ئیدارەی ترەمپ هەنگاوەكانی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ بایدن ئاسانتر دەكات

جیهان 24/11/2020


راگەیێندراوەکەی ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی ئەمریکا رێگە لەبەردەم جۆ بایدن براوەی هەڵبژاردن خۆش دەکات دەست بە قۆناخی گواستنەوەی دەسەڵات بکات.
 
ئێمیڵی مێرفی، سەرۆکی ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە نامەکەیدا بۆ جۆ بایدن دەڵێت: "تکایە ئەوە بزانن من سەربەخۆیانە و دوای بەدواداچوونی یاسایی و راستییەکان گەیشتوومەتە ئەو بڕیارە، قەت راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گوشاری هیچ دامەزراوەیەکم لەسەر نەبووە، لە نێویاندا ئەو دامەزراوانەی سەر بە کۆشکی سپین."
 
تیمی بایدن پێشوازییان لە نامەکەی سەرۆکی ئیدارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کرد و دەڵێن: "بڕیارەکەی ئەمڕۆ هەنگاوێکی پێویستە بۆ چارەسەری ئاستەنگەکانی بەردەم گەلی ئەمریکا، لە نێویاندا کۆنتڕۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا و بووژاندنەوەی ئابووری."
 
راستەوخۆ دوای بڕیارەکە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا  لە توویتێکدا رایگەیاند: "کەیسەکەمان بەهێزەوە بەردەوامە و بەردەوامیش دەبین لە هەوڵەکانمان و سەرکەوتووش دەبین لە پێناو بەرژەوەندیی وڵاتدا، ئێمیڵی و تیمەکەی هەنگاوی پێویستی سەرەتاییان هەڵگرتووە، منیش هەمان شتم بە تیمەکەی خۆم گوتووە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا داوای لە ئیمیلی مێرفی، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری گشتیی ئیدارەی سەرۆکایەتی کردووە کە هەموو کارێکی پێویست بکەن بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات.
 
ئەوە دەبێتە یەکەم هەڵوێستی ترەمپ لەبارەی گواستنەوەی دەسەڵات، چونکە پێشتر چەند جارێک رایگەیاندبوو کە لە ئەگەری رازی نەبوون بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، دەسەڵاتەکانی رادەست ناکات.