مەلا بەختیار و یەكێتی

کوردستان 25/11/2020

مامۆستا جەعفەر
ھەر كەسێك بیرەوەریەكانم ( بەخەونی گەورەوە كەوتینە رێ ) بە وردی بخوێنێتەوە ، دەزانێت من بە درێژایی نیوسەدەی رابوردوو، زۆرترین رەخنەم لە مەلا بەختیار  گرتووە. زۆر جار پەیوەندی نێوانمان گەیشتۆتە مریشكە رەشە!

- من بەشێكی گفتوگۆكەی مەلا بەختیار لەگەڵ رەنج بە ناپێویست دەزانم. بۆ نمونە: باسی 120كەسی سەركردایەتی چ پەیوەندیەكی بە كتێبەكەیەوە نەبوو . لە خۆڕایی بەرەیەكی دژی بۆ خۆی قوتكردەوە!

- ساڵی 1985 مەلا و شێخ عەلی و مامۆستا پشكۆ لەسەر جیاوازی بیروباوەڕ بۆ ماوەی چوار ساڵ زیندانی كران. من ھەرچەند وەكو ئەوان بیرمنەدەكردەوە، بەڵام تاسەر ئێسك گرتنی ئەم ھەڤاڵانەم پێ ناخۆش بوو.لەسەرانسەری ئۆروپا بزاڤێكی ناڕەزایی دەربڕینمان دروست كرد. پێم ھەڵە بوو دوو ھاوسەنگەر، یەكتری زیندانی بكەن یان یەكتری بكوژن!

- بیستم سەركردایەتی مەلایان لە سەر بڵاوكردنەوەی كتێبی(لە بری بیرەوەری) بۆ ماوەی سێ مانگ« تجمید» كردووە! من سەرەتا بڕوام نەكرد،  120سەركردە لەسەر كتێبێك، یەكێك لە سەركردە دێرینەكانی ی.ن.ك سزا بدات.گوایە رەخنە لە مام جەلال گیراوە!
سەیر ئەوەیە:
- زۆربەی رۆشنبیرانی كورد رەخنەی ئەوە لە مەلا بەختیار دەگرن:كتێبەكەی لە گۆشەنیگای ئایدیۆلۆژیای جەلالیزمەوە نووسراوە !
- مەلا ھەوڵیداوە داكۆكی لەسیاسەتی ی.ن.ك بكات وھیچ رەخنە یەكی بونیەوی لە سیاسەتەكانی یەكێتی نەگرتووە. ھەر ھەڵە و تاوانێك ئەنجامدرابێت ئەو دەستۆی خەڵكی دەرەوەی یەكێتی ھاویشتووە!
- لەبری سیاسەتی« تجمید » باشتر نەبوو ئەو  105 ئەندامەی سەركردایەتی ، چوار دێڕی كتێبەكەیان بخوێندایەتەوە و ئینجا «بیانگە» لەنووسەری كتێبەكە بگرن. من دڵنیام زۆربەی ئەو ئەندامانە ھێشتا كتێبەكەیان نەخوێندۆتەوە! رەنگە زۆربەیان تەنیا گفتوگۆكەی رەنج سەنگاوییان بینیبێت! ھەندێ بڕگەی گفتوگۆكە برینداری كردبن..
- من نە داكۆكی لە مەلا و نە لە كتێبەكەی دەكەم . بەڵام زۆرم پێ ناخۆشە سەركردایەتی لە سەر برسێتی خەڵك، بێ مووچەیی ، نائومێدی و بڕوا نەمان بە سەرجەم سیاسەتەكانی ئەمڕۆ كۆبوونەوە نەكات. بەڵام لەسەر كتێبێك كە كەم كەسیان كاتی ئەوەیان ھەبووە چوار دێڕی لێ بخوێننەوە، بڕیاری ھەڵپەساردن دەربكەن.