بژاردەكەی حكومەتی هەرێم بۆ مووچەخۆران چی دەبێت ؟

ئابوری 26/11/2020

چاودێر
مانگی 11 لەكۆتایی نزیك بۆتەوە و هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم، مووچەی مانگەكانی (4 و 5 و 6 و 7 و 8 و 10 و 11) یان وەرنەگرتووە و دیاریش نییە كەى دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت، لەنوێترین لێدوانيشدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، رایگەیاند، ئەگەر بەغدا 320 ملیار دینارەكە نەنێرێت، بژاردەی خۆمان دەبێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (چاودێر)، كەوتوون، بەهۆی تەواو نەبوونی دابەشكردنی مووچەی مانگی 11 لەبەغدا، هێشتا بڕیار لەبارەی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم، لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی ناوەندەوە، بۆ هەرێم نەدراوە.
لەزانیارییەكاندا، ئاماژە بەوەشكراوە: هەتاكو وەفدی هەرێم و ناوەند لەسەر كێشە دارایی و ئابوورییەكان و وردەكاريیەكانی ناو بودجەی 2021ی عێراق رێك نەكەون، ئەو پارەیە نانێردرێت، هەرچەندە لەلایەن شیعەكان و ئەمریكاوە، فشار لەسەر مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەیە، بۆ ناردن و نەناردنی ئەو پارەیە.
دوای لێدوانێكی جووتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم، لەبارەی ئەوەی كە ئاشكرایكرد: گەشبینین لەچەند رۆژی داهاتوودا بەغدا 320 ملیار دینارەكە بنێرێت و ئەگەر ئەو پارەیە نەهات بۆ دابەشكردنی مووچە، ئێمە بژارەی خۆمان دەبێت، بەپێی بەدواداچوون و زانیارییەكان، بەو پارەیەی كە لەداهاتی نەوت و ناوخۆ لەبەردەستی حكومەتی هەرێمە، دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی مووچەخۆرانی هەرێم لەمانگی 12 دەستپێدەكات.
بۆ دابەشكردنی مووچە ئەگەرێكی زۆر هەیە، رێژەی لێبڕین بۆ سەرووی لە21% بەرز ببێتەوە، ئەمەش هێندەی تر باری سەر شانی مووچەخۆران گرانتر دەكات، لەدوای وەرنەگرتنی مووچە بۆ ماوەی زیاتر لە 40 رۆژ.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، تەنیا یەك مووچە بەبێ لێبڕین و دوو مووچە بەلێبڕینی رێژەی لە21% و مووچەیەكی تریش بەلێبڕینی لە18% دابەشكراوە و حكومەتی هەرێم مووچەی مانگەكانی (4 و 5 و 6 و 7 و 8 )ی پاشەكەوت كردووە. 
لەكۆبوونەوەی 12/11/2020ی پارلەمانی عێراقدا، لایەنە شیعە و سوننەكان بێ كورد، پڕۆژە یاسای كورتهێنانی دارایی 2020یان پەسەندكرد، كە بە یاسای قەرز ناسراوە و ناردنی پارەش لەو قەرزە بۆ هەرێمی كوردستان مەرجدار كراوە.