ئەندامێكی لیژنەی دارایی: هەرێم و بەغدا گەڕانەوە خاڵی سفر

ڕاپۆرت 15/12/2020


 چاودێر:

 ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند هەرێم ئامادەیە نرخی ڕۆژانەی نەوت ڕادەست بكات نەك خودی نەوتەكەو عێراقیش داكۆكی لەسەر خودی نەوتەكە دەكات نەك بەهاكەی .

جەمال كۆچەر گوتی: دانوستانەكان دوو جۆرن، یەكێكیان بۆ بەشداریكردنی هەرێمی كوردستانە لەیاسای كورتهێنانی دارایی، ئەویش بەغدا داوای 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی خاڵە گومرگیەكان دەكات، بەڵام هەرێم رەتیدەكاتەوە نەوتەكەی رادەستبكات، بەڵكو ئامادەیی بۆ پێدانی بەهای ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە دەربڕیوە.

گوتیشی: دانوستانی دووەمی نێوان شاندی هەرێم و بەرپرسانی بەغدا پەیوەستە بە پرۆژەیاسای بودجەی 2021ەوە، ئەویش بەهەمانشێوە بەغدا ئامادەیی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی دەربڕیوە، لەبەرامبەریشدا داوای 265 هەزار بەرمیل نەوت دەكات و دەیەوێت نەوتەكە وەربگرێت و خۆی بیفرۆشێت، چونكە بەغدا 15 دۆلار زیاتر لە نرخی هەرێم نەوتەكە دەفرۆشێت.

رونیشیكردەوە هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە داهاتی فرۆشتنی 465 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەڵام بەغدا سورە لەسەر وەرگرتنی نەوتەكە و ناردنی لیژنەیەك بۆئەوەی 50%ی داهاتی خاڵە گومرگیەكان وەربگرێت و چاودێری جموجۆڵەكانی گومرگ بكات، لەبەرئەوە هەردولا گەڕاونەتەوە خاڵی سفر و نەگەیشتون بەرێكەوتن.