ئەنجوومەنی فشار بایکۆتی سەرتاسەریی لە هەرێم ڕاگەیاند

کوردستان 28/11/2020

چاودێر

 

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ئەنجوومەنی فشار لە شاری سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا داوایان لە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرد لە سبەینێ یەكشەممەوە بایكۆتی دەوام بكەن تاوەكو داواكارییەكانیان جێبەجێ بکرێت.

 

ئەنجوومەنەکە داواکارییەکانیان لە چەند خاڵێکدا خستە ڕوو:


1- چارەنووسی سەرجەم زیندانیانی دهۆک و هەولێر دیاری بکرێت و ئازاد بکرێن.


2-مووچەی مووچەخۆران تێکەڵ بە ململانێی سیاسی نەکرێت و لە کاتی خۆی بێ لێبڕین دابەش بکرێت، ئەگەر مووچەتان پێ دابین ناکرێت مووچەی بندیوار و مووچەخۆرە سێبەرەکان بدەنە حکومەتی ناوەند و بە ڕێککەوتنێکی شەفافانە و لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە لە بەغدا مووچە وەرگرین.


3- داوا لە مووچەخۆرانی زاخۆ تا خانەقین دەکەن بایکۆتی دەوام بکەن تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.


4-پەرلەمان پێویستە بانگێشتی سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی (دارایی،ناوخۆ، تەندروستی، پەروەردە) بکات و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات، گەر دۆخەکەیان پێ چارەسەر ناکرێت با متمانەیان لێو ەربگیرێتەوە، داواش دەکەن پەرلەمان ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ئەگەر نا ئەو پەرلەمانە زیادەیە و لە ئاست كێشەكانی هاووڵاتییانی هەرێمدا نییە.