێنا و لەرۆژی 1946/12/17 بەمەبەستی پاراستنی ئاڵاكە لەدوژمنان كە سووكایەتی پێنەكەن، ئاڵایەكەیان داگرتووە.

لەساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا ڕۆژی ١٧ی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك وەكو ڕۆژی ئاڵا دیاری بكرێت لەو ڕۆژەدا سەرجەم ئاڵاكانی سەر دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕدرێن و نوێ بكرێنەوە، هاوكات پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1999 بە بڕیارێك بەئاڵای فەڕمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ناساند.

مانای چوار ڕەنگەكەی ئاڵای كوردستان
سوور : هێمای شۆڕشگێڕی و خوێنی شەهیدانی میللەتی كوردە لە پێناو مافەكانیاندا.
سپی : هێمای ئاشتیی و ئاساییشە كە میللەتی كورد بەردەوام ئاشتیخوازبووە.
سەوز : لە سروشتی كوردستانەوە هاتووە و هێمای ژیانەوەیە.
زەرد : مەبەست لەڕۆژە بیست و یەك تیشكییەكەیە كە هێمای دواڕۆژی میللەتی كوردە.