مەلا بەختیار: چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی باڵای سیاسی دەكەم، ئەوكاتە هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم!

کوردستان 25/11/2020




ئەمڕۆ 25/11/2020 ژمارەیەك لەهونەرمەندانی شێوەكار، سەردانی سیاسەتمەدارو رۆشنگەر، مەلا بەختیار دەكەن و رایدەگەیەنن: هەروەك چۆن هەمیشە بەڕێزتان پشتیوانی هونەرمەندانن، ئێمەش ئەمڕۆ بەم سەردانە و هەڵوێستەمان، پشتیوانی خۆمان بۆ جەنابتان ‌و نیگەرانی خۆشمان لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی دەرهەق بە بەڕێزتان دەركراوە، رادەگەیەنین.
لەلایەن خۆیشییەوە مەلا بەختیار، سوپاسی سەردان‌و هەڵوێستەكەی كردن ‌و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە سەردانەكەیان مانای خۆی هەیە‌و وتی: بەڵام من نامەوێ‌ بەهیچ جۆرێك بچمە ناو ئەو بابەتەوە، ئەویش لەبەرئەوەی چاوەڕێ‌ دەكەم بزانن ئەنجومەنی باڵا سیاسی لەسەر ئەم بڕیارە، كە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتییە ‌و پێشلێكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتییە، كە جەنابی كاك كۆسرەت سەرۆكێتی، بزانم چ هەڵوێستێكیان دەبێـت، ئەوكاتە لەبەر رۆشنایی هەڵوێستی ئەنجومەكە، منیش هەڵوێستی خۆم رادەگەیەنم. هەر قسەیەکیش بەناوی منەوە کرابێ، هەڵبەستراوە. بۆیە ئێستا قسەی من، قسەی تر دەبێت لەگەڵ ئێوە، نەك قسەی ئەوەی كە كەوتومەتە تەنگژەوە، چونكە چركەیەك لەهەستما، لەهەڵوێستما، لەمێژوومدا، لەئێستاو لەئاییندەمشدا، بۆ چركەیەك ئەم بڕیارە كاریگەری لەسەرم نەبووە. منیش هەروام لەناوتاندام، لەناو مێژوو و لەناو میللەتەكەمدام، ئێستاش كەهەم و لەئاییندەشدا ئەگەر قەدەرێك نەیاتە پێشەوە، ئەوا هەر لەناو هاوكێشەكاندام و كاراكتەرێكم لەو كارەكتەرانەی كە كاریگەریم هەیەو كاریگەریشم لەسەر دەبێ‌.
راشیگەیاند: دەمەوێ‌ قسە لەسەر بارودۆخەكە بكەین و ئەوەش بۆ ئێوە گرنگە، بۆ چارەنوس‌و ئەزمونەكە گرنگە، ئەو قەیرانانەی رووبەڕوی حكومەت و خەڵك بۆتەوە گرنگی ئێستایە، لەبەر ئەوەی كاریگەری ئەو قەیرانە لەسەر هەموو هاووڵاتیەكی كوردستان و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش هەیە، كە قەیرانەكە هەمووان پێكەوە دەهاڕێ‌.
رونیشیكردەوە، راستە دەسەڵات، حکومەت كەوتۆتە تەنگژەوە‌و هەوڵدەدەن و بڕیاردەن، بەڵام لەسیاسەتدا ئەنجام گرنگە. ئەنجامی هەموو ئەو هەوڵانەشی هەتا ئێستا دراوە: یەكەم، ئەوەیە تائێستا یەك مانگ بەمسۆگەری موچەی خەڵك دابینناكرێت ‌و هەموو ئەو قەرزەی حكومەتیش هەیەتی، كەمنابێتەوە. دووەم: كەوابێ‌ لەکەیەوە قەرز كە كراوە بەهەر هۆكارێك بێت، كە هۆیە سەرەكییەكەی بودجەو موچەیەو هۆی تریشی لەپاڵدا هەیە‌و بارێكی ئێجگار قورسیشە لەسەر ئەم حكومەتە. كە كۆی كێشەكانی حكومەتەكانی پێشووی هەرێم، ئەم دۆخە ئابورییە، ئەم ژێرخانە لاوازەی لەكوردستاندا دروستكردووە. لەكاتێكدا دەبوایە ئێستا نزیك بكەوتینایەتەوە لەسەنگافورە، كە یەكێكە لەجوانترین نمونەكانی پێشكەوتووی دنیا، بەپێچەوانەوە هاوشانی فەنزیلا دەڕۆین كە یەكێكە لەنابوترین حكومەتەكانی دنیا! زۆر بەداخەوە.
لەبەشێكی تری دیدارەكدا، پێشكەوتنی ئەو وڵاتانەو گەیشتنیان بەئاستی نمونەیی، بۆ بوونی سەركردە گێڕایەوە، كە بە سەری كردە پێناسەی كرد، كە سەرێك توانای كردەیی هەبێت‌و رونیكردەوە، ئەم قەیرانەی كوردستانیش، بابەتییەو ناكرێ‌ بە كاردانەوەی نابابەتی‌و بەڕق قسەی لەسەر بكرێت و تەئكیدیشی كردەوە، بەشێكی سەرەكی لەدۆخی ئێستای عیراق بۆ گەندەڵی دەگەڕێتەوەو وتی: هەر وڵاتێك ئافاتی گەندەڵی و دزی رووی تێكرد، مەحاڵە ئەو وڵاتە گەشە بكات، وەربچەڕخێ‌، خەڵكەكەی رازی بێت، مەحاڵیشە جیاوازی چینایەتی زۆر نەبێت، چەوساندنەوە و كوشتن و بڕینیش نەبێت‌و رایگەیاند: ئەم تاڵانی و گەندەڵەییە لەكوردستاندا چارەسەر نەكرێت، ئەو باندانەی كە هەن و ئەوانەی فێریبون، بەدڵناییەوە پاشەڕۆژ بۆیان بلوێت كاتێك مەترسی  بۆ سەر بەرژەوەندییەكانیان دروستدەبێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەكەوێتە ئاستی تاوانی گەورە گەورە‌و گومانیشم لەم بۆچونەی خۆم نییە. چونكە ئەزمونەكانی دنیا وامانپێدەڵێن.
پاشئەوەی ئەم دۆخە كاریگەرییەكانیشی رونكردەوە، تەئكیدیی كردەوە: هەرسێ‌ دەسەڵاتی حكومی و حزبایەتی و گەندەڵی قۆرخی هەموو جومگەكانیان كردووە، بۆیە هەتا هەژمونی ئەم سێ‌ دەسەڵاتە بەردەوامبێ‌ لەكوردستاندا، ئەوەی پێدەوترێت بزوتنەوەی مەدەنی، داهێنانی مەدەنی و سەربەستی مەدەنی، لەكوردستاندا ناتوانێ‌ بەئاسایی و ئارامی كاری خۆی بكات، چونكە هونەر بەنمونە تەنها لەژینگەی مەدەنیدا دەتوانێ‌ ببێت بەخاوەن سەربەستی و چالاكی و بزوتنەوەی سەربەخۆی خۆی، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، ئەوا ئێوەی هونەرمەندان لەوانەن كە هەمیشە زەرەتان پێدەگات. بەڵام بەپێچەوانەوە هەركاتێ‌ فشاری مەدەنی دروست ببێت، نەك ئاژاوەو روخاندن‌، ئەوا ئێوە وەك هونەرمەند قازانجتانەو ئەوكاتە دەتوانن سەربەستانە هونەرمەندان، نوسەران و رووناكبیران‌و سەرجەم چین‌و توێژەكانی تریش، داوای مافەكانی خۆی بكات.
جەختیشیكردەوە، هەمیشە هونەرمەندان، رووناكبیران‌و نوسەران، بەهەڵوێستەوە لەكاتی ناخۆشی و قەیرانەكاندا دەبێتە هونەرمەند و نوسەرو رووناكبیر‌و دەبێت قاڵبوی ژان و ئازارەكان بێت. هەروەك جوانترین قۆناغی مێژووی هونەرمەندانی كوردستان، قۆناغە سەختەكان بووە، ئێستاش تاموچێژی كارە هونەرییەكان، شانۆ و تابلۆكانی بەرەمز لەسەردەمی بەعسدا، چێژی خۆی لەدەستنەداوە. بۆیە ئێوە‌ومانانیش دەبێت هەروەك مێژووی قۆناغە سەختەكان، خاوەن هەڵوێستە جوانەكانی خۆتانبن‌و باوەڕیشموایە هونەر دەتوانێ‌ جارێكی تر، قۆناغێكی گەش تۆمار بكات. لەبەرئەوەی ئێوە بەشێكن لەژان ‌و هەڵوێستی گشتی خەڵك، بەتایبەت لەوەی نەهێڵن دیموكراسی بۆ دواوە بگەڕێتەوە. بۆیە خۆشحاڵم‌و سەردانەكەشتان، بەجوانترین هەڵوێست دەزانم. ئەمەش بۆ كەسی خۆم نییە بەتەنها، بەڵكە بۆچونەکان و هەڵوێستەکان لەپێناو برەوپێدانی مەدەنییەتەو بۆ دادپەروەرییە.