مەلا بەختیار: ترسی ئەوەم هەیە ئەم کەمە ئازادیی و دیموکراسیەی کوردستان نەمێنێت

کوردستان 26/11/2020



ئێوارەی ئەمڕۆ 26/11/2020 لەناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بە ئامادەبوونی مەلا بەختیار، پلاتفۆرمی دابڕان و رێکخراوی هایما بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، لەسەر بنەمای کاری پێکەوەیی و هاوئامانجی لەخەباتی رووناکبیریی و پەروەردەیدا، لێکتێگەیشتنێکیان ئیمزا کرد.
لە وتەیەکیشدا مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری گشتی پلاتفۆڕمی دابڕان، رونیکردەوە کە بەم لێکتێگەیشتنە، پلاتفۆرمی دابران، ئێستا لەگەڵ 23 رێکخراوی ئێنجی ئۆدا، لێکتێگەیشنی بۆ کارو پرۆژەی هاوبەش هەیە و وتی:  هەر رێکخراوێک بەسەربەخۆییەکی رەها دێیت، بەسەربەخۆییەکی رەها خەبات و کارو چالاکی خۆی دەکات و بەسەربەخۆییەکی رەهاش لە ژێر چەتری لێکتێگەیشتنی دابڕان دەمێنێتەوەو رایگەیاند: ئامانجی ستراتیجی دابڕان ئەوەیە، بزوتنەوەی مەدەنی لەکوردستاندا کە سەرەتایەتی، هێشتا کاڵوکرچە نەبووە بە بزوتنەوەیەکی مەدەنی، کە لەناو ئەو بزوتەوەیەدا رایگشتی دروستببێت.
رایگشتیش بەمانای ئەوەی کە سەربەخۆ بێت لەبۆچونە ستراتیجییەکانی، لە خەباتە رێکخراوەییەکەی، لەسیاسەت و چالاکییەکانی و سەرەنجام، رایەکی گشتی مەدەنی ئەوتۆ دروست بێت، کە دەسەڵات نەتوانێ فەرامۆشی بکات.
ئاماژەشی بەوەدا کە هەتا ئێستا ئەو بزوتنەوە مەدەنییە رایگشتی خوڵقێنەرە لەکوردستاندا نییە. بە بەڵگەی ئەوەی نەک هەر دەسەڵات، بەڵکو حزبیش دەتوانێ تەحەکومی پێوە بکات، واتا هەرکاتێک دەسەڵات لەهەر ئاستێکدا بێت، بەبێ هۆی یاسای بتوانێت دەرگای رێکخراوێک دابخات و ببێتە بەربەست لەبەردەم خەباتی مەدەنی، مانای ئەوەیە هێشتا رایگشتی دروست نەبووە.
رونیشیکردەوە، رایگشتی بەمانای زۆرینەیەکی هۆشیار کە دەسەڵات ناتوانێ بەبێ پاساوێکی یاسایی، سەربەستییەکانی پێشێل بکات. بەڵام بەداخێکی زۆرەوە هێشتا ئەو رایگشتییە لەلای ئێمە دروست نەبووە و وتی: هەتا رایگشتی دروست نەبێت لە خەباتی مەدەنی و هۆشیاری رۆشنگەری، دڵنیابن سەدان رێکخراوی وەکو ئێوە چەند چالاکبن ناتوانن لە چارەنوسی خۆتان دڵنیابن.
وتیشی: خەمی ئێمەو مانانیش کە دانیشتوین لەگەڵتاندا، تەنها ئەوە نییە چەند رێکخراو پێکەوە کاردەکەین، بەڵکە خەمی سەرەکی و پەژارەمان ئەوەیە ترسی گەورەم هەیە لە سەر دیموکراسی لە کوردستاندا، ترسم لەسەر ئازادییەکان هەیە، ترسم هەیە هەلومەرجێکی وەها بێتە پێشەوە، ئەم رادە ئازادییەی هەیەو ئەم پێشەکەوتنە کەمەی لەدیموکراسی هەیە لەکوردستاندا، ئەوەش نەمێنێت. چونکە هەرکات دەسەڵات لەخۆی بترسێت، هەمووشتێک بەرامبەر ئەم رێکخراوانە دەکات.
لەبارەی دیموکراسیشەوە، مەلا بەختیار، رونیکردەوە، کە دیموکراسی چەمکێکی سیستەماتیکی پێکەوە بەستراوی چەندین چەمکی ترەو ناتوانی بەتەنها لەهەڵبژاردنێکی چوار ساڵ جارێکدا قەتیسی بکەیت. کەواتە نە دیموکراسی بەمانای چوارساڵ جارێک هەڵبژاردنەو نە سیستەمی حوکمڕانیش بەمانای خزمەتگوزارییە گشتییەکانە، بەڵکو ئەمانە ئەرکە سەرەتاییەکانی حکومەتەکانن.
راشیگەیاند: هەموو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیەکان بەئاراستەی دیموکراسی، خەباتی مەدەنی بەدیهێناوە.
دیموکراسیش جمکە، دیموکراسی وەکو سیستەم و وەکو بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی- مەدەنییەت.
لەکۆتایی وتەکەشیدا مەلا بەختیار، لێکتێگەیشتنەکەی بە گرێبەستی مەدەنی و خەباتی مەدەنیشی بەخەباتێکی پیرۆز ناوبرد.