توركیا فشارەكانی بۆ سەر هەسەدە توندتردەكاتەوە

ڕاپۆرت 24/11/2020

 چاودێر:

   فڕۆكە بێ فڕۆكەوانەكانی توركیا پێگەكانی رژێمی سوریا و هەسەدە لە گوندی كوبرلك لە خۆرئاوای شاری گرێسپی لە باكوری رەقە بۆردومان دەكەن. 

روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ ئاشكرایكرد، سوپای توركیا و گروپە چەكدارەكانی هاوپەیمانی بە تۆپی قورس ناوچەكەیان بۆردومان كردووە، بەبێ بوونی زانیاری لەبارەی زیانە گیانیەكانەوە و زانیاریش هەیە هێزەكانی رژێم فڕۆكەیەكیان خسووەتە خوارەوە.

لای خۆشیانەوە هێزەكانی هەسەدە لە دەروازەی شاری عەین عیسا تایەیان سوتاندووە بۆ رێگری لە فڕۆكە توركیەكان.

روانگەی سوری گوتی: لە 16ی نۆڤەمبەر دوو ئەندامی هەسەدە كوژراون بەهۆی بۆردومانیی توركیاوە لە گوندی سلیبی لە باكوری گرێسپی.

لەلایەكی دیكەوە هێزەكانی توركیا بۆردومانی باكوری رەقەیان كردووە و گوندی عریزەیان كردە ئامانج لە خۆرئاوای گرێسپی، بە بێ بوونی زانیاری لە بارەی زیانە گیانیەكانەوە.

روانگەی سوری لە زاری سەرچاوەیەكەوە لە باكوری رەقە بڵاویكردەوە پێش حەفتەیەك هێزەكانی توركیا دەستیانكردووە بە بنیاتنانی بنكەیەكی لەشكری لە گوندی تمامیح لە نزیك عەین عیسا لە دووری دوو كیلۆمەتر لە سەنتەری شارەكەوە كە لە ژێر دەستی هەسەدە و رژێمە، دەستیشیكردووە بە گواستنەوەی كەرەستەی لۆجستی و كەرەستەی بیناسازی بۆ بنكەكە.     

هاوكات لە شاری باب گروپی هەمزە باری نائاسایی راگەیاند دوای رفاندنی سەركردەیەكی گروپێكی سەر بە توركیا لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە.

لە هەمان شار ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تەقیەوە لە خۆرهەڵاتی حەلەب بەهۆیەوە كەسێك كوژرا و 13ی تر بریندار بوون.

روانگەی سوری گوتی: گروپی هەمزە باری نائاسایی لە شاری باب راگەیاندووە دوای رفاندنی سەركردەیەكی گروپێكی سەر بە توركیا لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە لە شارەكە، چەكدارەكانی هەمزە بازگەیان داناوە و لەناو شاردا دەسوڕێنەوە.

لەلایەكی دیكەوە رۆژی یەك شەممە ئەندامێكی گروپە چەكدارەكان لە ناوچەی زیادیەی عەفرین لە حەلەب خۆی و 3 منداڵی برینداربون بەهۆی تەقینەوەیەكەوە.

بەهۆی شەڕی نێوان چەكدارە كوردەكان و گروپە چەكدارە سوریەكانی سەر بە توركیا لە باكوری سوریا 12 چەكدار بەلای كەمەوە كوژراون  و لە ماوەی هەفتەكانی رابردوودا قورسترین شەڕبووە.

شەڕەكە لە ئێوارەی دوو شەممە لە نزیك شاری عەین عیسا رووی داوە بەهۆی هێرشی گروپە چەكدارە سورییەكان بۆ سەر پێگەكانی هەسەدە.

شەڕەكەدا 11 چەكداری گروپە سوریەكان كوژران و ژمارەیەكی دیكەش لە هەسەدە كوژراون و برینداربوون.

میرڤان قامیشلی گوتەبێژی هەسەدە گوتی: شەڕ روویداوە، هێزەكانمان هێرشی گروپەكانیان تێكشكاندووە كە توركیا پشتیوانیكردووە.