ئیسپانیا و ئەڵمانیا وادەی كوتان لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگەیەنن

ڕاپۆرت 23/11/2020



ئا/ رەمەزان شێخانی
هەر یەك لە ئەڵمانیاو ئیسپانیا پرۆگرامی كوتان لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاودەكەنەوە كە دەبنە یەكەمین دوو وڵات وادەی كوتان لەدژی كۆڤید 19 بڵاودەكەنەوە
ینس سپان وەزیر تەندروستی ئەڵمانیا بڵاویكردەوە پێدەچێت لەمانگی داهاتوو پرۆگرامی كوتان لەدژی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستپێبكەن.
سپان ئاشكرای كردوە ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیمانە لەم ساڵدا ئەوروپا رەزامەندی لەسەر ڤاكسینەكە نیشاندەدات و ئێمەش راستەوخۆ دەست بەهەڵمەتی كوتان دەكەین.
سپان روونیشیكردوەتەوە داوایان لە ئەڵمانی فیدراڵ كردوە كە ناوەندەكانی كوتان تا ناوەراستی مانگی داهاتوو ئامادەبكەن چونكە لە ئێستادا وڵاتەكەی 300 ملیۆن ڤاكسینی دەستكەوتوەو گرێبەستی لەگەڵ كۆمسیۆنی ئەوروپا كردوە.
لای خۆشیەوە حكومەتی ئیسپانیا بڵاویكردەوە لە مانگی كانونی دووەمی داهاتوو هەڵمەتی كوتان لەدژی كۆرۆنا دەستپێدەكەن. 
پیدرۆ سانچیت سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا بڵاویكردەوە مەدرید لە مانگی كانونی دووەم هەڵمەتێكی سەرتاسەری كوتان لەدژی كۆرۆنا دەستپێ دەكات و هەڵمەتەكە 6 مانگ دەخایەنێت
روونیشیكردەوە ئەڵمانیا و ئیسپانیا یەكەمین دوو وڵاتی ئەوروپان پلانی كۆتان لەدژی پەتای كۆرۆنا ئەنجامدەن.
سانچیت رایگەیاند هەڵمەتەكە مانگی یەك دەستپێدەكات و 13 هەزار خاڵی كوتان دیاری كراوە بۆ ئەو مەبەستە و بەشێكی زۆری دانیشتوان لە 3 مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو كوتانیان بۆ دەكرێت.
راشیگەیاند رۆژی سێشەممە پلانەكە پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت 
باسی لەوەشكرد هەرچەندە چەند مانگێكی سەختمان لەبەردەمدایە بەڵام نەخشە رێگەمان دیاری كردوە.
سەرچاوە/ سكای نیوز