گۆڤارێكی ئەمریكی: سیستمی ئابوری و سیاسی عێراق هەرەس دەهێنێت

ڕاپۆرت 15/12/2020


 چاودێر:

یەكەم كێشەی دەرەكی كە روبەڕوی جۆ بایدن سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا دەبێتەوە لە یەكەم رۆژی چونە كۆشكی سپی، قەیرانی قوڵی دارایی عێراقە.

گۆڤاری فۆڕین پۆلیسی بڵاویكردەوە عێراق بەرەو هەرەسهێنانی ئابوری دەچێت، بەمەش سیستمی سیاسی هەرەس دێنێت، دواتریش شەڕی ئەهلی سەرهەڵدەدات.

لە نزیكەی دوو دەیەی رابردوودا گەندەڵی دوو كێشەی سەرەكی بۆ عێراق دروستكرد، یەكەم حكومەتەكان لاواز بوون رێیاندا بە سەرجەم حزبە سیاسییە گەورەكان بە بەڕێوەبردنی وەزارەتەكان، ئەمە بووەهۆی دروستبونی تۆڕی گەورەی گەندەڵی و حسابی شەخسی بۆ خۆیان و كەسوكاریان.

كێشەی دووهەم بریتییە لە دەستكەوتی نارەوا بەشێوەیەكی كارا بووەهۆی خنكانی كەرتی تایبەت، هیچ جێگرەوەیەك بۆ كەرتی گشتی نەماوە، خەڵك بەشێوەیەكی گەورە پشتی بە حكومەت بەست بۆ ژیان بەهۆی كارەوە یان موچەوە بێت.

لە 2004وە بێكاری لە عێراق 3 هێندە زیادیكردووە، موچە لەسەر حكومەت 400% زیادیكردووە، بەغدا بۆ موچە پێویستی بە 5 ملیار دۆلاری مانگانە هەیە، لەگەڵ دوو ملیاری دیكە بۆ خزمەتگوزاری و تەشغیلی.

بەهۆی كۆرۆناوە داهاتی عێراق كە 90%ی لە نەوتە، مانگانە 2.5 بۆ 3.5 ملیارە، بەغدا كورتهێنانەكەی لەنێوان 3.5 بۆ 4.5 ملیار دۆلارە.

گۆڤارە ئەمریكییەكە نوسیوێـتی لە چوارچێوەی ئەو رەوشە خراپە ئابورییەی هاتوەتە پێشەوە، گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەكانی داهات و كێڵگەكانی نەوت و بەندەرەكان و دەروازەكان و كۆمپانیا گەورەكان و زەوییەكان دەدەن، بەهۆیەوە شەڕێكی ناوخۆ سەرهەڵدەدات.

هەریەكە لە توركیا و ئێران و سعودیەش بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی خۆیان دێنە عێراقەوە، لەوێ ململانێیەكی هەرێمی دووبارە سەرهەڵدەدات، بۆیە ئەمە كاریگەری لەسەر ئەمریكا دەبێت.